ئێران: دەستمان بەسەر دو كەشتی گواستنەوەی سوتەمەنیدا گرتوە

KNN : Kurdish News Network
02:01 - 22/04/2025
جیهان
+
-

سوپای پاسداران دەستبەسەرداگرتنی دو کەشتی گواستنەوەی سوتەمەنی لە ئاوەکانی دەریای بوشێهر راگەیاند كە نەتی قاچاغیان هەڵگرتبو.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

لەو بارەیەوە، مەسعود فروتن، جێگری فەرماندەی ناوچەی دوی دەریایی سوپای پاسداران بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندوە: دەستیان بەسەر دو كەشتی گواستنەوەی سوتەمەنیدا گرتوە كە ئاڵای تانزانیایان بەرزكردبویەوە و هەوڵی چونەدەرەوەیان لە ئاوەکانی ئێرانداوه‌، بەڵام لەلایەن کارمەندانی ناوچەی دوی دەریایی سوپای پاسداران دەستبەسەر کراون.



وتوشیەتی: هەردو کەشتییە بیانییەكە كە (25) كارمەند كاریان لەسەركردوە لە (سی رێنجەر و سەلامە) پێكهاتون و بڕی یەك ملیۆن و (500) هەزار لیتر سوتەمەنییان باركردوە كە نرخەكەی لە (700) ملیار ریاڵ زیاترە.

 

جێگری فەرماندەی ناوچەی دوی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بۆ روبەڕوكردنەوەیان بە دەسەڵاتی دادوەری و دوای تەواوبونی رێکارە یاساییەکان، دو کەشتییە گواستراونەتەوە بۆ بەندەری بوشێهر هەروەها سوتەمەنیە قاچاغەكەش رادەستی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەكرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی دابەشبكرێت.

368 جار خوێندراوەتەوە