پێدەچێت ساڵی ٢٠٢٤ یەکێک
بێت لەو ساڵانەی کە لەروی سیاسییەوە ساڵێکی پڕ لەکێشمەکێشم و ململانێ بێت، جیا لەجەنگ و روداوە
سیاسییە بەردەوامەکان، دیارترین سیمای ساڵی ٢٠٢٤ لەروی سیاسییەوە بریتی دەبێت
لەزۆری ژمارەی هەڵبژاردنەکان لەم ساڵەدا بەجۆرێک کە نیوەی هاوڵاتیانی جیهان لەساڵی ٢٠٢٤دا بەرەو سندوقەکانی دەنگدان دەچن و شەپۆلێکی
هەڵبژاردن جیهان دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکان
لەمساڵدا نزیکەی دو ملیار کەس بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن،
ئەمەش روداوێکە کەپێشتر روینەداوە. گۆڤاری زە ئیکۆنۆمیست دەڵێت:بەگشتی نزیکەی ٤
ملیار کەس لەو ٦٥ وڵاتەی
جیهاندا دەژین کەهەڵبژاردنەکان تیایاندا ئەنجام دەدرێن، ئەمەش دەکاتە نزیکەی نیوەی
دانیشتوانی گۆی زەوی، هاوکات ئەو وڵاتانەش نزیکەی ٥٠٪ی بەرهەمی ئابوری جیهان
پێکدەهێنن.
لەکۆی ٦٦ هەڵبژاردن کە
لەسەرانسەری جیهان لەساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجام دەرێن، زیاتر لە ٣٠ هەڵبژاردنیان بریتی
دەبن لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، هەڵبژاردنەکانی دیکەش تایبەت دەبن بەهەڵبژاردنی
پەرلەمانی و شارەوانی وڵاتان. لێرەشەوە ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات،
بەراورد بەساڵەکانی پێش خۆی، لەروی زۆری ژمارەی هەڵبژاردنەکانەوە. هەر لەبەر ئەمەش
دەکرێت ناوی ساڵی ٢٠٢٤ بنرێت بەساڵی هەڵبژاردنەکان لەجیهاندا.
دیارترین هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤
دیارترین ئەو
هەڵبژاردنانەش کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا لەتەواوی کیشوەرەکاندا ئەنجام دەدرێن بەم جۆرە
دەبن:
1. کیشوەری ئەفەریقا: ١٦ هەڵبژاردنی تیادا ئەنجام دەدرێت، لەدیارترین هەڵبژاردنەکانیش بریتین لە هەڵبژاردنەکانی (تونس، جەزائیر، ئەفەریقای باکور و باشور، رواندا، سەنیگال، غانا و مۆریتانیا... هتد).
2. هەڵبژاردنەکانی کیشوەری ئەوروپا: جگە لە هەڵبژاردنی ئەندامانی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپا، هاوکات هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە ٢١ وڵاتی ئەروپیش بەرێوەدەچێت کەبریتین لەهەڵبژاردنەکانی: روسیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، کرواتیا، بەلجیکا، نەمسا، فینلەندا، پورتوگال، ئیسپانیا، رۆمانیا، پۆڵەندا...هتد).
3. هەڵبژاردنەکانی کیشوەری ئەمەریکا: جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکاو کەنەدا، هەڵبژاردن لەژمارەیەک وڵاتی ئەمەریکای لاتینیش ئەمجام دەدرێن کە بریتین لە (مەکسیک، ئۆرۆگوای، پەنەما، دۆمەنیکان، سلڤادۆر، بەرازیل، ڤەنزوێلا، چیللی).
4. هەڵبژاردنەکانی کیشوەری ئاسیا: لەکیشوەری ئاسیاش ١٥ ولات هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن کەبریتین لە:بەنگلادش، تایوان، ئێران، هندستان، تورکیا، ئەندۆنیسیا، پاکستان، کۆریای باشور و ئازەربایجان ...هتد).
5. کیشوەری ئۆقیانوسیا: لەچوار وڵات هەڵبژاردنی ئەنجام دەدرێت کە بریتین لە (ئوستورالیا، پالاو، سۆلۆمۆن ئایسلەند، توڤالۆ).
لەنێو ئەم هەڵبژاردنانەدا
رۆژی ٧ی ئەم مانگە یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ لەوڵاتی بەنگلادش بەرێوەچو، وەک
چاوەروانیش دەکرا شێخە حوسەینیە بۆ چوارەم جار لەسەر یەک توانی پۆستی سەرۆک
وەزیرانی بەنگلادش مسۆگەر بکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی
لەهەڵبژاردنەکەدا بەشداری نەکرد، بەم هۆیەش پارتی رابیتە عەوامی شێخە حوسەینە
توانی لەکۆی ٢٢٤ کورسی پەرلەمانی بەنگلادش ١٦٥ کورسی بباتەوە.
جیا لەهەڵبژاردنەکەی بەنگلادش، ئێمە لێرەدا
هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر دیارترین ئەو هەڵبژاردنانەی لەنێو ٦٦ هەڵبژاردنەکەی جیهان لەساڵی ٢٠٢٤
جێگەی بایەخ و گرنگیپێدانن، بەم جۆرە:
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تایوان
دیارترین هەڵبژاردنی
سەرەتای ساڵی نوێ، بریتییە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تایوان کە لە رێکەوتی ١٣ی
ئەم مانگەدا ئەنجام دەدرێت.
ئەم
هەڵبژاردنە تەنها کاریگەری لەسەر تایوان دروست ناکات، بەڵکو کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی
نێوان ئەمەریکاو چینیش بەجێ دەهێڵێت، بەو پێیەی چین تائێستاش تایوان بەدورگەیەکی نێو
سنوری وڵاتەکەی خۆی دەزانێت. هەر لەبەر ئەمەش تایوان بوەتە ناوەندی ململانێ و
کێشمەکێشمی بەردەوامی نێوان ئەمەریکاو چین. بەتایبەتی لەئەگەری بردنەوەی جێگری
سەرۆکی ئێستا (لای تشینگ تی) کاندیدی پارتی دیموکراتی پێشکەوتن، کەپشتیوانی
جیابونەوەی تایوان دەکات لەوڵاتی چین. بەرامبەر هەردو کاندیدەکەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن
لەهەردو پارتی کۆمینتانگ و پارتی گەلی تایوان، ئەمەش راستەوخۆ ئاگری ململانێی
نێوان واشنتۆن و پەکین خۆشتر دەکات.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پاکستان
هەڵبژاردنەکانی
سەرۆکایەتی پاکستان لە رێکەوتی ٨ی شوباتدا ئەنجام دەدرێت، تیایدا ١٢٧ ملیۆن
هاوڵاتی پاکستانی لەهەڵبژاردنی گشتی ئەو وڵاتەدا دەنگ دەدەن. سەرەرای بونی
ژمارەیەک کاندید، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا کێبرکێکە لەنێوان هەردو
سەرۆک وەزیرانی پێشوی پاکستان (عمران خان و نواز شەریف)دا چڕ بێتەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەندەنوسیا
هەڵبژاردنی
گشتی سەرۆکایەتی ئەندەنوسیا لە ١٤ی شوباتی ئەمساڵدا بەرێوەدەچێت، کەتیایدا سێ
کاندید رکابەری دەکەن، بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە جۆکۆ ویدۆدۆ،
ئەوانیش بریتین لە (وەزیری ئێستای بەرگری برابۆ سۆبیانتۆ کەچانسی لەدو کاندیدەکەی
دیکە زیاترە، بەرامبەر غانجار برانۆ حاکمی لجاوە، سێیەم گەورەترین هەرێمی
ئەندەنوسیان، لەگەڵ ئەنیس باسویدان حاکمی جاکارتا).
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران
رۆژی ١ی ئازاری ٢٠٢٤
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی- پەرلەمانی ئێران ئەنجام دەدرێت بۆ هەڵبژاردنی
٢٨٥ ئەندامی ئەنجومەنی شورا لەکۆی ٢٩٠ ئەندام لەرێگەی دەنگدانی گشتی هاوڵاتیان لە
١٩٦ بازنای هەڵبژاردنی ئێراندا.
ئەمە دەبێتە یەکەم
هەڵبژاردنی ئێران، بەتایبەت دوای روداوی کوشتنی مەهسا ئەمینی و شەپۆلی نارەزایەتی
هاوڵاتیانی ئێران دژ بەسیستمی سیاسی ئەو وڵاتە، بۆیە چاوەروان دەکرێت ئاستی رێژەی
بەشداری هاوڵاتیان، لەم هەڵبژارنەشدا کەمتر
بێت لەرێژەی ٤٢٪ی رێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی رابردو لەساڵی ٢٠٢٠دا.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا
قۆناغی
یەکەمی ئەم هەڵبژاردنە لە ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤ بەرێوەدەچێت، ئەگەر هیچ یەکێک
لەکاندیدەکان دەنگی زۆرینەیان بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنی قۆناغی دوەم لە ٧ی ئایاردا
بەرێوەدەچێت.
ڤلادیمیر پوتینی ٧١ ساڵ
لەئێستادا چانسی لەرکابەرەکانی دیکەی زیاترە، بۆ ئەوەی لەپۆستەکەیدا بەردەوام بێت،
پۆتین لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردودا سەرۆکی ڕووسیا بووە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا دەستوری روسیای هەموار کردەوە، ئەمەش چانسی پێدا بۆ
ماوەی دو خولی دیکە سەرۆکی روسیا بێت، واتە تا ساڵی ٢٠٣٦ لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.
ئەمەش وادەکات کەماوەی دەسەڵاتەکەی پوتین لە ستالین درێژتر بێت.
لەئێستاشدا بە
لەبەرچاوگرتنی جهنگی ئۆکرایناو لاوازی ئۆپۆزیسیۆنی روسیاو زیندانیکردنی هەریەکە
لە ئەلێکس ناڤالنی و ئیگۆر گێرکینی رکابەری، بەدور دەزانرێت لە هەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی مانگی ئازاری ئەمساڵدا هیچ
کەسێک دژی پوتین بوەستێتەوە. ئاژاسنی ئەسۆشیەیتید پرێسیش دەڵێت: بردەنەوەی پوتین
لەهەڵبژاردنەکەی ئەمساڵی روسیادا یەکلاکراوەتەوە.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا
رۆژی
٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەرێوەدەچێت، دامەزراوەی
هەڵبژاردنی تورکیاش رایگەیتاندوە لەو هەڵبژاردنەدا ٣٦ پارتی سیاسی رێگەیان پێدراوە
بەشداری لە پرۆسەکەدا بکەن. لەم هەڵبژاردنەدا پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان
(دەم پارتی) نوێنەرایەتی دەنگی کوردانی باکوری کوردستان دەکات و دەخوازێت هاوشێوەی
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رابردو زۆرترین شارەوانی لەباکوری کوردستان و تورکیا
بەدەستبهێنێت. بەتایبەت ئەو شارەوانیانەی کەلەهەڵبژاردنی رابردودا پارتی دیموکراتی
گەلان-هەدەپە تیایاندا براوەبو، بەڵام دواتر حکومەتی تورکیا لەرێگەی قەیومەوە
دەستی بەسەردا گرتن.
لەلایەکی
دیکەوە پارتی دادو گەشەپێدان- ئەکەپە، جگە لەوەی دەخوازێت زۆرترین شارەوانی
لەتورکیادا بباتەوە، هاوکات ئامانجیەتی هەرەسێ گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ و
ئەنقەرەو ئیزمیر بەدەستبهێنێتەوە، بەوپێیەی لەدواین هەڵبژاردنی شارەوانی ساڵی ٢٠١٩دا
هەرسێ گەورە شارەوانییەکەی بۆ بەرژەوەندی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە لەدەستدا.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی باشوری ئەفەریقا
وابریارە لەمانگی نیساندا
هەڵبژاردنی گشتی لەباشوری ئەفەریقا بەرێوەبچێت، ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا گرنگ و
پێشبینی کراوە بریتییە لەئەگەری شکستهێنانی پارتی موئتەمەری ئەفەریقی لەهێنانی
دەنگی زۆرینە لەو وڵاتەدا، واتە ئەمە دەبێتە یەکەمجار لەدوای نیلسۆن ماندێلاوە
کەپارتەکەی نەتوانێت زۆرینەی دەنگەکان لەهەڵبژاردنەکاندا بەدەستبهێنێت. ئەمەش بەهۆی
بڵاوبونەوەو تەشەنەسەندنی گەندەڵی لەنێو بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار و زیادبونی
کێشەی ئابورییەکان، لەناویاندا بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری و هەژاری و دابەزینی
ئاستی گەشەسەندن لەو وڵاتەدا. بەڵام سەرۆکی باشوری ئەفەریقا سیریل رامافۆزا
رەتیدەکاتەوە پارتەکەی شکست بهێنێت لەهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی و رایدەگەیەنێت بۆ
دروستکردنی حکومەتی داهاتو پێوستیمان بەهاوپەیمانی حزبی دیکە نابێت و بەتەنها
زۆرینە دەهێنین و حکومەت دروست دەکەینەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی هیندستان
هیندستانی خاوەنی پێنجەم
گەورەترین ئابوری جیهان، بەخاوەنی گەورەترین هەڵبژاردنیش دادەنرێت لەڕوی ژمارەی
بەشداربوانەوە. بەوپێیەی لەهەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا نزیکەی یەک ملیار هاوڵاتی هیندی
لە هەفتەکانی مانگەکانی نیسان و ئایاردا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ
دیاریکردنی ٥٤٣ ئەندامی خولی هەژدەیەمی پەرلەمانی نیشتیمانی هیندستان، کە بو لوک
سابها ناسراوە. دواتریش دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێی هیندستان لەلایەن ئەو
فراکسیۆنەی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی هیندستان دەباتەوە.
لەئێستادا چاوەکان لەسەر
ئەوەیە کەئایا نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان و پارتەکەی بەهاراتیا
جاناتا، کەلەماوەی ساڵی ٢٠١٤ەوە
لەدەسەڵاتدان و دەخوازن بۆ خولی سێیەم لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، یاخود بەرەی
ئۆپۆزسیۆن دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا گۆرانکاری دروست بکەن و مۆدی و پارتەکەی
لەدەسەڵات دوربخەنەوە.
بەڵام بەپێی راپرسییەکان
و ئەنجامی هەڵبژاردنی ویلایەتەکان، دەردەکەوێت کەتائێستاش چانسی پارتی دەسەڵاتداری
بەهاراتیا جاناتا زیاترە بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵاتی هیندستان.
هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکای لاتین
ئەمساڵ ئەمەریکای لاتین،
شەش هەڵبژاردنی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، لەوانەش هەڵبژاردنەکانی (سلڤادۆر، دۆمەنیکان،
پەنەما، ئۆرۆگوای و فەنزوێلا و مەکسیک).
دیارترین سیمای گۆڕانکاری
سیاسی بەتایبەت دوای کۆرۆنا لەئەمەریکای لاتین، بریتییە لەکەوتنی دەسەڵاتداران و
سەرکەوتنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، بەجۆرێک کە لەماوەی ساڵانی ٢٠١٩ تاوەکو ٢٠٢٤ لەسنوری
وڵاتانی لاتیندا ١٨ هەڵبژاردن ئەنجامدراون، کەتیایدا ١٧ جار بەرەی ئۆپۆزسیۆن
سەرکەوتنی بەسەر بەرەی دەسەڵاتدا بەدەستهێناوە.
لەسیلڤادۆر هەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی لە٤ مانگی شوباتدا ئەنجام دەدرێت، لەم هەڵبژاردنەشدا نەجیب بوکیلی
سەرۆکی ئێستای سلڤادۆر چانسی بردنەوەی هەڵبژاردنەکەی هەیە، بەرامبەر
بەرکابەرەکانی.
دوای هەفتەیەک بەسەر
هەڵبژاردنەکەی سیلڤادۆر، هەڵبژاردن لەکۆماری دۆمەنیکان بەرێوەدەچێت، بەهەمان شێوەی
سلڤادۆر، لەدۆمەنیکانیش چانسی سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە لویس ئەبینارد بۆ بردنەوەی
هەڵبژاردنەکە لەرکابەرەکانی زیاترە، بەڵام ئەگەریش هەیە پێچەوانەی سیلڤادۆر
هەڵبژاردنەکە بچێتە خولی دوەمەوە.
لەلایەکی دیکەوە
لەرێکەوتی ٥ی ئایار هەڵبژاردنی گشتی بۆ سەرۆک و پەرلەمانی لە پەنەما بەرێوەدەچێت.
وەک پێشبینیش دەکرێت پێ دەچێت سەرۆکی پێشوی پەنەما ریکاردۆ مارتینێلی و پارتەکەی
چانسی زیاتریان هەیە بۆ بردنەوەی زۆرینەی پەرلەمانی و کورسی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.
لەبەرامبەر جێگری سەرۆکی ئێستای پەناما، خوسێ گابریێل کاریزیۆ لەپارتی دەسەڵاتداری
پەنەما.
لە مانگی تشرینی یەکەمی
ئەمساڵدا هاوڵاتیانی ئۆرۆگوای رودەکەنە سندوقەکانی دەنگدان، بۆ هەڵبژاردنی
پەرلەمان و سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە. لەحاڵەتێکیشدا ئەگەر هیچ یەکێک لەکاندیدەکانی
سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە دەنگی پێویستیان نەهێنا، هەڵبژاردنەکە دەچێتە قۆناغی
دوەمەوە.
هەرچەندە بریارە لەمساڵدا
هەڵبژاردن لەڤەنزوێلا بەرێوەبچێت، بەڵام تائێستا رۆژی هەڵبژاردەنەکە لەمانگی
کانونی یەکەمی ئەمساڵدا دیاری نەکراوە. تائێستاش هۆگۆ شاڤێزی سەرۆکی ڤەنزوێلا سورە
لەسەر دورخستنەوەی کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆن ماریا کۆرینا ماتشادۆ.
هاوکات جگە لەهەڵبژاردنەکانی
ئەو وڵاتانەی ئەمەریکای لاتین کە باسکران، هاوکات هەڵبژاردنی ناوخۆیی شارەوانی
لەوڵاتانی وەک بەرازیل و چیللی بەرێوەدەچێت.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مەکسیک لەنێوان دو خانمدا
وابریارە هەڵبژاردنی
سەرۆکایەتی مەکسیک لە رێکەوتی ٢ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەرێوەبچێت، بۆ یەکەمجارە
لەمێژوی ئەو وڵاتەدا کە رکابەرییەکە لەنێوان دو ئافرەتدا بەرێوەدەچێت. هاوکات هەریەکێکینا ببێتە براوەی هەڵبژاردنەکە،
ئەوا دەبێتە یەکەم سەرۆکی ژن لەمێژوی دو
سەد ساڵی رابەردوی مەکسیکدا.
کلاودیا شینباومی تەمەن
٦١ ساڵ و سەرۆکی پێشوی شارەوانیی مەکسیکۆ سیتی، کاندیدی پارتی مۆرینای چەپی مەکسیک،
بە نوێنەرایەتیی حزبی سەرۆک کۆماری ئێستای مەکسیک، خۆی بۆ سەرۆکایەتی مەکسیک
کاندید کردوە. لەبەرامبەریدا سۆتشیل گالڤێسی تەمەن ٦٠ ساڵ، بوەتە کاندیدی هاوپەیمانیی
حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی مەکسیک بۆ سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە.
لەئێستاشدا پێشبینی
دەکرێت، کە کلاودیا شینباوم چانسی زیاتر بێت بۆ جێگرتنەوەی مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر،
سەرۆکی ئێستای مەکسیک بۆ بەرێوەبردنی دوەم گەورەترین وڵاتی ئابوری ئەمەریکای
لاتین.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا
لەبەرواری ٦ تا ٩ی حوزەیرانی
ساڵی ٢٠٢٤ گەورەترین هەڵبژاردنی نێودەوڵەتی لە جیهاندا بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە
٤٠٠ ملیۆن دەنگدەری ئەروپی لە ٢٧ وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا بەشداری تێدە دەکەن،
بەمەبەستی هەڵبژاردنی ٧٢٠ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و دواتریش دیاریکردنی سەرۆکی
کۆمسیۆنی ئەوروپا لەربۆ ماوەی پێنج ساڵ و تا ساڵی ٢٠٢٩.
بەهۆی زۆری ژمارەی
بەشداربونی ئەم هەڵبژاردنە کە بە ٤٠٠ ملیۆن ئەروپی مەزەندە دەکرێت، ئەم هەڵبژاردنە
بوەتە دوەم گەروەترین هەڵبژاردنی ئەمساڵ لەدوای هەڵبژاردنەکەی هیندستانەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا
هەرچەندە وابریارە لەم
ساڵدا هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی بەریتانیا بەرێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دیارینەکردنی
بودجەی ئەمساڵەوە تائێستا رۆژو بەرواری هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە یەکلا نەبوەتەوە.
بەپێی هەندێک لەزانیارییەکان کەرۆژنامەی تیلیگرافی بەریتانی ئاشکرایکردوە: حکومەتی
بەریتانیا بریاریداوە لەبری کۆتایی مانگی ئازار، لەمانگی شوباتدا پرۆژە یاسای
بودجە پێشکەشی پەرلەمان بکات، ئەمەش لەپێناو تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و بۆ
بەرێوەچونی هەڵبژاردنەکان لەمانگەکانی تشرینی یەکەم یاخود تشرینی دوەمی ئەمساڵدا.
بەوپێیەی لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤ پێنج ساڵ بەسەر دواین
هەڵبژاردنەکانی بەریتانیادا تێدەپەرێت، ئەگەر تا ئەوکاتە هەڵبژاردن نەکرێت، ئەوا
راستەوخۆ پەرلەمانی بەریتانیا هەڵدەوەشێتەوە.
بۆچونێکیش هەیە پێی وایە
حکومەتی بەریتانیا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان پێش دەخات و دەیخاتە ٢ مانگی ئایار بۆ
ئەوەی هاوکات بێت لەگەڵ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان. لەو پێناوەشدا دەبێت لەمانگی
ئازاردا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوەو دوای ٢٥ رۆژ هەڵبژاردنەکان بەرێوەبچێت.
ئەوەش تائێستا باس دەکرێت
ئەوەیە کە بەئەگەرێکی زۆرەوە پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەدا ریشی سوناکی سەرۆک وەزیران
و پارتی پارێزگاران زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان لەدەستبدەن و روبەری شکست
ببنەوە، بنەجۆرێک کەپێشبینی دەکرێت لەکۆی ٣٥٠ کورسی ئێستایان، نزیکەی ٢٠٠ کورسی
لەدەست بدەن بۆ کاندیدەکانی پارتی کرێکاران. لەباشترین ئەگەریشدا لەوانەیە ٢٠٠
کورسی لەهەڵبژاردنەکەدا بەدەستبهێنن.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا
لەبەرواری ٥ی تشرینی
دوەمی ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت، لەو رۆژەدا ١٦٠ ملیۆن
ئەمریکی رودەکەنە سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی (60)ەمین سەرۆکی ئەمریکا بۆ
ماوەی چوار ساڵی داهاتو.
هەرچەندە لەئێستادا جگە
لەترەمپ و بایدن لەهەردو پارتی کۆماری و دیمەکرات کاندیدی دیکە بونیان هەیە، بەڵام
چاوەروان دەکرێت لەکۆتایدا هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردو، لەم هەڵبژاردنەشدا کێبرکێکی
کۆتایی، لەنێوان جۆ بایدن تا تەمەنی 86 ساڵی کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپی
٧٧ ساڵی سەرۆکی پێشوی ئەمەریکاو کاندیدی کۆمارییەکان چڕبێتەوە.
لەئێستاشدا ترەمپ روبەروی
دادگا کراوەتەوەو لەسەر چەند دۆسییەیەکی جیاواز دادگای کراوە، بەڵام تائێستاش
چانسی لەکاندیدەکانی دیکەی کۆمارییەکان زیاترە بۆ ئەوەی لەکۆتایدا وەک تاکە
کاندیدی کۆمارییەکان بمێنێتەوە بۆ رکابەریکردنی جۆ بایدن. لە هەڵبژاردنی
سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لەساڵی ٢٠٢٤دا.
وەک ئاشکراشە هەڵبژاردنی
ئەمەریکا گرنگترین روداوی ساڵی ٢٠٢٤دەبێت بۆ جیهان، ئەوەش پەیوەندیدارە بە سەنگ و
پێگەی ئەمەریکاوە، لەنێو هاوکێشە سیاسیی و ئابورییەکانی جیهاندا. هاوکات ئەنجامی
هەڵبژاردنەکەش بەهەر جۆرێک بێت، لەئاکامدا لێکەوتەو کاریگەری بۆ سەر ناوخۆی
ئەمەریکاو جیهان دروست دەکات.
دواین دو هەڵبژاردنیش کە
لەساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجام دەدرێن، بریتین لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە هەردو وڵاتی تونس
و جەزائیر، وەک دو وڵاتی عەرەبی لەکیشوەری ئەفریقادا، هەردو هەڵبژاردنەژکەش
لەمانگی کانونی یەکەمدا ئەنجام دەدرێن، بۆ بۆ دیاریکردنی دو سەرۆکی نوێ بۆ هەردو وڵاتەکە.
جیا لەم هەڵبژاردنانەی کەباسکران،
بریاربو لەساڵی ٢٠٢٤دا لەچەند شوێنێکی دیکەی جیهانیش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت،
بەڵام لەهەندێک لەو شوێنانە جەنگ بوەتە پاساو و هۆکاری ئەنجامنەدانی
هەڵبژاردنەکان، لەهەندێک شوێنی دیکەش پاساوی یاسایی و ململانێی سیاسی و حزبی
بونەتە هۆکاری ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنەکان.
بەنمونە بڕیاربو، وڵاتی
ئۆکرانیا لەمانگی ئازاری ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرێوەبچێت، بەڵام زیلینسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا پشت بەست بەئەحکامی عورفی لەکاتی بونی جەنگ لە وڵاتەکەیدا،
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئۆکرانیای بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
لەلایەکی دیکەوە وابڕیاربو رۆژی 25ی شوباتی2024 هەڵبژاردنی گشتی
بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان بەرێوەبچێت لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا،
بەڵام بە پاساوی بوونی گرفتی یاسایی پێناچێت لە ٢٥ی شوبات هەڵبژاردنەکەی هەرێمی کوردستان
ئەنجام بدرێت، لەوبارەیەشەوە رۆژی 3ی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی
هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە
لەوەی کە بەهۆکاری تەکنینی ناتوانن لە مانگی دوی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانی کوردستان
ئەنجام بدەن و داوای دەستنیشانکردنی بەروارێکی دیکەیان کرد. بەم جۆرە تائێستا هیچ
کاتێکی دیکە بەفەرمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری نەکراوە، تەنانەت
هیچ زەمانەتێکیش نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لەساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجام بدرێت.
نوسین: گەیلان عەباس
332 جار خوێندراوەتەوە