وەزارەتی دارایی هەرێم: لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتین بە رێككەوتن

KNN : Kurdish News Network
07:58 - 03/02/2025
کوردستان
+
-

دوای (15) رۆژ كاری بەردەوامی وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر موچە، گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و شاندی دانوستانکاری هەرێم جەخت دەكاتەوە؛ بۆ دوبارە نەبونەوەی كێشەكانی رابردو تەواوی پایەندییەكانی سەر حكومەتی هەرێم جێبەجێ دەكەن بۆ ئەوەی موچەخۆرانی هەرێم وەك تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە موچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.


هەواڵ: (KNNC)


وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویكردەوە: دوای (15) رۆژ کاری بەردەوام لەنێوان شاندە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکیەکان و جێبەجێکردنی داواکاریەکان و ئامادەکردنی خشتەکان لەبارەی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی، دواجار توانرا هەردوولا لەسەر شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی (2025) بگەنە رێکكەوتنی کۆتایی.

 

ئەوەیخستوەتەڕو، تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانی ناردنی تەمویلی  موچەی مانگی یەکی ساڵی (2025)ـن و چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا تەمویلەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بەگەیشتنی تەمویلەکە راستەوخۆ دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.


لە راگەیەندراوەكە وەزارەتی دارایی هەرێمدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، شاندی دانوستانکاری هەرێم لە تەواوی کۆبونەوەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بەجێبەجێکردنی ئەو پابەندییانە دوپات کردەوە کە دەکەوێتە سەر شانی هەرێمی کوردستان،  ئەوەش لە پێناو ئەوەی کێشەکانی ساڵی رابردو لەبواری لیستی موچەو خشتەکان و تەمویل وتەرخانکردن و پابەندییەکانی هەرێم دوبارە نەبنەوە و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک تەواوی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تری عێراق لەکاتی خۆیداو بەبێ کێشە موچەکانیان بەتەواوی وەربگرن.

245 جار خوێندراوەتەوە