پەروەردە لەنێوان ململانێی حیزبەکان و خواستی مامۆستایان

بۆ دە ساڵ دەچێت لە دوای ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا قەیرانی دارایی سەرودڵی ئەم هەرێمەی گرتوە و بەجۆرێ شڵەژاوی هێناوە بۆ خەڵکی، نەتوانراوە بەباشی و ئاسایی هاوڵاتیان لەم جوگرافیە بچوکەدا ژیانێکی سادەوساکار بەڕێبکەن.

هەمیشە ناڕەزایەتی هۆکارێکە بۆ وەڵامی کارێکی پێچەوانەی خواستی کەسێک یان توێژێک یان گروپێکی دیاریکراو.

لە هەرێمی کوردستان بەهۆکاری نەبونی شەفافی و نادادی و خراپ بەکار‌هێنانی دەسەڵات ودەستوەردانی حیزبەکان لە هەمو بوار و سێکتەرەکانی ژیان، ئەم هەرێمە دەرگیری ناخۆشی و نائارامی بوە، بۆیە زۆربەی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام زۆربەی کۆمەڵگەی کوردەواری بێدەنگیان هەڵبژاردوە، جگە لە مامۆستایان، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بونی چەند فاکتەرێک کە لە کاتیکی تروشوێنی تردەکرێت ئاماژەیان پێبکرێت، بەڵام ئەمجارە باسەکەمان تایبەت کردوە بە پەروەردە، لە بەشێکی هەرێم کە سنوری پارێزگای سلێمانی و قەزا و ناحیەکانیەتی ئەو ناڕازیەتیانە براونەتە سەرشەقام، یان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی هەیە لەدوای ساڵی دوهەزار و پانزەوە بێجگە لە گردبونەوەکان و خۆپیشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ، تەنها لە سنوری سلێمانی و دەوروبەری حەفتا خۆپیشاندان ئەنجامدراوە، هەرجارە و بەجۆرێک و بێ ئەوەی وەڵامی داوا و خواستەکانیان درابێتەوە، لە پشتی هەمو ئەو ناڕەزایەتیانەوە، حیزبەکان بەعەلمانی و ئیسلامی و قەومی و چەپەکانەوە، هەوڵیانداوە بەویستی خۆیان و مەرامە ئایدۆلۆژیەکانیان بخزێننە ناو ئەو ناڕەزایەتیانەوە، هەر حیزبە و بەپێی توانا و پێگەی خۆی کاریان لەسەرکردون، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەهۆکاری بونی دەسەڵات و بونی هێز و بەردەست بونی دارایی زیاتر کاریان لەسەرکردوە و کاریگەریان زۆرتربوە.

 

ئەمە ئەوە ناگەیەنێ خۆپیشاندەران وناڕازیکاران خۆیان خزاندبێتە ئەجێندای حیزبەکان، بەڵام ئەگەرچەند کەسێکیشیان لەخشتەبردبێت توانیویانە، ئاقاری ئەو ناڕەزایەتیانە بگۆڕن بۆ خواستی خۆیان، کە کۆتایی هێنان بوە بەو نەڕەزایەتیانە، ئەگەربەکاتیش بوبێت.

 

هەرلایەک بیەوێت پەروەردە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و بەدڵی خۆی ئاراستەی بکات و لە ئامانجە گەورەکەی پەروەردە دوری بخاتەوە، هیچ گومانی تێدا نیە کە ئەو لایەنە نە بۆخۆی باشە، نە لە پەروەردەش گەیشتوە، چونکە لە دۆخێکی ئاوادا پەروەردە توشی شکست دەکات، نەوەیەکی ناوشیاری دورلەبیرکردنەوە دروست دەکات، وەک نوسەر(عەلی ئیبراهیم موسەوی) دەڵێت: (پەروەردەی شکستخواردو، ئەو پەروەردەیەیە، نەوەیەک دروست دەکات کە دەتوانێت تەنها بخوێنێتەوە و بنوسێت، بەڵام ناتوانێت بیر بکاتەوە).

 

لەلایەکی تر ئەوەی بۆتە جێی سەرنج و تێبینی بەندەوزۆرخەڵکیتر، وەڵام نەدانەوە و پشتگوێخستنی خواست و داواکاریەکانی هەمو ناڕەزایەتیەکان بەگشتی و ناڕەزایی مامۆستایان بەتایبەتی، زۆرجێی تێڕامان و سەرسامیە نزیکەی حەوت سەد هەزار قوتابی و خوێندکار لە ماڵەوەن، بەهۆی بایکۆتی حەفتا و پێنج هەزار مامۆستا، ئەتوانین بڵێین خوێندنی بەشێکی هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ لەلێواری پەکخستن وفەوتان ودواکەوتندایە، کەچی بەرپرسێکی پەروەردە نەهات وەڵامێکی باوەڕپێکراو بدات بە توێژی مامۆستایان، یان بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکانیان پێبدات، بەپێچەوانەوە بەزمانی هەڕەشە دەیانەوێت مامۆستایان بگەڕێننەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەگەر نەگەڕینەوە، ئاوا ناچاردەسەڵاتە کارگێڕیەکانیان  بەکار دێنن، ئەوەش بوە هۆی توڕە بونی زیاتری مامۆستایان، وەک پەرچە کردارێک لەجیاتی چونەوە بۆ هۆڵەکانی  خوێندن چونەشەقام ودوپاتی بایکۆتی بەردەوامیان کردەوە، تا گەیشتن بەمافەکانیان.

 

ئەوەی لای زۆربەمان ئاسایی نەبو لە ڕۆژی ٢٢-١٠-٢٠٢٣ بەشداری چەند بەڕێوەبەرێکی حیزبی بو لەگەڵ چین وتوێژەکانی تری شاری سلێمانی، کە وادەخوێندرایەوە بە ویست وداوای حیزب بەشداربوبن، چونکە هەرلە ڕۆژی دواتربارەگاکانی حیزب کۆبونەوەی لەگەڵ بەشێک لەبەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندنگەکان کرد و داوایان لێکردن بچنەوە بۆ دەوام ودەستبکەنەوە بەوانە خوێندن، لێرەوە گومان دەخرێتە سەرکەسێتی ئەوانەی لەو خۆپیشاندانە بەشداربون و دەچنەوە بۆ دەوام، بێ ئەوەی هیچ مافێکیان بەدەست هێنابێت، ئەوەش دوپاتکردنەوەی هێنانەخوارەوەی شکۆوکەسێتی مامۆستایان وئەوانەیە کەبەوکارە هەڵدەستن، ئێستاش چارەسەرکردنی کێشەی مامۆستایان وجێبەجێکردنی خواستەکانیان زۆرئاسانە، دەسەڵاتی سنوری سلێمانی دەتوانێت خۆی بەو ڕێگەیانەی دەبنە دەرچەیەک بۆدەرباز بون لەم دۆخەی پەروەردەی تێکەوتوە،ئەتوانن لەوپارەیەی هەیانە یان داوا لە کۆمپانیاکانیان یان ئەودەوڵەمەمدانەی دروستیان کردون وکراون بە ملیارلێر موچەی مانگێکی مامۆستایان دابین بکەن، تا پڕۆسەکە بچێتەوە سەرسکەی خۆی.

بەڵام دەسەڵاتداران بۆیە ئەوە ناکەن دەزانن بەڕێوەبەرەکان وابەستەی خۆیانکراون وفشارلەسەر مامۆستایانن دەکەن تا داوای حیزبەکان بەدیبێنن، ئەمەش وازهێنانە لەخواست وداواکان وبەکۆیلەکردنی نەک هەرخۆیان ومامۆستایانە بەڵکوپەلدەکێشێت بۆنەوەکانی داهاتو.

162 جار خوێندراوەتەوە