گەورەترین پرۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێم و عێراق لە دهۆکە

KNN : Kurdish News Network
10:43 - 15/11/2024
ڕاپۆرت
+
-

 ماوەی سێ ساڵه لە ناحیەی فەیدیێ لە سەر ئاوی بەنداوی موسل، گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە ناوی (پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی دهۆک) دروستكراوە، ئێستا لە قۆناغی یەكەمدا ساڵانە نزیكەی هەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێنێت كە نزیكبوەتەوە لە پڕكردنی پێداویستی ناوخۆ دهۆك.

 

راپۆرت:KNNC

 

پرۆژەی بەرھەمی ماسی دھۆک، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکاری بەرھەمی کشتوکاڵییە لە ھەرێم، کە لەئێستادا زیاتر لە 500 دەرفەتی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ھاوڵاتییان ڕەخساندوە، تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتوشی تێدا بەکارھێنراوە و ساڵانە نزیکەی ھەزار تۆن گۆشتی ماسی بەرھەم دەھێنێت.

 

شوکری عومەر بەرێوەبەری پڕۆژەی بەرھەمی ماسی دھۆک، دەڵێت: "پڕۆژەکەمان گەورەترین پڕۆژەی بەرھەمی ماسیـ-یە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کە لە سەر ڕووبەری 229 دۆنم دروستکراوە، پڕۆژەکە لە چوار بەش پێکدێت، ھەڵھێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی.

 

وتیشی: ئامانج لە دروستکردنی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت خواستی ناوخۆی دھۆک پڕ بکرێتەوە، ساڵانە پلانی فراوانکردنی پڕۆژەکەمان ھەیە، بە شێوەیەک کە ھەمو وەرزی ساڵ ماسیمان ھەبێت، ئەم ساڵ ھەزار تۆن گۆشتی ماسیمان بەرھەم ھێناوە و ساڵانە ئەو رێژەیە زیاد دەکەین، ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 500 ھەزار پەنجە ماسیمان خستوەتە ناو پڕۆژەکە، یەکێک لە گرنگیەکانی ئەم پڕۆژەیەش ئەوەیە کە دەرفەتی کارمان بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ نزیکەی 500 کەس رەخساندوە.

 

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، خەڵکی دھۆک ساڵانە پێویستیان بە زیاتر لە چوار ھەزار تۆن ماسی ھەیە بۆ خواردن.

 

رێدیر سدقی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دھۆک رایگەیاند، "گەورەترین پرۆژەی بەرھەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکەوێتە پارێزگای دھۆک، ئەم ھەنگاوە خاڵێکی گرنگە بۆ بونیاتنانی ژێرخانی ئابوری ھەرێم بۆ دابینکرنی گۆشتی ماسی بۆ بازاری ناوخۆی دھۆک و پارێزگاکانی تری ھەرێمی کوردستان".

 

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی ھەرێم 332 پڕۆژەی حەوزی بەخێوکردنی ماسی لە ھەرێم ھەن (310 حەوزی خۆڵی، 11 حەوزی کۆنکریتی، 11 حەوزی قەفەس)ن، بەرھەمی ماسی لە ھەرێم ساڵانە زیاتر لە سێ ھەزار و 500 تۆن ماسییە؛ ھەرێم پێویستیی بە نزیکەی 80 ھەزار تۆن ماسییە لە ساڵێکدا، تا بگاتە ئاستی خۆبژێوی.

 

 

74 جار خوێندراوەتەوە