زیندانییەکی چاکسازی
گەورانی سلێمانی، لەکاتی وەرگرتنی مۆڵەت بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتوە، وەزیری کاری
حکومەتی هەرێمیش بڕیاریدا، لەمەدوا مۆڵەت نەدرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی بازرگانی و
بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزا دراون.
هەواڵ:KNNC
سەرچاوەیەک لە نێو
چاکسازی گەورانی سلێمانی بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند، حەوت رۆژ پێش ئێستا بازرگانێکی
ماددەی هۆشبەر مۆڵەتی وەرگرتوە بۆ گەڕانەوە بۆ نێو خێزانەکەی، بەڵام لە سێیەم رۆژی
مۆڵەتەکەیەوە لە رێگەی مەرزی کێلیەوە هەرێمی کوردستانی بەرەو کۆماری ئیسلامی ئێران
بەجێهێشتوە و لەوێشەوە بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتوە.
وتیشی: ئەو زیندانییە،
خانویەک و 50 ملیۆن دینار و دوو کەفیلی لەبەرامبەر مۆڵەتەکەیدا داناوە، لە ئێستادا
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو دوو کەسە دەرچوە.
هەر بەپێی
زانیارییەکانی کەی ئێن ئێن، هەر ئەمڕۆ وەزیری کاروکارباری کۆمەڵایەتی بە نوسراوی
فەرمی بڕیاریدا بۆلەمەودوا هیچ بەکارهێنەر و بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر هاوشێوەی
سزا قورسەکانی دیکە، مۆڵەتی چونەوە ناو خێزانەکانیان نایانگرێتەوە.
کەی ئێن ئێن زانیوشیەتی،
سزادراوەکە تەمەنی 40 ساڵە و خەڵکی قەڵادزێیە و سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا
سەپێنراوە، لە ئێستادا سێ ساڵ و نیوی سزاکەی تەواو کردوە.
116 جار خوێندراوەتەوە