مەسەدە ڕەشنوسی دەستوری سوریای ڕەتکردەوە

KNN : Kurdish News Network
11:46 - 14/03/2025
کوردستان
+
-

مەسەدە ڕایگەیاند، ڕەشنوسی دەستوری سوریا پاوانخوازی بەرهەمدەهێنێتەوە و ئەوان بە تەواوەتی ڕەتیدەکەنەوە و داوای دوبارە نوسینەوەی دەکەن. 

 

هەواڵ:KNNC

ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی - مەسەدە، لەسەر ڕەشنوسی دەستوری سوریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕەتکردنەوەی تەواوەتیان بۆ ئەو ڕاگەیاندنە دەستورییە ڕادەگەیەنین کە لەلایەن حکومەتی کاتییەوە پێشکەشکراوە.

ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هەر شتیک ڕەتدەکەنەوە کە بە پشتبەستن بە "کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی" دەکرابێت، چونکە نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و قەوارە سیاسییەکان تیایدا دادپەروەرانە نەبوە.

مەسەدە ڕاشیگەیاندوە، ئەم ڕەشنووسە پاوانخوازی لە فۆرمێکی نوێدا بەرهەم دەهێنێتەوە، دەسەڵاتی ناوەندی دەچەسپێنێت و دەسەڵاتی ڕەها دەدات بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، لە هەمان کاتدا چالاکیی سیاسی بەرتەسک دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هەر هەوڵێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دیکتاتۆرییەت لەژێر پەردەی "قۆناغی ڕاگوزەردا"دا ڕەتدەکەنەوە، و دووپاتی دەکەینەوە کە هەر بەیاننامەیەکی دەستووری دەبێت بەرهەمی کۆدەنگیی نیشتمانیی ڕاستەقینە بێت نەک پڕۆژەیەکی سەپێنراوی تاکلایەنە.

ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی داوای دووبارە داڕشتنەوەی ڕەشنوسەکەی کردوە بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات، گەرەنتیکردنی ئازادیی کردەی سیاسی، داننان بە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سوریا و پەسەندکردنی دیموکراسی، سیستەمی لامەرکەزی حکومەت.

155 جار خوێندراوەتەوە