ئەمڕۆ لوتکەی عەرەبی لە میسر بەڕێوەدەچێت... پلانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە پەسەند دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
09:23 - 04/03/2025
جیهان
+
-

بڕیارە ئەمڕۆ لوتکەی عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەبچێت و پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە پەسەند دەکرێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردوەتەوە، لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا رەشنوسی بەیاننامەی لوتکەی عەرەبی، پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە وەک پلانێکی هەمەلایەنەی عەرەبی پەسەند دەکرێت.

لە ڕەشنوسی بەیاننامەکەدا هاتوە، ئەو پلانە پەسەند دەکرێت کە میسر پێشکەشی کردوە بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی بە پشتبەستن بەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن بانکی جیهان و سندوقی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە ئەنجامدراون سەبارەت بە بوژانەوەی پێشوەختە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە.

 

ئەوەش هاتوە، هۆشداری دراوە لە هەر هەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی گەلی فەلەستین، یان هەوڵدان بۆ لکاندنی هەر بەشێک لە خاکی فەڵەستین بە وڵاتێکی دیکەوە.

 

لوتکەی عەرەبی، داوای کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە دەکات، داواش لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات هێزی ئاشتی پارێزی نێودەوڵەتی جێگیربکات بۆئەوەی بەشداری بکات لە چەسپاندنی ئاسایش بۆ گەلی فەڵەستین و کەرتی غەززە.

73 جار خوێندراوەتەوە