(25/7) ئاڕاستەیەك بەرەو چاكسازی و بە دامەزراوەیی كردن

ئەوەی دەمەوێ‌ قسەی لەسەر بكەم، وەك خۆی لێی بدوێم؛ شیكردنەوە و خوێندنەوەیەكی واقیعی ئەو هەلومەرجەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە ئامانجی باڵای گەیشتن بەو خەونە گەورەیەی گەلی كورد بەگشتی و (نەوشیروان مستەفا) بەتایبەتی، ئەو لە هەوڵدا بوو ئەم  نەتەوەیە بگاتە كەناری ئارامی.

وەك خۆم جگە لە گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزەی كاك (نەوشیروان مستەفا) هیچ كات و ساتێك مەبەستێكی تایبەتیم نەمبوە و نیمە، ئەم دە ساڵەی ڕابردوو سەلمێنەری ئەو وتەیەمە، لەم وتارەشدا نەمویستوە كەس پەرستی بكەمە ئامانج، ئەوەندەی مەبەستم بووە، ڕووی ڕاستی گۆڕان و بیر و هزری (نەوشیروان مستەفا) لەدیدی خۆمەوە بخەمە ڕوو، بزوتنەوەی گۆڕان وەك ئامرازێك بۆگەیشتن بەئامانجە باڵاكەی كۆمەڵگەیەكی خۆشنوود و ئازاد بەكارهاتووە نەك لەوئامانجانە پیرۆزتر و گەورەتربێت.

ئاوڕدانەوەیەك:
ئەو دەمە هەژدە ساڵ بوو، هەردوو حیزب (پارتی + یەكێتی) دەسەڵات و قەڵەمڕەوی ئەم  هەرێمە یان قۆرخ و پاوان كردبوو، تا بۆیان كرا ئەوەی لەعورفی حوكمڕانی بەدەرە هەر لەسەرتاوە بە شێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ خاك و خەڵك دەركەوت، سەرەتا تاڵانفرۆشكردنی هەرچی ئامێر و كەلوپەلی ئاسن و مس و فافۆن و ئامێرەكانی گەشەسەندنی پیشەسازی و بازرگانی و كشتوكاڵی، تاگەیشتە هەڵوەشاندنەوەی پرد و ڕوخاندن و كاولكردنی ژێرخانی ئابوری ئەم هەرێمە، چی هەبوو فرۆشتیان و ئاودیوی سنورەكان كراو خرایە گیرفانی كۆمەڵێ‌ بەرپرسی حیزبەكانەوە، ئەوەی بووە مایەی  شەرم و خەمساردی لەناو ئەم هەرێمە زۆری میلیشیا و هێزی بێ‌ ناونیشانی حیزب و كەسییەكان بوو، بەئێستاشەوە ئەو فرە میلیشیایە بوونی هەیە، تەنانەت لەهەركوێ‌ مەبەستیان بوایە زاڵگەیەكیان دروست ئەكرد و پارەیان لەخەڵك  وەرئەگرت، تەنها بۆئەوەی ڕێیان لێنەگرن و ئەوەی مەبەستیانە ئاودیوی سنورەكانی بكەن، ئەم عەقڵیەتە گەیشتە ئەوەی سنورەكان بۆخۆیان پاوان بكەن و حیزب هەمووشتێك یبَت و چۆنیان ویست وابكەن، تاكارگەیشتە ئەوەی ئەوحیزبانە بەعەقڵیەتی شاخ و بەزەبری هێزو ململانێی ناشارستانی و سڕینەوە و پەلاماردان و ناشیرینكردن و دەركردن بەیەكتریان كرد، لای خەڵك بەشەڕی براكوژی و ناوخۆناسراوە.

ئەمانە و پێشێلكردنی ئازادی بیروڕاو گرتن و بێ‌ سەروشوێنكردنی چەندین كەس كە هاوڕانەبوون لەگەڵ حیزبە دەسەڵاتدارەكان، ئەم هەرێمەیان كردە گۆمی خوێن و چەند پارچە، دوژمنانیش ئەوفرسەتەیان قۆستەوەو دەستی چەند حیزبێكیان ئەگرت  هاندانیان ئەدان تا دۆخەكە ئاڵۆزتربكەن.

دوو ئیدارەیی بوو بە ئەمری واقیع و كوردستانیان كرد بە كێكێكی دوولەت، پاش ئەوەی نێوەندگیری زلهێزەكان كەوتە ئاراوە تا ئەو ستراتیژەی ئەیانەوێ‌ بەدی بێت، شەڕیان وەستاندو حكومەتی هەرێم بەناو بوەوە بەیەك حكومەت، بەڵام تائیستاش مۆركی دووئیدارەیی بەم هەرێمەوە دیارەو ناشارێتەوە. دوای ڕوخانی ڕژێمە سەركوتكەرەكەی بەعس، سەركردەكانی ئەم حیزبانە كەوتنە بانگەشەو خۆڵكردنە چاوی خەڵك گوایە ئێمە باشترین جۆری حومڕانیمان هەیە تاگەیشتە ئەوەی ناویان لێنابوو  حوكمڕانیەكی بێهاوتا لەناوچەكەدا، زۆرجار ئەكەوتنە زیادە ڕەوییەوە و ئەیانووت (ئەزمونی جوانی حوكمڕانی خۆمان ئەكەینە نمونەو بۆ بەشەكان و شارەكانی عێراق ئەگوازینەوە)،هەركە زانیان پارەوداهاتێكی زۆر لە بەعس بەجێماوە، بەرەو بەغدا كەوتنەڕی و لەوێش هەمان كارەكانی ئێرەیان دووبارەكردەوە، لەبەر هەڵپەی كۆكردنەوەی سامان هەرێمیان خستە لاوە .

بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو ناڕێكی و نادادی هەلپەرستیەدا، ویست و خواست و خەونی گەورەش هەبوە تا ئەو كەشتیەی ناوی هەرێمی كوردستانە لەناو ئەو دەریا پڕ شەپۆلە و گێژاوەی گەندەڵیدا، ئاراستەكەی بەرەو كەناری ئارامی ببات و خەونی ئەم میللەتە بەش مەینەتە بكاتە واقیعێكی بەرجەستەی جوانی هاوچەرخ، من نامەوێ‌ هەندێ‌ كەسایەتی بكەم بە فریشتە و ئەوانی تر بە پێچەوانەوە، میژوو ئەوەمان بۆ ڕاست دەكاتەوە، كێ‌ نیەتی باشی هەبووە و كێش ڕۆڵی سەرەكی گێڕاوە بەو ئاراستەخراپەی ئەمڕۆی هەرێمەكەمانی تێكەوتوە؟

هەرچەندە خودی (نەوشیروان مستەفا) چەند جارێك لە نوسینەكانی و لێدوانەكانیدا، خۆی لەوخراپەكاریانە نەدزیوەتەوەو خۆی بەهاوبەش و شەریك زانیوە، لە باشی وخراپی ئەم ئەزمونەی كەهەیە، تاوازهێنان ودەست لەكاركێشانەوەی لە (ی ن ك ).

بیرۆكەی چاككردنی دۆخی خراپكراو:

 لەپێش ڕاپەڕینەكەی بەهای (1991) بەرنامەی سیاسی هەموو حیزبەكان لەشاخ، باسیان لە شێوازی حوكمڕانی و ئاوەدانكردنەوە و پەرپێدانی هەموو بوارەكانی ژیان دەكرد وئاوڕدانەوە بەپلان و بەرنامەی زانستی  تا كۆمەڵگەی كوردی  بەرەو ژیانێكی  پڕ لە قوربانی و خەباتی دوورو دریژ ئاهێكی بەبەردابێتەوە، بەڵام ئەو كاتەی حیزبەكان هاتنە شارو كەوتن بەسەرنازو نیعمەتی سامان و كۆكردنەوەی دراوو دۆلار هەموو ئەو بەڵێن و بەرنامانەیان خستە لاوە .

 لەگەڵ هەموو ئەو ناڕێكی فەرامۆشیەی ستراتیژی ڕابردووی حیزبەكان، كەسانێك هەبوون هەگبەی خەمی ئەم نیشتمانەیان كردبوە شان و پڕۆژەی گونجاویان هەبوو، بۆ باشتركردنی هەرێم لەسایەی حوكمی خۆماڵی، زۆربەمان ئەو ڤیدیۆیەی نەوشیروان مستەفامان بینیوە، كە سەردانی لایەنەكان دەكات داوایان لێدەكات هاوكاری بن لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی شارستانی، بەتایبەت دانیشتنی لەگەڵ مامۆستا مەلا(عوسمان عەبدول عەزیز) بەڕوونی گلەییەكانی لە دەسەڵاتداران دیارە.

 لەساڵی 1992 بۆماوەیەك (نەوشیروان مستەفا) ڕوودەكاتەوە زەڵی و لەوێ‌ دەمێنیتەوە بەهۆكاری ناڕازی بوون لەودۆخە ئاڵۆزە دروست كراوە، كاتی شەڕی ناوخۆش دروست دەبێت ئەو لە ئەوروپا دەبێت و چەند جار هەوڵ دەدات ئەو خوێن ڕشتنە ڕابگرێ‌ بەڵام بێ‌ سوود بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەمەبەست و بۆ لەكەداركردنی زۆر هەوڵیاندا هەموو شەڕی ناوخۆ بخەنە ئەستۆی (نەوشیروان مستەفا) وئەو تاوانە مێژووییە بخەنە سەشانی ئەو.

پاش ئەوە چەندین پڕۆژەوەوبەرنامەی پێشكەش بە یەكێتی كرد تا شێوازی بەڕێوەبردن و جۆری حیزبایەتی بگۆڕێت، لەمەشدا لەمپەرو ڕێگری زۆری بۆدروستكرا، كە زانی هەموو هەوڵ و تەقەلاكانی بۆ چاكسازی و نوێكردنەوەی حیزب و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بێ‌ ئەنجامەو ئاكامی نابێت، بەناچاری لەناو حیزبەكەیدا(ی ن ك ) باڵی ڕیفۆرمی دامەزراند، سەرەڕای بەڵینەكانیان بەوەی لە هەڵبژادنە ناوخۆییەكانی ئەو حیزبەدا دەست وەردان نەكرێت، ئەوەش پێچەوانەبۆوەو كەوتنە ئەندام و خەڵك كڕین لەبەرژەوەندی باڵێك كە بە باڵی گشتی ناسرابوو، ئەمە زیاتر(نەوشیروان مستەفا)ی بۆچاكسازی  بێ ئومێد كردو ساڵی 2006 وازهێنان و دەست لەكاركێشانەوەی لەو حیزبە ڕاگەیاند هەرچەند یەكێك بوولە كاریگەرترین سەركردەی ئەو حیزبە، بەڵام ئەو كۆڵی نەداو بەشێوازێكی نوێ‌ مەبەستی بوو درێژەبە پڕۆژەكەی خۆی بدات ، بۆئەو مەبەستە كۆمپانیای وشەی بۆكاری ڕاگەیاندن دامەزراند.

(وشە)، دەستی (نەوشیروان مستەفا)ی زیاتر واڵا كرد تا بتوانێت ، بەكردەیی  خەباتی چەكداری و ئەوفۆڕمەكۆنە ئاراستەكەی بگۆڕێ‌ بۆ خەباتی مەدەنی دوورلەبەكارهێنانی توندوتیژی و خوێنڕشتن، بۆیە فرسەتێكی باش هاتەپێش ئەویش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو كە لە 25ی 7 ی 2009 ئەنجامدراو(نەوشیروان مستەفا) و هاوڕێكانی بەلیستێك بەناوی (لیستی گۆڕان) بەشداربوون، لەئەنجامدا سەرەڕای زۆرلێكردن و بەكارهێنانی توندوتیژی وساختەكاری و ترس و تۆقاندن و دەركردن و نانبڕین،  توانیان (25) كورسی ببەنەوە.

ئەوەی بووە فاكتەری سەركەوتنی لیستی گۆڕان ، بوونی بەرنامەیەكی ڕوون و ڕاستی پێویستی سەردەمیانەو هاوچەرخ بوو كە خواستی زۆرینەی خەڵك و داخوازییەكانیانی تێدا جێ ببۆوە، لەگەڵ بوونی كەسایەتیەكی كاریزمی و جێی متمانەی خەڵك كە (نەوشیروان مستەفا) بوو، بوونی فراكسیۆنی گۆڕان لەناو پەرلەن دۆخێكی نوێی خولقاند لەناو ئەودامەزراوە گرنگەدا، بەتایبەت وەك هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی كاراو خاوەن پڕۆژەی چاكسازی، چوارساڵی یەكەمی ئۆپۆزیسیۆنی گۆڕان زۆركاری گرنگ كرا لەسەربیركردنەوەی تاكی كوردو وشیاركردنەوەی، گرنگترینیان بەخاڵ دیاری دەكەم :

1- بۆیەكەمجاربوو خەڵك ئاشنا بێت بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی
2- بەهۆی ئەو هێزە خەڵك وشیاری پەیداكرد كە هەموو تاكێك مافی هەیە
3-شارەزابوون لە بودجەو داهات و خەرجی
4-زانینی شێوازی دانانی پڕۆژە یاسا لەڕێگەی پەرلەمانەوە
5-هەستكردن بەبوونی نادادیەكی زۆر لەساڵەكانی حوكمڕانی ڕابردوودا
6-بەهەدەردانی سامانی گشتی بۆ بەرژەوەندی حیزبە باڵا دەستەكان
7-كۆتوبەند كردنی كۆمەڵگەو بەحیزبیكردنی
8-سەربەخۆنەبوونی دەسەڵاتەكان بەتایبەت دەسەڵاتی دادوەری و دادگاكان
9-پێشێلكردنی ئازادیەكان بەتایبەت ئازادی ڕادەربڕین
10-بەهێز كردنی دەسەڵاتی حیزب و بێدەسەڵاتكردنی حكومەت و پەرلەمان
11-بوونی واقیعێكی دروستكراوی دوو ئیدارەیی لەلایەن دوو حیزبەوە
12-ڕێگری كردن لە دەستاودەستكردنی دەسەڵات و مانەوەی خۆیان لە حوكمڕانی
13-تێكەڵكردنی شێوازەكانی حوكمڕانی
14-دێواندنی سەركردەكانیان و پێدانی ڕۆڵی بەدەرلە مرۆڤ بوونیان

 گۆڕان بۆئامانجی باڵای نەتەوەیەك بەدیهات و خەونێكی جوان بوو بۆشادبوون بەئارامی و ڕزگاربوون لە نادادی و بە دامەزراوەیی كردنی دامودەزگاكانی كۆمەڵگە، (ئەحمەد سەعید)ی نوسەر لەناساندنی گۆڕان لەهەموو كۆمەڵگەكاندا بەم جۆرە دەیناسێنێ‌ و دەڵێ‌ (گۆڕان تاكە هیوای ئەبەدیە كە بە زیندوویی دەمێنێتەوە) لێرەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی  كە هەموو كۆمەڵگەیەكی تووش بوو بە نەخۆشی و پەتای گەندەڵی بۆ ڕزگاربوون و شادبوون بە دادوەری ،دەبێت هانا بۆ بەرنامەی گۆڕان و گۆڕانكاری بەرێت  بەپێی هەلومەرجی  ژیانی ئەو كۆمەڵگەیە، (نەوشیروان مستەفا) بەم جۆرە خواستی چاكسازی و بەدیهاتنی كۆمەڵگەیەكی شارستانی هاوچەرخ بوو، كە دووربێت لە چەوساندنەوەی مرۆڤ و پێشێلكردنی ئازادیەكان و هاتنەدی خەونی ئەوانەی لەپێناویدا بوونە قوربانی.
بزوتنەوەی گۆڕان كەئەوهەموو خەون و پلانە تۆكمەیەی لەپشت بێت و دوای ئەو هەموو ژانە سەخت و پڕ ئازارە لەدایك بوبێت ، گومانی تێدا نیە، كە لە سەر بیرو فكری  دامەزرێنەرەكەی بەردەوام دەبێت  لەسەر ئەو هێڵە دیاریكراوە ستراتیژبەی بۆی دامەزراوە كە دژایەتیكردنی گەندەڵی و سەر ڕێخستنی پڕۆژەی چاكسازی بنەڕەتی لە هەموو بوارەكاندا، لەپێناو ڕاستكردنەوەی ئەو بەلاڕێدابردنەی  كۆمەڵگەی كوردی خستۆتە دۆخێكی خراپی ئابوری و كۆمەڵایەتی و دەروونیەوە.ڕێگەكانی شادبوون بەكامەرانی هەرچەند دوورو سەخت بن بەڵام بە گۆڕان و بەردەوام بوون لەو كاروانە هەر دەبێت بگەینە ئامانجە باڵاو پیرۆزەكان، كەچاككردنی ئەو دۆخە نالەبارە دروستكراوەیە بە پڕۆژەكەی (نەوشیروان مستەفا) كەبزوتنەوەی گۆڕانە.



818 جار خوێندراوەتەوە