كەسێتی تاكی كورد لەناو حیزبەكاندا

هەموو مرۆڤێك خاوەنی كەسێتیەكی  دیاریكراوی  خۆیەتی  كە هەڵقوڵاوی  هەناوی پەروەردەی خێزانە، بەتایبەت دایك و باوك، چونكە ئەوان پلانی پەروەردەكەی ڕێكدەخەن و ئاراستەی دەكەن، پێ بەپێ‌  لەگەڵ  گەشەكردنیدا ئاوێتەی پەروەردەی كۆمەڵگە دەبێت، لەناو ئەو ژینگەیەشدا مەڵۆی گەشەكردن و بەریەككەوتنی ئەو ئاراستە جیاوازانە، زۆرجار شێواوی و دەرچوون لە ڕێچكەی ڕاستی پەروەردە بەدیدێت، بەڵام ئەگەر گەشەی پەروەردەی خێزان و كۆمەڵگە هاوسەنگ و تەریب بوون، ئەوە لەو كاتەدا تاكێكی  پەرەوردەی ئاراستەكراوی گونجاو ڕەنگدەداتەوە، كە باشی و چاكیەكەی بۆ خۆی و كۆمەڵگەكە دەبێت، ئەتوانین ئەوە بە پلانێكی پەروەردەیی زانستی لەقاڵب بدەین، لەو كاتەشدا، ئەو زانستە  باشی و چاكەیە، وتەكەی (نیچەی  فەیلەسوف 1844- 1900)  یەكانگیری ئەو بابەتە دەبێت، كە دەڵێ‌: (خێرو چاكەی زانست بۆهەمووانە نەك  بەتەنها بۆ تاكێك).

تاكێكی خاوەن ئیرادە و كەسێتییەكی  بەهێز، لەكۆمەڵگە  شارستانی و  پێشكەوتووەكاندا، هەمیشە  هێمای جوانی ژیان و مامەڵەی  دروستی كۆمەڵایەتی  دەردەكەوێت، بەڵام لە كۆمەڵگە  وابەستەو دواكەوتووەكاندا، ئەوە بەدیناكرێت، ئەگەر لە ناو ئەو  ووڵاتانەی  سیستەمێكی  باشی  پەرەوردەیی و حوكمڕانییەكی تەندروست و  دیمۆكراسی  وەك شنەی شەماڵ  بەسەر كۆمەڵدا بشنێتەوە، بێگومان تاك دەبێتە تاكێكی داهێنەرو خاوەن ئیرادەو بڕیاردانی دروست و خاوەن پلانی  گونجاو، كە هەمیشە شانازی بە مرۆڤ بوونی خۆی دەكات و مامەڵەی مرۆڤانە بە هەست و سۆزو خۆشەویستی و لێبوردەیی ئەنجام دەدات.

ئەوەی مەبەستمە زیاتر  لەسەر كەسێتی تاكی كورد لەسایەی حیزبی كوردیدا لێی بدوێم و هەڵوێستەی لەسەر بكەم ، چونكە لەم هەرێمەدا هەموو تەوەرو سێكتەرەكان بە لینكێكی بەهێزەوە بە حیزبەكانەوە بەستراون، چونكە حیزب بۆتە ئەو بەشەی كە سەرەوەی هەڕەمی  كۆمەڵگەی گرتووەو ئەو خاوەنی بڕیارو پەروەردەو ئابوری و ئیدارەدانە، بەداخەوە ئەمەش نیشانەی خراپی بەدیهێنانی  بەهێزی كەسێتی تاكە،لەم سێ‌ دەیەی حوكمڕانی كوردیدا وەك ئەوەی هیچ خەمخۆرو دڵسۆزو  كەسانێكی  حاوەن پلان و ئەزموون نەبوبن ، یان گوێ‌ بەهیچ نەدراوە و كار بە پلان و بەرنامەو ویستی چاكەكاران نەكراوە، بۆیە حیزبەكان بوونەتە  ئەو مۆتەكەیەی  خەوو خەونی خۆشی ژیانی كۆمەڵگەیان  زڕاندووە و كەسێتی  تاكی كوردیان واتێكشاندووە، وەك ئەوەی  بوونی ئەو تاكانە لەسایەی  حیزب و سەركردەكانەوەیە، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ، ژێردەستەی دوژمنانی  كورد ئەبوون، یان مادام ئەوان ماوەیەك خۆیان بە خەباتكردن خەریك كردووە، ماندووبونەكەیان بۆخەڵك بووە و خەڵكیش دەبێ ئەو قەرزەیان بدەنەوە، كەئەم خوێندنەوەو منەتە دوورە لە یاساو ڕێسای دروستی ژیان و پەروەردەی سەردەمیانەو هاوچەرخ.

لەبەرنامەو پەیڕەوی هەموو حیزبەكانی كوردستان، ئاماژە بەوە كراوە، حیزب هۆكارە بۆ خزمەتی خەڵك و ئامانجی باڵا تەنها ڕزگاری مرۆڤ و نیشتمانە، بەڵام دوورلەو بڕگەیە هیچ كات تاك و نیشتمان  نەخراونەتە بازنەی خزمەتكردنی حیزبەكان، بگرەو خاك و تاك وەك خزمەتكار لەیەردەم بەرپرسانی حیزب و سەركردەكانیان نمایشكراون ، لەو كاتەشدا وەلای تاكی حیزبی بۆ سەرۆكەكەی بەرزتر ئەبێت لە هی خەڵك و نیشتمانەكەی، حیزبەكان هیچ كات  نەیانویستوە، تاكێكی ئازاو ئازاد بوونی هەبێت، چونكە كە تاك ئازاد بوو دوورئەبێت لە وابەستەیی و كۆیلە بوون و ئەبێتە خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزو ڕەخنەگر، كە حیزبیش دەرەقەتی ئەم بۆچوونە نایەت، چونكە كەس بەدەوریەوە نامێنێ‌ و ئامانجە تایبەتیەكان  لەسایەی ئەو تاكە ووشیارەدا نایەنەدی، كاتێ‌ تاك وشیاربێت كاتەكانی خۆی بە شتی بەكەڵك و بەسود پڕدەكاتەوە، وەك (برتراند راسل 1872- 1970) نوسەرو هونەرمەند و سیاسەتكار و فەیلەسوف دەڵێ‌: (توانای  پڕكردنەوەی كاتە بەتاڵەكان بە ووریایی، بەرزترین ئاستە بۆ ڕۆشنبیری تاك) لێرەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە كە بۆچی حیزبەكان نایانەوێ‌  تاكی كورد خاوەن ئیرادەو كەسێتی  بەرزی خۆی بێت.

632 جار خوێندراوەتەوە