پەروەردە و نەهێشتنی فشاری دەرونی

فشارە دەرونیەکان بەپێی هەلومەرج و کاتەکان و چەند هۆکارێک دروست دەبن، فشاری دەرونی ئەو حاڵەتەیە کە مرۆڤ هەست بە نائاسایی بون و جیاوازی دەکات لە نێوان کەسەکاندا، بەهۆی نامۆیی و دورەپەرێزی و دابڕان لە ژینگەی کۆمەڵایەتی، جار هەیە کەسی توشبو هەست بە بونی نامۆیی دەکات بەڵام ناتوانێت بەسەر هەستەکانی خۆیدا زاڵ بێت و لێی دەربچێت، جاری واش هەیە کەسی توشبو بەو حاڵەتە وا هەست دەکات خۆی ڕاستە و دەوروبەری ناڕاستن.

دەکرێ هۆکارەکانی ئەو فشارە دەرونیانە بۆ تەمەن و ژینگەی ژیان دیاری بکەین و دواتر چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، ئەوانیش بەشێکیان بۆ ماوەیین، واتە نەخۆشیەکی گوازراوەیە لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان، یان لەئەنجامی بونی نەخۆشیەکی جەستەیی کەسەکە بەبیرکردنەوەیەکی نادروست توش دەبێت، جۆرێکی تر ئەوەیە کەسەکە ویستێکی تایبەتی هەیە و هەموکات بیری لێدەکاتەوە و شیکاری زۆری بۆ دەکات ناگاتە ئەنجام توشی ئەوفشارە دەرونیە دەبێت، دوا جۆری فشاری دەرونی کەسانی دەوروبەر کاریگەریان لەسەر کەسەکە هەیە بەوەی خواستی خۆیان دەسەپێنن بەسەریدا کە دەبێتە جۆرێک لەفشار و پێی دەوترێت فشاری کۆمەڵایەتی، ئەوەش وا دەکات ببێتە فشاری دەرونی بۆ سەرتاک.

(سیگمۆند فرۆید) دەڵێ: (فشارە دەرونییەکان مرۆڤ لە خۆشییەوە دەگۆڕن بۆکەسێکی بێزاروبێدەنگ)ئەم وتەیەی زانا و شارەزا و دەرونناس فرۆید، جوانترین پێناسەیە لەسەر زانینی و بەئاگابونی فشارە دەرونیەکان، چونکە پێمان دەڵێ گۆڕینی دۆخی کەسێکە لە خۆشییەوە بۆ ناخۆشی وبێزاربون، هەر ئەویش پێمان دەڵێ چارەسەر ئاسانە و مرۆڤ دەتوانێت هەنگاوی بۆ بنێت، لەو بارەوە دەڵێ (ڕاستگۆیی تەواو لەگەڵ خۆتدا ڕاهێنانێکی باشە)کەواتە باشترین ڕاهێنان ڕاستگۆیی ئەو کەسەیە، بەجۆرێکیتر دەبێتە بڕیاردانی گونجاو بۆ دەرچون لەوفشارە دەرونیە، ئەوەش بە ئیرادەیەکی بەهێزدەکرێت.

فشارە دەرونیەکان لە ئەنجامی ئەم فاکتەرانە دروست دەبن:
١-فاکتەری جەستەیی: زۆرجار نەخۆشیەکی جەستە، وادەکات فشار بچێتە سەر دەرونی تاک
٢-فاکتەری ئابوری: بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری و بیرکردنەوەی زۆر دروست دەبێ یان نەبونی کاروبژێویەکی باش
٣-فاکتەری کۆمەڵایەتی: ئەمیان دەوروبەر دەبنە هۆکاری دروستبونی
٤-فاکتەری پەروەردەیی: خراپی سیستەمی پەروەردە و نەخوێندنەوەی هەمو ڕەهەندەکانی فشاری دەرونی بۆسەر تاک دروست دەکات

ئەوەی لێرەدا بۆمن گرنگە لێی بدوێم، ڕۆڵی پەروەردەیە لە نەهێشتنی فشارە دەرونییەکان بەتایبەت لەسەر قوتابیان و خوێندکاران، ئەویش بە وردبونەوە و خوێندنەوەی لایەنەکانی و دیاریکردنی هۆکارەکان.

نامەوێ ڕۆڵی ئەوکەسانە بەکەم بگرم کەوەکو توێژەری دەرونی و کۆمەڵایەتی لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا کاردەکەن، کەسی باش وخاوەن توانایان تیایە، بەڵام گرفتەکە لە پەروەردەدا دەبینم کە وەک پێویست کار لەسەر ئەو کەسانە نەکراوە و وزەکانیان نەخراوەتەگەڕ، بۆچارەسەرکردنی گرفت و کێشەدەرونیەکان، چونکە ئەو کەسانە پێویستە بەردەوام خەریکی خۆنوێکردنەوەبن، هەرچەندە بەڕای من قوتابخانە پێویستی بە توێژەر نیە، ئەگەر مامۆستا بەڕاستی مامۆستا بێت، لەو شوێنانەی لێی دەردەچن هەردو بواری دەرونناسی مناڵان و کۆمەڵناسی بەباشی دەخوێنن، زۆر بەئاسانی بەسەر ئەوگرفتانەدا دەتوانن زاڵبن کە ڕوبەڕوی مناڵان دەبنەوە، جگە لەوەی مامۆستایان هەمیشە ئاگاداری هەست و نەستی قوتابیانن، بەڕێوەبەری سەرکەوتو دەتوانێت ببێت بە باشترین ڕێنماییکار و توێژەرو دەرونناس، بەڵام ئەوانە ئەڵێم کە بەتوانا و بیری خۆیان و لەبەر خۆشەویستی پیشەکەیان بەڕێوەبەرن نەک حیزب قۆڵی بگرێت و لەسەر کورسیەکەی بەڕێوەبەر داینابێت، بۆ مەرامی ئایدۆلۆژی و لەقاڵبدان.

ڕۆڵی پەروەردە گرنگ وپڕ بایەخە لە چارەسەری فشارە دەرونیەکانی مناڵان، بەوەی هەرکەسەوکاری خۆی بەباشی و جوانی ئەنجام بدات، لەوکاتەشدا خوێندنگەوقوتابخانەکان دەبنە شوێنی ڕاستی ودروستی وکەشی پڕ لەجوانی وئازادی، کەواتە ئاسودەیی شوێنی فشاری دەرونی دەگرێتەوە، لەمبارەوە(محەمەد غەزالی) دەڵێت:( مرۆڤەکان لە کوێ دەتوانن ڕاستی لە درۆ جیا بکەنەوە؟) لەوەڵامدا دەڵێ: (لە کەش و هەوای پاکی ئازادی و دورلە پیسیەکانی فشار و دڕندەیی و ستەمکاری).

دەکرێ پەروەردە ئەو شوێنە بێت کە فشارە دەرونیەکان لەوێ بەباشی چارەسەربکرێن، هەستی مناڵان ئاراستە بکرێن بۆ ئاسودەیی دور لەتێکچون وشڵەژان، گیانی متمانە ورەبەرزی جێی ڕوخان وشکست بگرێتەوە.

هەندێک نەریتی خراپ لەناوکۆمەڵگەدا خەریکە دەچەسپێت، ئەوێش بەتایبەت دواقۆناخی خوێندنی ئامادەیی کە خوێندکاران خۆیان بۆ قۆناغی زانکۆ ئامادە دەکەن، ئەوقۆناغە زۆرترین فشاری دەرونی دروست دەکات بۆسەر ئەوخوێندکارانە، تەنانەت هەندێ لەوانە کەوتونەتە نامۆیی و دورەپەرێزی کۆمەڵایەتی، تەنانەت گرفتی دەرونیشیان بۆ خێزانەکانیان دروستکردوە، ئەو حاڵەتانەش کە ڕودەدەن تەنها بیرکردنەوەی ئاڵۆزوخراپە و ڕۆچونە بەناو قوڵی بیرکردنەوە بەمەبەستی گەیشتن بەو شوێنەی کە دەیهەوێ بەدەستی بێنێت، کەنمرەی بەرزوبەدەستهێنانی پلەی پزیشکیە، کە ئەو خەون و خەیاڵەش زۆرجارکەس وکارودەوروبەر لەناخی ئەوخوێندکارانەدا دروستیان کردوە، لەسەر بەڕێوەبەرو مامۆستایانە ئەو بیرکردنەوە چەوتە بۆ خوێندکاران ڕاستبکەنەوەوایان لێبکەن دوای خەون وخولیاکانیان بکەون نەک ئەویستانەی دەوروبەریان مەبەستانە.

187 جار خوێندراوەتەوە