بازرگانێکى عێراقى و خاوەنى کۆمپانیاى
ئەلرەیان بۆ هاوردەى ئامێرى کارەبایی، لە هێرشەکەى سەر ماڵى پێشڕەو دزەیی گیانى
لەدەستداوە.
هەواڵ:KNNC
پەیامنێرى کەى ئێن ئێن رایگەیاند؛ لە
هێرشەکەى شەوى رابردو بۆسەر ماڵى پێشڕەو دزەیی، کەرەم سەریدار، خاوەنى کۆمپانیاى ئەلرەیان
بۆ هاوردەى ئامێرى کارەبایی و یەکێک لە خاوەن پشکەکانى کۆمپانیاى سامسۆنگ و هاوکات
وەبەرهێن لە شارى دوبەى، گیانى لەدەستداوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە ئەم بازرگانە ساڵى
1981 لە وڵاتى بەریتانیا لەدایک بوە و دانیشتوى شارى دوبەى بوە، بەڵام لە هێرشەکەى
سوپاى پاسداران بۆسەر ماڵى پێشڕەو دزەیی گیانى لەدەستدا.
شەوى رابردو لە شارى هەولێر چى رویدا؟
نزیک کاتژمێر 12:00ـى شەوى رابردو لەلایەن
سوپاى پاسدارانى ئێرانەوە بە 10 موشەک شارى هەولێر کرایە ئامانج، یەکێک لە
ئامانجەکانى ئێران ماڵى پێشڕەو دزەیی بو کە خاوەنى کۆمپانیاى فالکۆن-ە و لە
ئەنجامدا ئەو بازرگانە کوردە و منداڵە یەک ساڵ و نیوەکەى گیانیان لەدەستدا و
هاوڕێیەکیشى کە بازرگانێکى عێراقییە گیانى لەدەستدا.
لەبارەى هێرشەکەوە سوپاى پاسدارانى ئێران
سەرەتا و درەنگانى شەوى رابردو ئەنجامدانى هێرشەکەى گرتە ئەستۆ و رایگەیاند: بنکە
سیخوڕییەکان و شوێنى کۆبونەوەى گروپەکانى دژ بە ئێران کرانە ئامانج.
هاوکات بەیانى ئەمڕۆ هەر لەبارەى هێرشەکەوە
سوپاى پاسداران لەگەڵ بڵاوکردنەوەى ساتى بۆردومانەکان رایگەیاند؛ هێرشمان بۆسەر
بنکەیەکى سخوڕیی رژێمى زایۆنى-مان لە هەولێر کردە ئامانج.
تا ئێستا بەهۆى ئەم هێرشانەوە 17 کەس بونەتە
قوربانى (کوژراو و بریندار) بەرگرى شارستانى هەولێریش دەڵێت: تا ئێستا گەڕان
بەدواى تەرمى بێسەروشوێنبواندا بەردەوامە.
هاوکات مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى
هەرێمى کوردستان ئیدانەى ئەم هێرشانەى کرد و وتى: لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لە
پەیوەندیدا دەبین و داواشى کرد حکومەتى فیدراڵ بێتە دەنگ.
بڕیارە کاتژمێر 10:30 خولەک لەبەردەم بیناى
نەتەوەیەکگرتوەکان گردبونەوەى جەماوەریی لە شارى هەولێر بۆ ئیدانەى ئەم هێرشانە
ئەنجام بدرێت و پارێزگارى شارەکەیش دەڵێت: ئێمەش لەگەڵیان دەبین.
2698 جار خوێندراوەتەوە