زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی‌ ئێستا، ئومێدێك بۆ ئاینده‌

له‌ناو پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌دا، ئه‌وه‌ی‌ كاریگه‌ری‌ هه‌یه‌ و ئامانج  به‌دیدێنێت، شێوازی‌  مامه‌ڵه‌كردنه‌  له‌گه‌ڵ  قوتابی‌ و خوێندكاراندا، چونكه‌ له‌ڕووه‌ زانستیه‌كه‌یه‌وه‌، هه‌موو كارێك  كاردانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌.

له‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌دا جگه‌ له‌ فێركردن، ئه‌ركێكی‌ گه‌وره‌تر له‌سه‌ر مامۆستایانه‌، ئه‌نجامی‌ بده‌ن، ئه‌ویش په‌روه‌رده‌كردنه‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش پێویستی‌ به‌ توانای‌ بیرو پلانی‌  زانستی‌ و مامه‌ڵه‌ی‌ دروست هه‌یه‌، له‌ڕووی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ده‌روونی‌، لێره‌وه‌ كه‌سێتی‌ مامۆستای‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌رده‌كه‌وێ‌، به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ ڕاست و دروست، له‌گه‌ڵ قوتابی‌ و خوێندكاردا، گرنگیدان به‌ لایه‌نی‌  په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونی‌ پاشان  بایه‌خدان به‌  گه‌یاندنی‌  زانست و زانیاری‌، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش  به‌هۆی‌ پرۆگرامی‌  په‌روه‌رده‌یی‌  خوێندن، ئه‌نجام ده‌درێ‌، ئاكامه‌كه‌شی‌  گه‌یشتنه‌ به‌و كۆمه‌ڵگه‌ شارستانیه‌ی‌  خه‌ونی‌  كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانی‌ تێدا به‌دیدێت.

بۆیه‌ (كامل ده‌روێش 1927- 1993) نوسه‌ر و په‌روه‌رده‌كاری‌ لوبنانی‌  ده‌ڵێ‌:
(خۆری‌ هه‌ر شارستانیه‌ك بدره‌وشێته‌وه‌، تیشكه‌كانی‌ مامۆستایانن)، ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌ری‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌بێ‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ری‌ مامۆستایان له‌ گه‌شه‌ پێدانی‌  كۆمه‌ڵگه‌ و گۆڕانكاریه‌كان،  زۆر مه‌حاڵ و ئه‌سته‌مه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر كارئاسانی‌ و هاوكاری‌ و پشتیوانی‌ مامۆستایان بكرێت، گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌ باڵایه‌  زۆر ئاسانه‌، هیچ كات نابێته‌ به‌رده‌كه‌ی‌  سیزیف، ئه‌ و ڕۆمانه‌ی‌  ئه‌لبێركامۆ، ئاماژه‌ به‌ ڕه‌نجی‌ بێهوده‌و بێ‌ ئاكامی‌، مرۆڤ ده‌كات، به‌دڵنیایی‌  تاكه‌ ده‌رچه‌ بۆ ده‌رباز بوون، له‌ ڕه‌نجی‌  بێهیوایی‌  و گه‌یشتن به‌ ئارامی‌ تاك و كۆمه‌ڵگه‌، ته‌نها  ده‌رمانه‌كه‌ی‌ لای‌ ئه‌و پزیشكه‌یه‌ كه‌ ناوی‌ مامۆستایه‌، ناكرێت،  مامۆستاش شانی‌ له‌ به‌رپرسیارێتی‌  داماڵرێت و ئه‌ركه‌كه‌ ته‌نها بخرێته‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ تر، مامۆستا له‌سه‌ریه‌تی‌  به‌به‌رنامه‌و پلانی‌  زانستی‌ و به‌ ڕوویه‌كی‌ گه‌شه‌وه‌ و دڵێكی‌ فراوان و خۆشه‌وه‌، به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ مرۆڤدۆستانه‌ و به‌ شێوازی‌ نه‌رمونیانی‌ و ئارامی‌ كار بكات، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ بنیاتنانی‌  ڕێزو خۆشه‌ویستی‌ له‌ نێوان  خۆی‌ و قوتابیان و خوێندكاراندا،  فرۆید وای‌ بۆده‌چێت، كاتێ‌ ڕێزو خۆشه‌ویستی‌ له‌نێوان مامۆستا و قوتابی‌  هه‌بێت، دڵنیایی‌  سه‌ركه‌وتنی‌ پرۆسه‌ی‌ فێركردن ده‌كاته‌وه‌ و به‌ڕوونی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت، ئه‌و پێیوایه‌ تاكه‌ هۆكاری‌ فێركردن، خۆشه‌ویستیه‌، هه‌ركاتێ‌ ئه‌و كاره‌ ڕه‌نگیدایه‌وه‌ له‌نێوان مامۆستاو قوتابیه‌كانی‌ ، بێگومان  ئامانجه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌ر مامۆستایه‌  ڕۆڵ ده‌گێڕێت، له‌ دیاریكردنی‌ كه‌سێتی‌ مناڵ و ئاراسته‌ی‌ ده‌كات بۆ ئاینده‌، بۆیه‌ لای‌ زۆربه‌مان یادگاریه‌كانی‌ مناڵیمان ئه‌و  زه‌نگه‌یه‌، ڕۆژانه‌ دێته‌ ناو بیره‌وه‌ریمان و كه‌سێتی‌ و هه‌ڵسوكه‌وت و مامه‌ڵه‌ی‌  مامۆستاكانمان له‌ قۆناغه‌كانی‌  ڕابردوودا لێده‌درێته‌وه‌ و ده‌یانكه‌ینه‌ باس  و خواس و حیكایه‌ته‌ شیرینه‌كانی‌ ته‌مه‌نمان،  له‌م باره‌یه‌وه‌ (فیلۆكسین) ده‌رباره‌ی‌ كاری‌ مامۆستایان  و كاریگه‌ریان  له‌سه‌ر داهاتووی‌ كۆمه‌ڵگه‌ وتوێتی‌: (مامۆستا ئه‌وكه‌سه‌یه‌، كه‌ ڕێمان نیشان ده‌دات، ژیانێكی‌ ڕاست و خۆش بژین)،  ژیانی‌ خۆش و خۆشه‌ویستی‌ و ڕێز گرتن له‌ناو كه‌سێتی‌ مامۆستاوه‌ ڕه‌نگده‌داته‌وه‌و ده‌بێته‌ هه‌وێنی‌ كامه‌رانی‌ بۆ ئاینده‌ی‌ خۆشنوودی‌ نه‌وه‌كانی‌  داهاتوو، به‌ڵام له‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ئێستادا، ئه‌و گوتاره‌ نه‌كراوه‌ته‌ كردار و كاری‌ له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، پێم وانیه‌، تاوانه‌كه‌ مامۆستا بێت به‌ته‌نها، شێوازی‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌ كرچوكاڵه‌ و تێكه‌ڵه‌یه‌ كه‌ سه‌رله‌به‌ری‌ له‌كۆڵخۆكردنه‌وه‌یه‌، مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بڵێن ته‌نها ده‌رگاكانی‌ قوتابخانه‌كان كراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ دۆخی‌ په‌روه‌رده‌ به‌م ئاسته‌  گه‌یشتوه‌، كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌یه‌ گوێ‌ له‌كه‌س  ناگرن و سه‌رنج و تێبینی‌ و ڕه‌خنه‌كانی‌ خه‌مخۆران  به‌هه‌ند وه‌رناگیرێت، چه‌ندین  به‌شی‌  په‌روه‌رده‌و یه‌كه‌ هه‌ن كه‌ زیاده‌ن و ئیش دۆزینه‌وه‌یه‌ بۆ كه‌سانی‌ تر، كه‌ی‌  كۆنفرانسه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌م هه‌رێمه‌  گۆڕانكاریان دروستكردوه‌؟

ئه‌و كۆنفرانسانه‌، ته‌نها  دورینی‌ كراسه‌ به‌ به‌ری‌ چه‌ند كه‌س و به‌رپرسێك و هیچیتر، كه‌ی‌  له‌ناو پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌دا،كار له‌سه‌ر لایه‌نه‌ ده‌روونی‌ و ڕوحیه‌كانی‌  قوتابیان كراوه‌؟ كام له‌و چیرۆكه‌ به‌هێزانه‌ی‌  دنیای‌ مناڵ  خراونه‌ته‌ ناو پڕۆگرامه‌كانی‌ خوێندن ؟ تا كار له‌ هه‌ست و سۆزی‌ مناڵان بكات و بكرێته‌  ئامرازی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ ڕوحی‌ و لایه‌نی‌ سۆزو هه‌ست  به‌ئاراسته‌ی‌  خۆشویستن  و ڕێزگرتنی‌ ئه‌وانیتر، كه‌ئه‌مانه‌ كاریان له‌سه‌ر نه‌كرابێت، ئه‌ركه‌كه‌  ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی‌  مامۆستایان  و پێویسته‌ بزه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ و پێكه‌نین و خۆشه‌ویستی‌ ببه‌خشن به‌ قوتابیان و روح و هه‌ستیان ئاراسته‌ بكه‌ن ، تا نیشتمان پڕبێت له‌ پێكه‌نین و خۆشه‌ویستی‌ و دووربكه‌وینه‌وه‌ له‌م  غه‌م و ئازاره‌ی‌ ژیانی‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانی‌  داگیركردووه‌.

958 جار خوێندراوەتەوە