ئایا حکومەتی عێراق لە جێگیركردنی نرخی دۆلار سەركەوتو دەبێت؟

KNN : Kurdish News Network
03:42 - 09/11/2024
ڕاپۆرت
+
-

بۆ جێگیربونی نری دۆلار لە عێراق، بانكی ناوەندی لە هەوڵەكانی بەردەوامە، بەڵام لە ساڵی رابردودا نەیتوانی نرخەكەی بەو جۆرەی لە پڕۆژە بودجەدا هاتوە جێگیر بكات، پسپۆڕی کاروباری ئابوری دەڵێت: یەكێك لە سەرچاوەكانی گەندەڵی ناجێگری نرخی دۆلارە، چونكە لەگەڵ ئەوەی بەرپرسان لەپشت بەرزبونەوەی نرخی دۆلارن، هاوكات مامەڵەكردنی بانكی ناوەندی بۆ كۆمپانیا و بانكە ئەهلییەكان قۆرخ كراوە.

 

راپۆرت: (KNNC)


سەرباری هەوڵەكانی بانكی ناوەندی بۆ جێگیربونی نرخەكەی، بەڵام لە ساڵی راردودا نرخی دۆلار لە عێراق بەردەوام لە دابەزین و بەرزبونەوەدا بوە، یەكێك لە هۆكارەكانیش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری خواست لەسەر دۆلار، چونكە بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی رۆژانەی هاوڵاتیان پشت كاڵاوشمەك و تەنانەت خزمەتگوزارییە هاوردەكان دەبەستێت.


یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی بەرزبونەوەی ناجێگیری نرخی دۆلار لە وڵاتدا، كێشە سیاسییەكانن كە هەمیشە ئەو كێشانە دڵەرواكێیان بۆ هاوڵاتیان دروستكردوە و بۆ پاشەكەوت كردنی پارەكانیان دۆلار دەكڕن، هەروەها هەڵاوسان یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكان ئەوە وادەكات توانای کڕینی دیناری عێراقی بەرامبەر بەدۆلار دابەزێت.


لەلایەكی دیكەشەوە، ساڵی رابردو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا هەوڵەكانی بۆ رێگیری لە بەدەستهێنانی سەقامگیر ئابوری عێراق كردوە، هەر لەبەر ئەوەشە كە سزا و سنورداری مامەڵەكردن بەدۆلاری خستە سەر ژمارەیەك بانكی عێراقی، لەو بارەیەشەوە فیراس مسلیماوی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندوە: وەزارەتی گەنجینەكانی ئەمەریكا لەڕێگەی دۆلارەوە گەمارۆی نەختینەیی دەخاتە سەر بانكەكانی عێراق.


سەبارەت بە چارەسەركردنی ئەو كێشە، ئەندامەكەی دەوڵەتی یاسا وتوشیەتی: فایلی نەختینەیی و دراوە قورسەكان پێویستی بەچارەسەر هەیە، دەبێت لە ئاستی باڵای حكومەتدا ئەو پرسە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەركا یەكلایی بكەنەوە.


لەسەر بنەمای بەرزبونەوەی نرخی دۆلار تێچوی بەرهەمە هاوردەكراوەكان زیاد دەكات، کاریگەری لەسەر ئاستی ژیانی هاوڵاتیانی عێراق دەبێت، بەتایبەتی ئەو كەسانەی ئاستی داراییان لاوازە، بەڵام کەسانێک هەن كە دۆخەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنن و قاچاخچێتی بە دراوەكان دەكەن.


قاسم بەلشان، پسپۆڕی کاروباری ئابوری دەڵێت؛ یەكێك لە سەرچاوەكانی گەندەڵی لە عێراقدا، گۆڕانکاری و بەرزبونەوە و نزمبونەوەی نرخی دۆلارە، چونكە ئەولەویەتی فرۆشتنەوەی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقییەوە بۆ بانك و كۆمپانیا ئەهلییەكان قۆرخ كراوە و هەمو كەسێك ناتوانێت راستەوخۆ لە بانكی ناوەندی دۆلار بەدەستبهێنێت.


راشیگەیاندوە: بۆ پاراستنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر نرخی دۆلار و كەمكردنەوەی گۆڕانكاری لە بەرزبونەوە و نزمبونەوەی نرخی دۆلار، دەوڵەت رێوشوێنی راستەقینە نەگرتوەتەبەر، ئەو رێكارانەشی بڵاوكرایەوە هەمو لێدوانی میدیاییە كە سودێکی نەبوە.


ئەو پسپۆڕە بەرپرسیە سیاسییەكان تۆمەتبار دەكات بە جێگیر نەبونی نرخی دۆلار لە عێراق و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، کەسایەتی سیاسی و دەستڕۆشتوی حزبەكان و حكومەت لە پشت بەرزبونەوەی نرخی دۆلارەوەن.

853 جار خوێندراوەتەوە