خەلیفەی نوێی داعش کێیە؟

KNN : Kurdish News Network
10:20 - 01/11/2019
جیهان
+
-

دوای نزیکەی هەفتەیەک لە کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشووی داعش، شەوی رابردوو، رێکخراوی داعش، لە رێگەی تۆمارێكی دەنگیەوە خەلیفەیەکی نوێی بە ناوی ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی ئاشکراکرد.

ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی کێیە؟

ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، دوای کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشووی داعش، دووەم خەلیفەی رێکخراوی داعشە.

هاوکات، داعش لە تۆمارە دەنگییەکەدا هیچ زانیارییەکی زیاتری لەسەر خەلیفە نوێیەکەی ئاشکرانەکردووە و تاوەکو ئێستا وێنە و ناوی راستی ئاشکرا نەکراوە و بەپێی شارەزایان ئەو ناوە ناوێکی خوازراوە و نازناوی شەڕە نەک ناوی راستی.

داعش بۆ چی نازناوی ئەلقورەیشی بەکاردەهێنت؟

بەپێی شارەزایانی بواری رێکخراوە جیهادییه‌كان، داعش بەمەبەست ئەو نازناوەی بەکارهێباوە و مەبەستێتی لەو رێگەیەوە سەرجەم ئەندامان و سەرکردەکانی دیکەی رازی بکات کە ئەوەی کراوە بە خەلیفەی نوێ لە ئەسڵدا لە هۆزی قوڕەیشە و لە بنەماڵەی پێغەمبەری ئیسلامە.

 شارەزایان و سەرچاوە هەواڵگرییەکان چی دەڵێن؟
دوای راگەیاندنی خەلیفەی نوێی داعش، زۆرترین گەڕان و پرسیار دەربارەی خەلیفە نوێیەکەی داعش کراوە، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئەبو ئیبراهیم ئەلهاشمی ئەلقورەیشی، ناوی راستی عەبدوڵا قەرداشە و هاوڵاتییەكی توركمانی عێراقییە و لەساڵی ١٩٧٦، لە شارۆچكەی تەلەعفەر لەدایكبووە و كۆلیژی زانستە ئیسلامییەكانی باب الاعظمى بەغدادی تەواوكردوە.

لە ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای داگیركردنی عێراق چووتە ڕیزی ڕێكخراوە جیهادییەكان و لە ساڵی ٢٠٠٤ دەستگیركراوە و لەگەڵ بەغدادیدا لە قۆناغی خویندنی زانكۆوە هاوڕێ بوون و لە زیندانی بۆكا لەگەڵ بەغدادی پێكەوە زیندانی بووە تا ساڵی ٢٠٠٩ لە دوای ئازادكردنیشی لەگەڵ بەغدادیدا پێكەوە داعشیان دروست كرد.

 

لە ناو داعشدا چ بەرپرسیارێتییەکی هەبووە؟
بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەکان، قەرداش، ماوەیەکی زۆر لە لایەن بەغدادییەوە وەکو جێگری خۆی دانراوە و کەسێکی متمانە پێکراوی خەلیفەی پێشووی داعش بووە.
هاوکات لە ناو رێکخراوەکەدا بەرپرسی ئەمنی بووە کە یەکێکە لە پۆستە هەستیارەکانی رێکخراوەکە، ماوەیەکیش کاری ئامادەکردنی تەقینەوەکان بووە.

یەکەم خەلیفەی داعش:

ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشووی داعش، ناوی ته‌وای ئیبراهیم عەواد محەمەد ئیبراهیم عەلی محەمەد بەدری و لە ساڵی ١٩٧١ لە سامەڕا لە دایکبووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٣ ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامی عێراق بووە، لە ساڵی ٢٠١٤ تا کوژرانی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بووە و لە ساڵی ٢٠١١دا ئەمریکا بڕی ١٠ ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات بۆ ئاشکراکردنی زانیاری یان کوشتنی تەرخانکرد دواتر ئەو پارەیە بۆ ٢٥ ملیۆن دۆلار زیادکرا. له‌ ساڵی ٢٠١٤دا داعش خه‌لافه‌تی راگه‌یاند و به‌غدادی وه‌ك خه‌لیفه‌ ناساند و بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو، دوای گەمارۆدانی لە لایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریکاوە بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لە تونێلی ماڵەکەیدا لە گوندی باریشا لە پارێزگای ئێدلبی سوریا خۆی تەقاندەوە.

4784 جار خوێندراوەتەوە