127 ساڵ بەسەر دەرچونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕێت

KNN : Kurdish News Network
08:45 - 22/04/2025
کوردستان
+
-

127 ساڵ لەمەوبەر رۆژنامەی “كوردستان” وەك یەكەم رۆژنامەی كوردی دەرچو، هەرئەوەش بووە هەوێنی لەدایكبونی سەدان رۆژنامە و كەناڵی راگەیاندن لە هەر چوار پارچەی كوردستان.

 

رۆژی 22ی نیسانی ساڵی 1898 یەكەم رۆژنامەی كوردی لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان بەناوی رۆژنامەی كوردستان لەشاری قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوكرایەوە.

 

رۆژنامەگەری كوردی هەر لەسەرەتاوە هەڵگری پەیامێكی سیاسی و رۆشنبیری و مەعریفی بووە لەسەرجەم شۆرشەكاندا.

 

میقداد مەدحەت بەدرخان بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەیی، رێگایەكی دیكەی تاقیكردەوە، ئەویش خزمەتكردنی كلتور و زمان و ناساندنی مێژوی نەتەوەی كورد بو لەرێی كاری رۆژنامەگەرییەوە.

 

میقداد مدحەت بەدرخان كوری میر بەدرخان پاشای میری بۆتانە، بەگوێرەی مێژو نوسان و ئەدیبان ئەو ناوە دەگەرێتەوە بۆ تێكەڵەیەك لەو ناوانەی كەلەو سەردەمەدا عوسمانییەكان لە ناوە فەرەنسییەكانەوە وەریانگرتوە.

 

مێقداد مدحەت بەدرخان لە یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان دا دەڵێت: "من رۆژنامەیەكم بە ناوی كوردستان دەركرد، ئامانجم لەم كارە ئەوەیە كە گەلی كورد لە بوارەكانی كلتوری، سیاسی، زمان، ئابوری و زانستەوە هۆشیار بكەمەوە".

 

رۆژنامەی كوردستان سەردەمی خۆی لە رووی هزری نەتەوەییەوە رۆلێكی بەرچاوی بینی و هەر چەندە بە زمانی كوردی – كورمانجی دەردەكرا، بەڵام لە روی دارشتن و رێزمانی كوردییەوە زۆر پێشكەوتو نەبو، بەڵام بەو دەرفەتە كەمە و سەرباری فشارەكانی دەوڵەتی عوسمانی تاوەکو  19ی نیسانی 1909 بەردەوام بو و دواتر لەلایەن دەولەتی عوسمانیەوە داخرا.

 

رۆژنامەی كوردستان و ژمارەیەكی دیكەی رۆژنامەی كوردی لەو ساڵانەدا دەركران و هەمویان بە پیتی “ئارامی” بابەتەكانیان بڵاودەكردەوە و زۆربەشیان لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی بەدرخانیەكان بەرێوەدەبران.

 

سەبارەت دروشمی رۆژنامەكەش لە ژمارە یەكەوە تاوەکو دوایین ژمارە بریتیبوو لە (كردلی ایقاێ وتحێیل ێنایعە تشویق هانی، ایچون شدمیلك) واتە (كوردان راپەرین بەرپابكەن ‌و هونەر‌و زانست فێر بن).

 

رۆژنامەی كوردستان لەنێوان ساڵانی 1898 تاوەکو 1902، توانرا 31 ژمارەی لە چەند شوێنێكی جیاواز لێ دەربکرێت، لە ژمارە 1 تا 5 لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچو، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی میقداد مەدحەت بەدرخان و فشاری دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە، میقداد بەدرخان لێپرسراوێتی دەركردنی (رۆژنامەی كوردستان)ی خستە ئەستۆی (عەبدولرەحمان بەدرخان)ی برای و لە ژمارە 5 بە دواوە لە لایەن براكەیەوە دەرچو.

178 جار خوێندراوەتەوە