ماکرۆن: ئێمە خاوەنی چەکی ئەتۆمین و سوپاکەمان دەتوانێت ئەوروپا بپارێزیت

KNN : Kurdish News Network
11:46 - 05/03/2025
جیهان
+
-

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند؛  مەترسییەکانی روسیا لەسەر ئەوروپا وایکردوە وڵاتەکەی دەستبکات بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی فەڕەنسا بۆ پاراستنی یەکێتی ئەوروپا.

 



هەواڵ:KNNC

 


سەرۆکی فەرەنسا، ئەمشەو چوارشەممە، لە وتارێکیدا بۆ  هاوڵاتییانی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ هەر وڵاتێک بتوانێت  هەر پارچەیەکی ئەوروپا داگیر بکات و بێ سزا بمێنێتەوە، کە مەبەستی وڵاتی روسیایە، ئەوا ناتوانین  لە هیچ شتێکی دیکە دڵنیا ببینەوە.

 


ئاماژەی بەوەشکرد، تا ساڵی 2030 ڕوسیا لە پلانیدایە  سێ ملیۆن سەرباز کۆبکاتەوە و چوار هەزار تانک بەرهەمبهێنێت، ئەمەش ئاڵنگاریەکی ئەمنی جددیە و مەترسییە بۆ سەر کیشوەری ئەوروپا.

 


ماکرۆن جەختی لەسەر پێویستی ئامادەکاری تەواوەتی ئەوروپا بۆ هەمو  ئەگەرێک کردەوە، بە پاڵپشتی ئەمەریکا یاخود بە بێ ئەمەریکا،  ناوبراو رایگەیاند؛ پێم خۆشە باوەڕم بەوە هەبێت کە ئەمەریکا لە تەنیشتمان دەمێنێتەوە، بەڵام دەبێت ئامادەی ئەوەش بین کە پشت لە ئەوروپا بکات.

 


لەبارەی سوپای وڵاتەکەیەوە دەڵێت؛ سوپای فەڕەنسا ئامادەترین سوپای ئەوروپایە بۆ شەڕ، وڵاتەکەیان خاوەنی چەکی ئەتۆمییە کە گەرەنتی بەرگری ئەوروپا دەکات.

 


ئاماژەی بەوەشدا گفتوگۆکانیان سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی تەواوی یەکێتی ئەوروپا دەست پێکردوە، لەباری جێگیرکردنی هێزی ئەوروپا لە ئۆکرانیا، وتویەتی؛ داهاتوی ئەوروپا لەلایەن ئەمەریکاوە بڕیاری لەسەر نادرێت و ئێمە ئامادەین بۆ هەمو سیناریۆکان لەگەڵ ئەمەریکا یان بەبێ ئەمەریکا.

 


جەختی کردوەتەوە وڵاتەکەی وەک تەماشاکار نامێنێتەوە لە جەنگی روسیا  و ئۆکرانیادا، ئەو  پێی وایە"مانەوە وەک بینەرێک لەم جیهانە مەترسیدارەدا شێتییە".

 


لەبارەی ئاگربەستەوە، سەرۆکی فەرەنسا سورە لەسەر ئەوەی  هەر ئاگربەستێک ڕەتدەکەنەوە لە ئۆکرانیا کە ئاشتییەکی بەردەوامی لێ نەکەوێتەوە و  ئاشتی بە نرخی دیکتاتۆری ڕوسیا  و خۆبەدەستەوەدانی  ئۆکرانیا دروست نابێت.

 


دەشڵێت: "دەکرێت ئاشتی لە ئۆکرانیا بە گریمانەی بونی سەربازی ئەوروپی بێت لە وڵاتەکەدا، بەڵام ئەو سەربازانە بۆ شەڕ لەوێ نابن،  بەڵکو لەوێن بۆ واژوکردنی ڕێكکەوتنی و جێبەجێکردنی  ئاشتی .

561 جار خوێندراوەتەوە