لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى سلێمانى چیرۆکێکى
سەیر رویداوە، ژمێریارێک هەمو کۆتایی هەفتەیەک داهاتى بەڕێوەبەرایەتییەکەى بردوە و
لە وڵاتى ئوردن کاسپى پێوە کردوە و دواتر لەکاتى کردنەوەى دەوامدا پارەکەى
داناوەتەوە، ئێستا لەو وڵاتە بە تۆمەتى سپیکردنەوەى پارە دەستگیر کراوە و هەرێمى
کوردستانیش داوا دەکات رادەستى بکەنەوە بەمەستى سزادان و رادەستکردنى بە یاسا.
بەدواداچون:KNNC
بڕیار نامیق، پەیامنێرى کەى ئێن ئێن لە زارى
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى سلێمانى وەک یەکەم میدیا زانیاریی لەبارەى
ئەم دۆسیەیە بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ ماوەى چەند رۆژێک بوە کارمەندێکى
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى سلێمانى کە کارى ژمێریاریی کردوە نەچوەتە سەر کارەکەى،
دواى بەدواداچونیش دەرکەوتوە کە ئەو کارمەندە لە ئوردن دەستگیر کراوە و تۆمەتەکەشى
سپیکردنەوەى پارەیە.
چیرۆکەکە لەدواى دەستگیرکردنى ئەم کارمەندەوە
ئاشکرا بوە، ئەم ژمێریارە بە ناوى (ش،ج) یەکێک بوە لە 27 ژمێریارەکەى هاتوچۆى
سلێمانى، خاوەنى قاسەیەکى تایبەتى خۆى بوە کە بڕى 150 ملیۆن دینار (100) هەزار
دۆلارى تێدا بوە، هەمو رۆژانى پێنجشەممەیەک واتا کۆتایی هەفتە ئەم پارەیەى لەگەڵ
خۆى بردوە و چوەتە وڵاتى ئوردن و بە دۆلارى 132 هەزارى گۆڕیویەتییەوە و بۆ هەر 100
دۆلارێک نزیکەى 18 هەزار دینار قازانجى کردوە.
پەیامێرى کەى ئێن ئێن ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە
ئەم تۆمەتبارە ئاڵوگۆڕى ئەم پارەیەى لەڕێی ئەو کارتانەوە کردوە کە لە هاوڕێ و خزم
و کەسە نزیکەکانییەوە بە کرێ وەریگرتون و زیاتر لە 15 کارت بون و ئاڵوگۆڕى پارەیان
پێوە کردون.
ئەوەى خستەڕو کە هەمو سەردانێکى ئەم
تۆمەتبارە بۆ ئوردن زیاتر لە 9 هەزار دۆلار قازانجى کردوە و دواى گەڕانەوەى بۆسەر
کارەکەى لە رۆژانى یەکشەممە، بڕى 150 ملیۆن دینارەکەى هاتوچۆى سلێمانى لەشوێنى خۆى
داناوەتەوە بێ ئەوەى کەس هەستى پێبکات.
لە پێنجشەممەى رابردو، بەهۆى ئەوەى زیاتر لە
15 کارتى بانکیی پێبوە، ئەم کارمەندە لە کۆتا گەشتیدا لە ئوردن دەستگیر کراوە، تا
رۆژى یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى سلێمانى نەیزانیوە کە ئەم روداوە رویداوە،
کاتێک بەدواداچونیان بۆ نەچونەسەر کارەکەى کردوە بۆیان دەرکەوتوە کە قاسەکەى هیچ
پارەیەکى تێدا نییە و دواتر دەرکەوتوە لە ئوردن دەستگیر کراوە و سزاکەشى لەوێ
سپیکردنەوەى پارەیە.
لە ئێستادا بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى سلێمانى
تەواوى ئەو پارانەى راگرتوە کە لەناو کارتەکاندان و داهاتى
بەڕێوەبەرایەتییەکەن، داواش کراوە
بەشێوەیەکى فەرمیی ئەو تۆمەتبارە رادەستى هەرێمى کوردستان بکرێتەوە تا روبەڕوى
یاسا بکرێتەوە و سزا بدرێت.
1755 جار خوێندراوەتەوە