مەزڵوم عەبدى: وەک کورد نامانەوێت لە سوریا جیاببینەوە و حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆ پێکبهێنین

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 03/02/2025
کوردستان
+
-

فەرماندەی گشتی هێزەکانى سوریاى دیموکرات رایگەیاند، بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆماری نوێی سوریا، گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان نەکراوە و دەشڵێت: دیدگای ئەوان بۆ سیستمی داهاتوی سوریا وڵاتێکی لامەرکەزی و مەدەنیە و ئەوان وەک کورد نایانەوێت لە سوریا جیاببنەوە و حکومەت و پەرلەمانى خۆیان پێکبهێنن.

 

هەواڵ:KNNC

 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس سەبارەت بە دیاریکردنی ئەحمەد شەرع وەکو سەرۆککۆماری کاتیی سوریا رایگەیاند، لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ لەگەڵ ئەوان نەکراوە و ئامادەییان نەبوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، سەردانی بەرپرسانی هەسەدە بۆ دیمەشق بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەسەڵاتی نویی سوریا بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بزانن سوریای داهاتو چۆن بونیاد دەنرێت. 

 

وتیشی: دیدگای ئەوان بۆ داهاتوی سوریا، بونیادنانی وڵاتێکی لامەرکەزی و عەلمانی و مەدەنییە، لەسەر بنەمای دیموکراسی کە مافی هەمو پێکهاتەکان بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان پارێزراو بێت.

 

عەبدی باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت لە سوریا حکومەتێکی ناوەندنی هەبێت، بەڵام ئەو نیگەرانیەش هەیە دەستەی تەحریری شام بەهۆی پاشخانی ئایدۆلۆژی ئیسلامی - جیهادی دەوڵەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، کورد لە سوریا نایەوێت حکومەت و پەرلەمانی خۆیان هەبێت و دەشڵێت، سوریا عێراق نییە و دەیانەوێت کاروباری ناوخۆیی خۆیان لە دەوڵەتێکی لامەرکەزیدا بەڕێوەببەن.

 

مەزڵوم عەبدی لە دێژەی قسەکانیدا بۆ  ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ڕاشیگەیاند، کورد نایەوێت لە سوریا جیاببێتەوە و حکومەت و پەرلەمانی سەربەخۆی خۆیان پێکبێنن وەکو ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە نە سوریا عێراقە و نە باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش، هەرێمی کوردستانە.

 

فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختی لەوەکردەوە، ئەوان دەیانەوێت کاروباری ناوخۆیی خۆیان لە دەوڵەتێکی لامەرکەزیدا بەڕێوە ببەن.

 

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە، عەبدی وتی، دەیانەوێت بەشێک بن لە وەزارەتی بەرگری سوریا و پێشنیارێکیان سەبارەت بەم بابەتە ناردوە بۆ دیمەشق و چاوەڕێی وەڵامەکەی دەکەن.

 

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا باسی لەوەکرد، کشانەوەی هاوپەیمانان لە سوریا دەبێتە هۆی بەهێزبونی داعش و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هەمو ناوچەکە دادەنێت، وتیشی: هیوادارە هێزەکانی هاوپەیمانان نەکشێتەوە.

1032 جار خوێندراوەتەوە