حکومەتی نوێی سوریا: بەڵێن دەدەین چەکە کیمیاییەکانمان لەناو بەرین

KNN : Kurdish News Network
10:56 - 05/03/2025
جیهان
+
-


ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە دادگای لاهای لە هۆڵندا، وەزیری دەرەوەی ئیدارەی نوێی سوریا، بەڵێنی لەناوبردنی کۆگاکانی چەکی کیمیایی دا کە هی سەردەمی سەرۆکی پێشوی سوریان.

هەواڵ:KNNC

ئەسعەد حەسەن شەیبانی,  وەزیری دەرەوەی سوریا لە لاهای ڕایگەیاند؛ بەرنامەی چەکی کیمیاوی ڕژێمی ئەسەد نوێنەرایەتی یەکێک لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژوی سوریا و جیهان دەکات، بەڵێنیدا کە داهاتوی سوریا لەسەر بنەمای ڕاسگۆیی، شەفافیەت و دادپەروەری و هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاوەدان بکەنەوە.

وەزیرەکەی سوریا جەختیشیکردەوە، بەرنامەی چەکی کیمیایی کە لە سەردەمی ئەسەد دامەزراوە، بەرنامەی ئەوان نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، پابەندبونیان هەیە و هەڵیدەوەشێننەوە و کۆتایی بەم میراتە خراپ و بە ئازارە دەهێنن.

ئیسرائیل دوای روخاندنی حکومەتەکەی ئەسەد، سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شوێن و دامەزراوە  سەربازییەکانی سوریا ئەنجامدا و ڕایگەیاند مەبەست لە هێرشەکان لەناوبردنی کۆکاگانی چەکی کیمییاییە بۆ ئەوەی نەکەوێتە "دەستی چەکدارەکان".

لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلیشەوە شەیبانی دانی بەوەدانا وە کە هێرشەکان "زیانی لۆجستی و تەکنیکیکیان بە دامەزراوە سەربازییەکان گەیاندوە " جەختیشیکردەوە سەرەرای هێرشەکانی ئیسرائیل، تا ئێستا چەکی کیمیایی لە وڵاتەکەیدا بونی هەیە، بەڵام بەڵێنی لەناو بردنی دەدەن و وەک سوریا  پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبن.

236 جار خوێندراوەتەوە