پەروەردە، هاندان بۆ خوێندنەوە

خوێندنەوە، کردارو چالاکیەکی ئارەزومەندانەی مرۆڤە، بەهۆی خوێندنەوە مرۆڤ بیرکردنەوەی فراوان دەبێت، لە کایەی ڕۆشنبیریدا ئەوەی کراوەتە بنچینەوبەردی بناغە خوێندنەوەو ئاشنابونە بە جیهانە ئارام وبێدەنگەکەی کتێب، ناکرێ ڕۆڵ و بایەخی پەروەردە لە دنیای خوێندنەوە و کتێب فەرامۆش و پەراوێز بخرێت.

ئەکرێ خوێندنەوە لە قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤدا پۆلێن بکرێت، بۆمناڵی و مێردمناڵی و هەرزەکاری و لاوی و پێگەیشتویی، بۆهەرقۆناغێک لەمانە، جۆری خوێندنەوە و ئەو کتیبانە ئەبێت جیاوازبن، کە دەخوێندرێنەوە، زۆربەی شارەزایان و نوسەران و پەروەردەکاران ڕایان وایە، کە پەروەردە فاکتەرێکی گرنگ وبەهێزە بۆ ئاراستەکردن ڕوە و خوێندنەوە، چونکە منداڵ ئەکرێ ئاراستە بکرێت و ڕابهینرێت بۆ خوێندنەوە و کتێبی لاخۆشەویست بکرێت.

بۆیە ئەرکی مامۆستایان گرنگ و قورسە، بەڵام پڕبەرهەم و ئامانجداریشە، کە ئەڵێم قورسە مەبەستم ئەوەیە کارامەیی و لێزانینی گەرەکە، کاتێ مامۆستا پیشەکەی خۆی خۆشویست، هەوڵ ئەدا قاڵبێت لە بۆتەی گەیاندنی پەیامەکەی، بەڵام ئەگەر ویستی نەبێت، سەرکەوتو نابێ لەپیشەکەی، فەرەنسیەکان ئەڵێن: (هەرکەس پیشەکەی خۆی خۆشنەوی، پیشەکەش ئەوی ناوێ).

خۆشەویستی پیشە یەکەمجار لە کەسەکەوە سەرچاوەدەگرێت، دوای ئەو لایەنی پەیوەندیدار و بەرپرس، چونکە ئەو دەتوانێ ڕێگەکەی بۆ پاکبکاتەوە و لەمپەر و ڕێگریەکان لاببات، بۆ مامۆستایانیش ئەمە ڕاستە، ئەگەر وەزارەتی پەروەردە، بە دانانی پلان و نەخشەی دروست و ورد، کاربکات، بە کردنەوەی خولی بەردەوام بۆ مامۆستایان و دابینکردنی پێویستیەکانی کتێبخانەی خوێندنگەکان و قوتابخانەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە کتێب و خوێندنەوە، بەنوسراوی فەرمی، بۆ ئەوەی کاری لەسەربکرێت.

بەپێی ئەوبەدواداچونەی ماڵپەڕی (Global English Editing) ئەنجامیداوە، سەبارەت بە پلەبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین خەڵکیان دەخوێننەوە، بەپیی راپۆرتەکە هیندستان پلەی یەکەمی گرتوە کە لە هەفتەیەکدا تێکڕایی خوێندنەوە دەگاتە 10.7 ، تایلاند پلەی دوەمی گرتوە بە تێکڕایی خوێندنەوە لە هەفتەیەکدا 9.4، چین بەتێکڕایی 8، فلیپین بەتێکڕایی 7.6، وڵاتی میسر بە تێکڕایی 7.5، روسیا بەتێکڕایی 7.1، سوید و فەڕەنسا بەتێکڕایی 6.9، هەنگاریا و سعودیە بەتێکڕایی 6.8، بەڵام وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پلەی ٢٣ هەمی جیهانی گرتوە بە تێکڕایی 5.7 خوێندنەوە لە هەفتەیەکدا، پاش ئەوە هەریەک لە وڵاتەکانی ئیتاڵیا و مەکسیک و بەریتانیا و بەڕازیل و یابان دێن.

ئەم داتا و ئامارانە تەنها بۆ ئەوە هێناومنەتەوە، تا بزانین جیهانی شارستانی بەهۆی گرنگیدان بەکتێب و خوێندنەوە بەکوێ گەیشتون.

ئەکرێ لە ڕێگەی پەروەردەوە دەرچەیەک بدۆزینەوە تا لەم دۆخە چەقبەستوەی دور لە کتێب و خوێندنەوە تێبپەڕێت و خۆمان ئاشتبکەینەوە لەگەڵ کتێب و نەوەکانی داهاتو بەو جیهانە جوان و بێگەردە ئاشنا بکەین.

پەندێکی ئەڵمانی هەیە ئەڵێ: (جەستە بەبێ خواردن و وەرزش گەشە ناکات، ژیریش بەبێ خوێندنەوەو بیرکردنەوە).

ئەو مرۆڤەی دەخوێنێتەوە، جیاوازە لەوەی ناخوێنێتەوە، ئەمەش ڕێک هاو واتای شیعرەکەی عومەر خەیامە کە دەڵێ:
 دو کەس لەم دنیا کاریان تەواوە
چەرخ لەلایان وەک خەڕەک سواوە
یەک مرۆڤێک بێ تەواو تێبگا
دو بێ ئاگایە لەم بەندو باوە

تەنانەت خوای گەورەش باس لەوە دەکات و ئەو مرۆڤانە جیادەکاتەوە کە زانیاریان زیاترەودەزانن، بۆیە فەرمویەتی( قل هل يستوي الذين يعلمون والذين لا يعلمون ۗ إنما يتذكر أولو الألباب).
ئەکرێ ئاماژە بە گرنگی خوێندنەوە بکەین لە لای مناڵان و لەم خاڵانەدا کورتیان بکەینەوە:

١-فراوان بونی بیروهزر
٢-سود وەرگرتن لەکات
٣-زمان پاراوی وباشکردنی توانای دەربڕین
٤-زیادکردنی زانیارییەکان
٥-ئازاد بونی مرۆڤ ودورکەوتنەوە لە ژێردەستەیی
٦-توانای چارەسەرکردنی کێشەکان
٧-خۆشەویستی و دڵنەرمی و بەسۆزی
٨-شارەزابون لە شێوازی مامەڵەکردنی دەوروبەروئەوانی تر
٩-نرخاندن وهەلسەنگاندن بۆ کاروچالاکی جیاواز
١٠-گرنگیدان بە ژین و ژینگە وژیاندۆستی

ئەوەی زۆر گرنگە بۆ مناڵان و قۆناغەکانی ژیانیان، مامەڵەکردنی ڕاست و دروستە لەگەڵیان، ئەویش ڕۆچون بە ناو دنیا ئاڵۆزەکانی تەمەن و شارازابون لە خواست و ویستاکانیان، تا لەدەرونیان شارازا نەبین ناتوانین ماماڵەیان لەگەڵ بکەین.

هەرکە ئاشنا بوین ئەتوانین بەباشی ئەوەی ئەمانەوێ ئاراستەیان بکەین، بەگشتی و خۆشەویستی کتێب و خوێندنەوە بەتایبەتی.

286 جار خوێندراوەتەوە