لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست...هەولێر بە 11ـهەمین شار دادەنرێت لە روی پیسی هەواوە

KNN : Kurdish News Network
01:48 - 14/03/2025
کوردستان
+
-

گۆڕانکارییەکانی ئاو وھەوا بە گەورەترین کێشە و گرفت ئەژماردەکرێت روبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە و ڕۆژانە لێکەوتەکانی بەدیار دەکەوێت وەک گەرمبوونی گۆی زەوی، ئاگری دارستانەکان، توانەوەی بەستەڵەکەکان، بەبیابانبوون و وشکەساڵی توند، کەمی ئاو و پیسبوونی ژینگە، تا ئێستا چەندجارێک کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی لەمبارەیەوە ئەنجامدراوە و وڵاتان پلانی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان دادەڕێژن.

 

راپۆرت:KNNC

 

عێراق یەکێک لەو پێنج وڵاتانەیە کە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی ئاو و هەوای لەسەرە و لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن هەوا و ژینگەیەکی پیسە و ڕۆژانە بڕیار و ڕێنماییەکان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دەردەچن، بەپێی ڕاپۆڕتە نێودەوڵەتییەکانیش هەولێر بە 11ـهەمین شار هەژمار دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی پیسی هەواوە.

 

 

دکتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد شارەزا لە بواری وزەی نوێبوەوە و مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، لەبارەی پسیبوونی هەواوە دەڵێت: "بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لە زانکۆکان کراوە هەواکەمان پیسە و ئەو ماددە زیانبەخشانەی کە لە هەوای هەرێمی کوردستان و بە تایبەت هەولێر هەیە، ئاماژەی مەترسیدارن و داهاتوویەکی خراپتر چاوەڕێمان دەکات ئەگەر کاری لەسەر نەکرێت و هەوڵی کەمکردنەەوەی نەدرێت".

 

دەشڵێت: سەرچاوەکان بەکارهێنانی سووتەمەنییەکانن ئەوانەی کاربۆن و دووەم ئۆکیسدی کاربۆن لە هەوادا بڵاودەکەنەوە لەگەڵ کۆمەڵێک مەوادی دیکەی کیمایی ئەوانە ئاماژەن کە لە ژینگەیەکی خراپداین و کەشوهەواکەمان خراپ بووە و ئەگەر لێیگەڕێن کارەسات و مەترسی گەورەتر لەئارادایە، چونکە ئەو ستانداردەی کە بۆ پێوانەی هەوای پاک دیارییکراوە، هەوای هەرێمی کوردستان زۆر لەو پلەیە تێپەڕیووە و ئاستەکەی چەند هێندەی ڕێپێدراوەکانە کە لە ستانداردە جیهانییەکاندا هەیە، بێگومان ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر داهاتوی هه‌رێم.

 

لەبارەی هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ژینگە لە هەرێم، دکتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد وتی: هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی زۆری سوتەمەنییە و ژمارەی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەمان زۆرە جگە لە کارگەکان کە زۆربەی ڕێکارە زانستیی و پابەندییەکانییان نیە بۆ بەکارهێنانی فلتەر وسوتەمەنی پاک، ئەوانە وایکردوە کە بە خێرایی هەواکەمان لە هەموو بابەتەکانی وەک زەوی و ئاو زیاتر پیس ببێت، ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانى مرۆڤ و زیندەوەرەکان هەیە، ئەمە وا دەکات ڕەنگە ببێتە هۆی نەخۆشی و ڕێژەی نە خۆشییە نوێیەکان زیاد بکات، هەروەها منداڵی کەمئەندام و ئەوانەی کێشە لە مێشکیان هەیە بەردەوام لە زیادبوونە و ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە".

دکتۆر سەنعان عەبدوڵڵا، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا 15 رێنماییان دەرکردوە لەسەر پاراستن و چاککردنی ژینگە، لە ماوەکانی ڕابردو هەوڵەکانی حکووەت چڕکراوەتەوە لەسەر باشکردنی کوالێتی هەوا و لەم چوارچێوەیەشدا ڕێکاری یاسایی گیراوەتەبەر ئەو کۆمپانیایانەی کە کەمتەرخەم بوونە و پابەند نین.

 

لە چەند مانگی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم هەوڵێکی دەستپێکرد بۆ پاکڕاگرتنی هەوا و ژینگەی هەرێم بە تایبەت هەولێر و بۆ ئەم مەبەستە 59 پاڵاوگە داخران و لە پارێزگای دهۆکیش سەرجەم پاڵاوگەکان داخران و دوبارە پێویستە مامەڵەی دەستبەکارکردنەوە پێشکەش بکەن و ڕێنماییە ژینگەیی و تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

هه‌روه‌ها لەسەر ئاستی ھەرێمدا حەوت هه‌زار و 354 مۆلیده‌ی ئه‌هلی هه‌یه‌ كه‌ زۆرترین مۆلیده‌ی ئەھلی كه‌وتوه‌ته‌ پارێزگای ھەولێر كه‌ کە ژمارەیان سێ هەزار و 776 موەلیدەیە، هاوكات له‌ پارێزگای سلێمانی ھەزار و 759 موەلیدە و لە پارێزگای دھۆکیش ھەزار و 819 موەلیدە ھەیە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پڕۆژه‌ی ڕووناكی له‌ ٢١ گه‌ڕه‌كی پارێزگای هه‌ولێر و ١١ گه‌ڕه‌كی پارێزگای سلێمانی ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر نزیكه‌ی ٤٥٠ مۆلیده‌ی كاره‌بایی كوژاونه‌ته‌وه‌.

123 جار خوێندراوەتەوە