کەسێتی مامۆستا و کاریگەری لەسەر پەروەردە

کەسێتی مامۆستا زۆرگرنگە لە ناو پڕۆسەی پەروەردەدا، کاردانەوە و کاریگەری لەسەر کەسێتی مناڵ جێدەهێڵێت. توێژینەوە پەروەردەییەکان گرنگییان بە شێوازەکانی کردار و ڕەفتاری کەسی پیشەیی مامۆستا داوە، کە دەبێتە هۆکاری بەهێزبونی لێهاتوییە پەروەردەییەکان و ئاسودەیی دەرونی بۆ مناڵان.

 ئەو کاتەی بەتەواوی مامۆستا بایەخ بە پیشەکەی بدات و خواستی ئەوەی هەبێت، وەک مامۆستا کەسێتی زانستی وپەروەردەیی خۆی بەرجەستەبکات.

مامۆستای سەرکەتو دەتوانێت گیانی لێبوردەیی وخۆشەویستی وڕێزگرتن وهاوکاری لەناوناخی مناڵدا بچێنێت، ئەوەش بە مامەڵەیەکی پەروەردەییانەی دروست، لەڕێگەی ئەم جۆرە مامەڵانەوە:

(نەرمونیانی، ڕێزگرتن، ئارامگرتن، ڕاهێنانیان لەسەرچۆنێتی هەڵەکردن کەئاساییە وچۆنێتی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، هاندان، هاوکاری، خۆشەویستی ئەوانیتر، دورخستنەوەیان لە دەمارگیری، دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی، ڕاستگۆیی ودورکەوتنەوە لەدرۆکردن).

ئەمانە بەشێکی گرنگن کە مامۆستا لە هەڵسوکەوت و ماماڵەی کرداری لەکاتی وانە وتنەوە و ئاڕاستەکردندا ئەتوانێت بەشێوازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری هەبێت لەسەرمناڵان، ئەمانە مامەڵە و کرداری پەروەردەیین، هەندێ شێوازیتری کاریگەرهەن کە مامۆستا دەتوانیت، کەسێتی مناڵ بەهێزبکات، کە زیاتر ڕوکەش و ڕواڵەتین، کە مناڵ بەبێ ویستی خۆی نیگاکانیان تێکەڵ بە دیمەن و شێوازو جەستەی مامۆستا ئەبێت، بۆیە جلوبەرگ وجەستەی مامۆستا زۆرکاریگەری لەسەرڕەنگدانەوەی ئەرێنی ونەرێنی بۆسەرکەسێی مناڵ هەیە، بۆمامۆستایانی پیاوئافرەت(ژن).

بەپێی کات وسەردەم وگۆڕانکاریەکانی دنیا، پەروەردەوڕۆڵی نەوەکان گۆڕانکاری بەسەردادێت، هەمیشە نەوەی تازە سودیان لەئەزمونی مامۆستاکانیان وەرگرتوەودەبێ مامۆستاکانیان تێپەڕێنن، ( لیۆناردۆ داڤینشی ١٤٥٢-١٥١٩)دەڵێت:( ئەوەی مامۆستاکەی تێنەپەڕێنێ وباشترنەبێت، خوێندکارێکی بێ بەرهەم و هیچە).

مامۆستا پیویستە زۆربەشێوازی سادەوئاسایی لەگەڵ مناڵان وخەڵکی مامەڵەبکات، واتە هەڵسوکەوتی خاکەڕایانە بێت، بەوەش قوتابیەکانی وخەڵک خۆشیان دەوێت، خۆشەویستیش هۆکارێکی گرنگە بۆنزیکی وفێربون.

(ویلیام ئارسەروارد)دەڵێت:(مامۆستای خاکەڕاولێبوردە، باش بۆمان ڕون دەکاتەوە، بەجوانی وڕێزەوە ڕێی ڕاستمان نیشان دەدات، مامۆستای خۆبەزلزانیش ئەو کەسەیە کە پەراوێزمان دەخات).

بەدەرلە کاریگەری کەسێتی مامۆستا بۆسەرقوتابیان وخوێندکاران، مامۆستایان کاریان ئەوەیە هەمیشە ژینگەیەکی لەباربۆ منالآن بڕەخسێنن تا خۆری سەرکەوتن وهیوا لەکازیوە چاوەڕوانیان بکات،(بیل پارسێڵز)وتوێتی:(مامۆستای باش ژینگەیەک دروست دەکات کە ڕێگە بە خوێندکار دەدات سەرکەوتو بێت).

زۆرجارلەناوکایەی کۆمەڵایەتیدا باس لە کەسێتی ئەومرۆڤانە دەکرێت کەلەناوکۆمەڵگە دیارن وکاریگەریان بەرچاوە، بێ چەندوچون هەموان باس لە قۆناغەکانی خوێندن دەکەن ومامۆستاکانیان بە نمونە دەهێننەوە، هەریەکێک لەوانە باس لە شێوازی مامەڵەوباڵاوڕێکپۆشی وهێمنی وگفتوگۆی مامۆستاکانیان بەوجۆرەی هاتونەتە بەرچاویان دەیان ناسێنن، ئەوە دەبێتە ناسنامەی مامۆستایان لای قوتابیان وخوێندکاران، کە کەسێتیانەورەنگیداوەتەوە.

یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی کەسێتی مامۆستا ئەنجامدانی دادپەروەریە، هەرمامۆستایەک نەیتوانی دادپەروەری لە پیشەکەیدا بەدیبێنێت، پەیامەکەی ئەسپاردەی تاریکی کردوە، وەک(حەسەنی بەسری)ئاماژەی بۆکردوەوتوێتی:(ئەگەرمامۆستا لە ناوقوتتابیاندا دادپەروەر نەبێت، وەک لەتاریکیدا بنوسێت وایە).

لایەنێکی تری گەشی کەسێتی مامۆستا گرنگیدانە بەخۆڕۆشنبیرکردن وئاگایی بەردەوام لە ڕوی زانست وزانیاری وچۆنێتی گەیاندنی پەیامە پەروەردەییەکەی، بەهۆی فێربون، دوربکەوێتەوە لە شێوازی کۆنی وانە وتنەوە، کەپێی دەوترا فێرکردن، لەوکاتەدا زەبروزەنگوبەزۆرجێگەی خواست وحەزویست وئارەزودەگرێتەوە.

مرۆڤ کاتێ خۆی ڕۆشنبیردەکات وێڵە بەدوای فێربونی زیاتر، ئاگایی وهزری فراوان دەبێت، بەمەش دەگات بەهٶشیاری، ‌هیچ شتێکیش هێندەی هۆشیاری سود بەمرۆڤ ناگەیەنێت، بەتایبەت بۆمامۆستایان، پیرەمێردی نەمر لەسەر هۆشیاری وتوێتی:
قەت بەهێچ ناچێ، خانم وخاتون
هۆشیاری مرۆڤ، دەکات بەئاڵتون.
مامۆستای سەرکەوتوخاوەن کەسێتی بەرز، جیاواز لەگەیاندنی پەیامە مرۆڤایەتیەکەی کە فێربونە، لەڕوی دەرونیشەوە، ئاسودەیەودڵی بە پیشەکەی زۆر خٶشە.

مامۆستا دەتوانێت بەباشی وجوانی پەیامی فێربون و شێوازەکانی بیرکردنەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە: بیرکردنەوەی زانستی، بیرکردنەوەی داهێنەرانە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەناوکەسێتی خوێندکاراندا بگەیانێت، بەمەش ئایندەی کۆمەڵگە ڕون وگەش وپڕدیمۆکراسی دەبێت، بەها ونرخ بۆ ژیان دابین دەکرێت، ئازادییەکان فەراهم دەبن، دەسەڵات وکارگێڕی وپایەکانی کۆمەڵگە پتەو دەبن،نیشتمان دەبێتە ژینگەیەکی ژیاری و کامەرانی، سۆزوخۆشەویستی جێ بە ‌ڕق وکینە لەق دەکات و ژیان دەبیتە جوانترین تابلۆی سەرنج ڕاکێش و تێڕامان.

وتارەکەم کۆتایی بە وتەیەکی(فیلۆکسین ئه لستێری)دێنم کەدەڵێت:( (ئەوە مامۆستاکانمانن کە ڕێگای ژیانێکی ڕاست ودروستمان نیشان دەدەن وجوانیمان پێدەبەخش).

248 جار خوێندراوەتەوە