سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕاپۆرتی سەرەتایی
سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی و یاوەرانی بڵاوکردەوە.
هەواڵ:KNNC
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی ئێران IRNA، سەرۆکایەتیی
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕاپۆرتی سەرەتایی لیژنەکەی بڵاوکردەوە کە لە
ڕەهەند و هۆکاری ڕوداوەکەی کۆڵیوەتەوە و لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە زانیاری
و بەڵگە لە بواری تەکنیکی و بە شێوەیەکی گشتیی لەسەر ڕوداوەکە کۆکراوەتەوە، باس لەوەیش
کراوە کە پێویست بە کاتی زیاتر دەکات بۆ هەڵسەنگاندنی هەندێک داتا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێلیکۆپتەرەکە ئەو
ئاڕاستەیەی پێشتر بۆی دیاریکراوە نەگۆڕیوە و بەردەوام بوە لەسەری و، خولەک و نیوێک
پێش ڕوداوەکە فڕۆکەوانەکەی لەگەڵ فڕۆکەوانی دو هێلیکۆپتەرەکەی دیکە پەیوەندی بەستوە،
لەو گفتوگۆیانەشی بورجى چاودێرى لەگەڵ تیمی فڕۆکەوانییەکەدا ئەنجامیداون هیچ دۆخێکی
گوماناوی بەدینەکراوە.
هەر لەو ڕاپۆرتە سەرەتاییەدا باس لەوە کراوە کە شوێنەواری
گولـلە یان تەنی هاوشێوە لە پارچەکانی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەدا بەدینەکراوە، دوای
کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە گڕیگرتوە، سەختی ناوچەکە، سەرما و بونی تەمێکی چڕ بوە
هۆی درێژە کێشانی کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا باس لەوە کراوە کە لە پاش کۆتاییهاتنی
لێکۆڵینەوەکە ئەنجامی کۆتایی بڵاودەکەنەوە.
986 جار خوێندراوەتەوە