ڕۆڵی پەروەردە لە چاککردنی ڕەفتارە نەرێنییەکان

 

 

ژیری وەک چەتر وایە، تەنها کاتێک کاردەکات کە کراوە بێت (تۆماس دیۆر)

 

هەمو رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ، زادەی وەرگرتن و فێربونن، دەکرێ لە ژینگەیەکی لەبار و تەندروستدا بیرکردنەوە و رەفتاری باش ببینین، بەپێچەوانەشەوە لە ژینگەی خراپ و دور لە رەچاوکردنی هەنگاوە باشەکان، رەفتاری نەرێنی و خراپ ڕەنگدەداتەوە.

 

لە شێوازی دیاریکردنی ئاراستەی باشەکان یان خراپەکاندا لەسەر ڕەفتارەکانی تاک، پەروەردە ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاوی هەیە، بۆیە دەکرێ بە چاوی گرنگی پیدان و پڕ بایەخ و نرخاندن لێی بڕوانرێت.

 

زۆرجار لەسەر کۆمەڵگەی پێشکەوتو یان دواکەوتو باس دەکرێت و پۆلێن دەکرێن، لەسەر یەکێک لەو دو ئاراستەیە دادەنرێن، بۆ ئاراستە باشەکە دەڵێن ئەو کۆمەڵگەیە زۆر خۆشبەختن، بەڵام بۆ ئاراستەکەی تر کە خراپەکەیە دەڵێن ئەو کۆمەڵگەیە زۆر نائارام و توندوتیژن و ناشارستانین.

 

ئەمانە هەموی پەیوەندی بە فەلسەفە و جۆری پەروەردەکەیانەوە هەیە، دیارە دروستبون و بەدیکردنی ڕەفتاری نەرێنیش ڕاستە بەشێوەیەکی گشتی پەروەردە، کاری لەسەر دەکات بەڵام زۆر هۆکار بونیان هەیە تا ڕەفتارەکان دەبن بە نەرێنی، بەتایبەت لە ناو منداڵاندا، هەر ئەو ڕەفتارانە ئەگەر ئاڕاستەکەیان نەگۆڕێ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن هاوتەریب ڕەفتارەکەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت، پێش دەستنیشانکردنی هۆکارەکان، بەباش وپێویستی دەزانم، ڕەفتاری نەرێنی بناسێنین.

 

ڕەفتاری نەرێنی بریتین لە و کار و هەڵسوکەوت و ڕەفتارانەی کە لەڕوی پێوەری کۆمەڵایەتی، پێچەوانەی دابو نەریت و یاسای کۆمەڵگەن و لای خەڵک بە نامۆو نەگونجاو سەیر دەکرێن.

 

نمونەی ئەو ڕەفتارانە (دزیکردن، درۆکردن، دەمپیسی، جنێو و وتەی ناشیرین) داوێن پیسی (دورکەوتنەوە لە ئاکار) توندو تیژی و شەڕەنگێزی (ئازاردانی کەسانیتر، بوهتان - بوختان) واتە هۆنینەوەی درۆی هەڵبەستراو بۆ کەسانیتر ....... هتد.
ئینجا هەندێک لەو هۆکارانە دەخەمە بەرچاو کە دەبنە دروست بونی ئەو ڕەفتارانەی کە نەرێنین:
1-خراپ مامەڵەکردنی دایک و باوکی مناڵ و گرنگی نەدان بە پەروەردەی دروست، یان نەشارەزایی و کەمتەرخەمی.
2-توندو تیژی و ناکۆکیەکانی دایک و باوکی مناڵان لەبەرچاوی ئەواندا، چونکە ئەو ڕەفتارە ئەگوازرێتەوە بۆ مناڵەکانیان.
3-سۆز و نازی زۆری دور لە پلانی پەروەردەیی.
4-جیاوازیکردنی مناڵان لەلەیەن دایک و باوکیان، بەوەی یەکێکیان بچوکترە نازی زۆرتر بدەنێ یان ئازاردانی یەکێکیان لە بەرچاوی ئەویتر لەسەر کارێک و ڕەفتارێکی هەڵە، ئەوەش پێویستی بە مامەڵەی پەروەردەیی و زانستی هەیە، نەک لێدان و توندوتیژی.
5-وەرگرتنی ڕەفتارێکی نەرێنی لەدەرەوەی خێزان و ڕاستنەکردنەوەی هەڵەکە.
6-مامەڵە کردنی مناڵ وەک گەورە و دورخستنەوە لە جیهانەکەی خۆی.
7-نەبونی هەماهەنگی لە نێوان قوتابخانە و خێزانەکان، چونکە لەو کاتەدا هۆکاری ڕەفتارە نەرێنیەکە نازانرێ و ناتوانرێ ئاراستەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەرێنی.

ئەوانەی سەرەوە بەشێکی گرنگ و کاریگەرن لەسەر هۆکاری دروست بونی ڕەفتاری نەرێنی، هەر یەکێک لەو خاڵانەی سەرەوە دەکرێ کاریان لەسەر بکرێت و بەرنامە و پلانیان بۆ دابنرێت هەمو ئەو ڕەفتارە نەرێنیانە بکرێن بە ئەرێنی و ڕەفتاری باش و بەجێ، بۆ ئەو کارەش تەنها پێویستە کار لەسەر پەروەردە بکرێت.

 

بۆ ئەم مەبەستەش ماندو بون و ‌هێز و ئیرادە گرنگە، وەک تۆماس جێفرسۆن، دەڵێت: من باوەڕێکی بەهێزم بە بەختەوەری هەیە، دەبینم تا زیاتر لە کارەکەمدا ماندوبم، دەستکەوتی زۆرترم دەستدەکەوێت.

 

ئەکرێ ئاماژە بە لایەنێکی گرنگ بدەین کە ئەویش هەڵەکردنە، چونکە هەمو مرۆڤێک هەڵە دەکات و هەڵە بە تاوان دانانرێت، چونکە لە ئەنجامی هەڵەکردن ڕێی ڕاست ئەدۆزرێتەوە و هەست بە بونی هەڵەکە دەکرێت و ڕاستە ڕێکە دەردەکەوێت.

 

هەر بۆیە ویلیام ڕاندۆڵف هێرس وتوێتی: گەورەترین ماف مافی هەڵە کردنە لەمەوە دەردەکەوێت ئاکام و گەیشتن بە کردن و ئەنجامدانی ڕەفتاری ئەرێنی، ڕاستکردنەوەی هەڵەکانمانن.

 

لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا دەکرێ پلان و بەرنامەی گونجاوی پەروەردەیی بۆ ڕەفتارەکان دابنرێت و توێژەرانی دەرونی و مامۆستایان بەباشی ڕابهێنرێن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی ڕەفتاری نەرێنی وەرگیراو ئەنجام دەدەن،  ئەو تاکەی هەڵە ئەنجام دەدات و ڕاستناکرێتەوە، وا دەزانێ ئەو ڕاستە و ئەوانیتر هەڵەن، لەسەر ئەم شێوازە لە کۆنەوە وتراوە: مرۆڤە ژیرەکان لە هەڵەی کەسانی ترەوە فێر دەبن، لە کاتێکدا گەمژەکان لە هەڵەکانی خۆیانەوە فێر دەبن.

187 جار خوێندراوەتەوە