لە هەژموونی دەسەڵاتی خۆماڵیدا پەروەردە بەرەو كوێ‌ ؟

تێڕوانین و تێگەیشتن و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆپرۆسەی پەروەردەو فێركردن، هەمیشە دەبێتە پێوەری ئاستی گۆڕانكاری و گەشەسەندنی كۆمەڵگە، ئەوە هەموو ناڕێكی و نادادیەی كۆمەڵگەی  كوردی  گرتۆتەوە، بەرهەمی  كاری نەزانانەی حیزبەكان و دەسەڵاتی  خۆماڵی كوردیە، لەناو پرۆسەی پەروەردەدا، فەرامۆشكردنی بوارەكانی دەروونی و كۆمەڵایەتی و زانستی ، ئەم ڕۆژەی بەدیهێناوە كە خواست و ویستی حیزبەكان و سەركردەكانیانە، ئەم وتانە لە بەرپرسی حیزبەكان كەوتە ناو خەڵك و گرنگترینیان ئەمانە بوون:
(كیلۆیەك ئێسقان بۆمامۆستا بە خۆڕایی)،( ئەگەر دەرگای قوتابخانەكانیش داخەین، مامۆستایان بەسەر دیوارەكەوە دەچنە ناو قوتابخانەكان)،( مامۆستا و ...... شاریان ناخۆشكردووە).
ئەمە ئەو وتانەن كە كەسانی بەناو خەمخۆری گەل و نیشتمان، ئەم هەرێمەیان بەڕێوە بردووە.

 

بەڵام گۆرانی مەزن بۆ كۆنگرەی مامۆستایان لە شەقڵاوا، بە جۆرێكی جیاواز ڕۆل و كاریگەری مامۆستایان دەبینێت و دەڵێت:
مامۆستایان ئەیانەوێ‌
هەتاوی كورد، زوو دەركەوێ‌
ڕێی بیر بۆ مێشكمان خۆشكەن
زمانمان بەكوردی، گۆشكەن
ئێمەش شوێنكەوتەی  ئەوانین
هەم خانەخوێین هەم میوانین .

 

لەخۆڕا نیە (جۆرج دانتون) دەڵێ‌ : دوای پارووە نانی ژیان لە گرنگترین پێویستی بۆ گەلان، تەنها پەروەردەیە.

ئەمە بۆ ئەو گەلانەیە كە سەركردەو خوڵكی خەمخۆرو دڵسۆز هەبن و یاسا بۆ هەمووان وەك یەك بێت، نەك ئەم كۆمەلًگە شێواوەی دەستی حیزب و سەركردەی  خەمخۆری پاوانخوازی ، كە پەرەوردەیان خستۆتە دوای هەموو كایەو پرسەكانی تر .

 

لەگەرمەی ململانێ‌ ی دەسەڵاتی  كوردی و بەعس كشانەوەی  دامودەزگا كارگێڕیەكان لەلایەن بەعسی ڕوخاو بوو تا وەك فشارێك كۆتایی بە ئامانجەكانی ڕاپەڕین بێت، لەو كاتە هەستیارەدا مامۆستایان بوونە پشت و پەنا بۆ ڕاپەرین و ئازادی كوردستان بە دروشمی  (سەری بەرزمان بۆموچە نەوی ناكەین) خەونی تەسلیم بوونیان لەباربرد، ئەوە یەكەم هەنگاو بوو كە  توێژی مامۆستایانی ڕووبەڕووی  سەختی و دژواری ژیان كردەوە، تەنانەت دەرگاو پەنجەرەی ماڵەكانیان دەرهێناو فرۆشتیان، بەڵام ‌ ئەم هەڵوێستەی مامۆستایان و لێكدانەوەی  لەلایەن دەسەڵاتدارانی  هەرێم، چۆن بووە و بەچی پاداشت درانەوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە  ئەوەی دەستمان دەكەوێ‌ بێ‌ ئومێدی و گەیشتن بە بیرئاڵۆزی یەكانگیرمان دەكات و یەخەی خەم و حەسرەتی ڕەنجی دەیان ساڵەمان دەگەیەنێتە  ئەوەی بڵێین : ڕەنج بەخەسار بووین، چونكە جگە لە دروشمی دژبە ڕاستی هیچی تر بۆمامۆستا و پرۆسەی پەروەردە نەكراوە و بەپێچەوانەوە كار لەسەر تێكچوونی شیرازەی پەروەردە كرا، بەوەی  هەمان نەریتی بەعس  بەردەوامی پێدرا بەتایبەت دەست خستنە ناو پەروەردە و بەحزبی كردنی پرۆسەكە لەلایەن حزبە باڵا دەستەكانەوە، تەنانەت هەركەسێك  سەر بەخۆیان نەبوو بۆیان بكرایە نەیاندەهێشت وەك مامۆستاش دابمەزرێ‌، لەو سەروبەندەدا دەیان كەسیان كرد بە مامۆستا كە دەرچووی ئامادەیی پیشەسازی و بازرگانی و كشتوكاڵی بوون، لەو كاتەشدا تەنانەت خولێكی ڕاهێنانیشیان بۆنەدەكردنەوە، تابەباشی پیشەی مامۆستایی ئەنجام بدەن، بەوە نەوەستان زۆربەی ئەوانەیان كرد بە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان و بەرپرسی پەروەردەیی، تەنها لەبەرئەوەی سەر بەحیزبەكانی خۆیانن، لەلایەكی ترەوە دەیان و سەدان مامۆستای بە ئەزمون و قاڵبووی بۆتەی كاری پەروەردەیی پەراوێز دەخران و مافی ئەوەیان نەدەدانێ‌  بكرێنە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەك، تەنانەت كۆمیتە و لق و ناوچەی حیزبەكان ڕۆڵی یەكلاكەرەوە لە دانانی بەڕێوەبەر و سەرپەشتیارانی پەروەردەیی دەبینن، بەڵام لەم كاتەدا كایەی پەروەردە دەگات بەچی و چی لێ‌ سەوز دەبێت؟ بۆیە (جۆرد كریستۆف) دەڵێ‌ : گوڵە گەنمە پوچەكان باڵاتر دەردەكەون لەوانەی پڕن.

 

ئیتر كامەیە پێشكەوتنی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن؟ هەربەوە نەوەستان ڕووبەڕووبونەوەى ناڕەزاییەكانی مامۆستایان گەیشتە بەرزترین ئاست بە شەق هەڵدان لە كەسێتی مامۆستا و گوێنەگرتن بۆ خواستە ڕەواكانیان. 

946 جار خوێندراوەتەوە