په‌روه‌رده‌ رۆڵی‌ له‌ نه‌هێشتنی‌ رق و كینه‌دا

زۆر پێناسه‌ی‌ گرنگ هه‌یه‌ بۆ په‌روه‌رده‌، هه‌ر كام له‌وانه‌ بێنین، دروست و گونجاون، به‌شێوه‌یه‌كی‌  كورت و پوخت، په‌روه‌رده‌  ئامانجی‌ باڵای‌ ژیان و بونیادنه‌ری‌  ئاینده‌ی‌  گه‌شی‌  دواڕۆژی‌  گه‌ل و نیشتمانه‌، كه‌ هه‌وڵی‌  جوانكردن و خۆشه‌ویستی‌ و هاوكاری‌ و ڕاستگۆیی‌ و گه‌یشتنه‌ به‌ شكۆمه‌ندی‌.

 

ئه‌گه‌ر به‌ووردی‌ سه‌رنج له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ ڕۆژانه‌ی‌  كه‌سێتی‌ تاكی‌  كورد بده‌ین، یان له‌ كاته‌ جیاوازه‌كاندا، هه‌ست به‌بوونی‌ دیارده‌یه‌كی‌ گشتگیر ده‌كه‌ین،ئه‌ویش بوونی‌ ڕق و كینه‌یه‌ له‌جیاتی‌  لێبورده‌یی‌ و خۆشه‌ویستی‌ و قبوڵكردنی‌  ئه‌وانیتر.

 

رق و كینه‌ به‌مانای‌ بوونی‌ گیانێكی‌  شه‌ڕه‌نگێزی‌ و دووژمنانه‌، له‌ناو ناخ و هه‌ستی‌ ئه‌وتاكه‌دا، كه‌ له‌ كاتی‌  ڕوودانی‌ ڕووداوێكی‌  پێچه‌وانه‌ یان به‌دینه‌هاتنی‌ خواستی‌  خۆی‌ تووشی‌ هه‌ڵچوون و په‌رچه‌كرداری‌ نادروست ده‌بێته‌وه‌، له‌ئه‌نجامدا هه‌ستی‌ به‌رامبه‌ر ده‌شكێنێ‌ و برینداری‌ ده‌كات، بۆیه‌ ئه‌و ڕق و كینه‌یه‌، ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ زیانگه‌یاندن به‌ كه‌سانیتر و ده‌وروبه‌ر.

 

ئه‌و ڕق و كینه‌یه‌ی‌  كه‌ بوونی‌ هه‌یه‌  نابێ‌ به‌ئاسانی‌ و ساده‌یی‌ سه‌یر بكرێت، پێویستی‌ به‌ خوێندنه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڕای‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌ له‌ په‌روه‌رده‌ی‌ خێزان و قوتابخانه‌و كۆلاَنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، ئه‌گه‌ر  به‌ووردی‌  و به‌پلانی‌ زانستی‌ و په‌روه‌رده‌یی‌ كاری‌ له‌سه‌ر نه‌كرێت، زۆرجار تاكی‌  خراپ و شه‌ڕه‌نگێز دروست ده‌كات، ته‌نانه‌ت ده‌بێته‌ تاكێكی‌ تالاَنكار، هه‌ربۆیه‌ (ئاگاتا كریستی‌ 1890- 1976) هونه‌رمه‌ندو نوسه‌رو ڕۆماننووس) ده‌ڵێت: مرۆڤی‌ لاواز له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ دڕنده‌یه‌كی‌ تالاَنچی‌ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی‌ پێبدرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌ڕق و كینه‌ له‌ژیان و كۆمه‌ڵگه‌ بكات).

 

زۆرجار  ئه‌وه‌مان له‌كه‌سانی‌ ده‌وروبه‌رمان بیستووه‌، كاتێ‌  منداڵێك له‌گه‌ڵ  هاوڕێیه‌كی‌ خۆیدا ناكۆكیه‌ك یان جیاوازیه‌كیان  ده‌بێت،  ده‌كه‌ونه‌ سه‌رو گوێلاكی‌ یه‌كتر و هه‌ندێ‌ جار برینداربوون و سه‌رشكاندنی‌  تێده‌كه‌وێت، كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌  برینداره‌كه‌، هه‌میشه‌ ده‌پرسن ئه‌ی‌ تۆ چیت له‌و كرد؟، هه‌قی خۆت كرده‌وه‌؟، تۆش لێتدا؟ 

 

ئه‌وكه‌سه‌ی‌ ئه‌و پرسیارانه‌  ده‌كات له‌ مناڵه‌كه‌،  كارێكی‌ نه‌رێنی‌  و نه‌شیاوه‌ده‌كات  واله‌ مناڵه‌كه‌ده‌كات،  هه‌ركات و له‌ هه‌ر كوێ‌ بۆی‌ گونجا له‌و مناڵه‌ بداته‌وه‌ كه‌ پێشتر ئازاری‌ داوه‌،ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن  كه‌ ده‌بنه‌ هۆكارو فاكته‌ری‌  دروستكردنی‌ گیانی‌ شه‌ڕه‌نگێزی‌ و تۆڵه‌ كردنه‌وه‌، به‌لام له‌ڕاستیداو له‌ ئه‌نجامدانی‌  كرده‌یه‌كی‌ په‌روه‌رده‌یی‌، ئه‌مانه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر  ئه‌و كه‌سه‌ به‌ نه‌رمو نیانی‌ و له‌سه‌ر خۆ دڵنه‌وایی‌ مناڵه‌كه‌ بكات و به‌ ساده‌و ساكار تێی‌ بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ هاوڕێته‌ و به‌ سوعبه‌ت وای‌ كردوه‌، ئێستا ئه‌و دڵی‌ له‌لاته‌، پێی‌ ناخۆشه‌ تۆ ئازارت گه‌یشتووه‌، دڵنیام مناڵه‌كه‌ هیچ جۆره‌ ڕق و كینه‌یه‌ك له‌دڵیدا جێی‌ نابێته‌وه‌، به‌ڵا ده‌كرێ‌ بپرسین، ئایا كێ‌ ئه‌م كاره‌ ئه‌رێنیه‌ ده‌كات؟ 

 

بێگومان ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ به‌باشی‌ و دروستی‌ له‌ په‌روه‌رده‌ گه‌یشتوون و كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ئاینده‌ی‌ مناڵه‌كانیان باشتر ده‌نه‌خشێنن، كه‌ دوور بێت له‌ رق و كینه‌ و شه‌ڕه‌نگێزی‌.

 

تاكه‌كانی‌  كۆمه‌ڵگه‌ دواكه‌وتووه‌كان، زۆرجار نمایشێكی‌  خراپ ده‌كه‌ن، بۆ ده‌ربڕین و نواندنی‌  خۆشه‌ویستی‌، به‌ڵام ناخیان  دووره‌ له‌و نمایشه‌، ئه‌مه‌ش كارێكی‌ ناپه‌روه‌رده‌ییه‌، هه‌ربۆیه‌ ( پۆل ڤالێری‌ 1871- 1945)  هونه‌رمه‌ند و نوسه‌رو شاعیر) ده‌ڵێت: ( خۆنمایشكردنی‌ خۆشه‌ویستی‌  له‌ ڕق  خراپتره‌).

 

له‌ یارییه‌كانی‌ مۆدندیالی‌ ئه‌مساڵی‌ 2022 ی‌ قه‌ته‌ر، زۆر به‌ڕوونی‌  گیانی‌ شه‌ڕه‌نگێزی‌ و ڕق و كینه‌م به‌دیده‌كرد، له‌ لایه‌ن هانده‌رانی‌  زۆر له‌ هه‌ڵبژارده‌كانه‌وه‌، له‌ كاتی‌  ده‌ربڕینی‌ خۆشیه‌كانیان و پشتیوانیكردن له‌و  هه‌ڵبژارده‌ دڵخوازانه‌ی‌  خۆیان مه‌به‌ستیانه‌ سه‌ربكه‌ون، بەڵام هه‌ندێ‌ جار ده‌بووه‌، ده‌مه‌قاڵێ‌ و  ده‌ربڕینی‌ ووشه‌ی‌ نه‌شیاوو برینداركه‌ر، ته‌نانه‌ت ئه‌و حۆره‌ ده‌ربڕینانه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌لاِیه‌تیه‌كانیش ڕه‌نگی  دابۆوه‌، (عه‌لا محه‌مه‌د مسته‌فا) له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێت: ( وه‌رزش بریتیه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ عه‌قلانی‌  بۆ جه‌سته‌یه‌كی‌ ته‌ندروست ) ئه‌وه‌ی‌  چێژ له‌ وه‌رزش  ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت له‌ مۆندیالدا، ئه‌وانه‌ن كه‌ دوور له‌ گیانی‌  ڕق و كینه‌، ته‌نها به‌ سه‌ربردنی‌ كاتێكی‌ پڕچێژ سه‌یری‌ یاریه‌كان  ده‌كه‌ن، نه‌ك به‌و شێوازه‌ خراپه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ئێمه‌ به‌كاری‌ ده‌هێنن، دڵنیام هه‌موو ئه‌و كارو په‌رچه‌ كرداره‌ خراپ و شه‌ڕه‌گێزیانه‌ی‌  رق و كینه‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌، به‌ په‌روه‌رده‌یه‌كی‌ دروست  و هاوچه‌رخ، ده‌گۆڕدرێت بۆ گیانی‌ خۆشه‌ویستی‌ و یه‌كتر قبوڵكردن .

286 جار خوێندراوەتەوە