لەیادی سلێمانیدا گردی مامەیارە درا بە وەبەرهێنەرێك

KNN : Kurdish News Network
05:56 - 14/11/2024
کوردستان
+
-

لە ریكلامێكدا كە لە كوردستانی نوێ بڵاوكراوەتەوە هاتوە: دوای گۆڕینی رەگەزەكەی لە دارستان  "غابات"ـەوە بۆ نیبشتەجێبون، شارەوانی سلێمانی موڵکی مامەیارە بەبڕی یەك ملیار دینار بۆ كۆمپانیاییەكی نیشتەجێبون تەرخان دەكات و سەرۆكایەتی شارەوانیش رەتی دەكاتەوە.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

 

لە ژمارە (9291)ـی رۆژی (2024/6/11) لەلاپەڕە هەشتی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، زمانیحاڵی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ریكلامێكی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاوكردوەتەوە هاتوە: لە كۆبونەوەی ئاسایی رۆژی (22ـی 10ـی 2024)ـدا ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بریاریدا بە گۆرینی "رەگەزی موڵکی ژمارە 28/2846 کەرتی 3 هۆمەرەکوێر، بەپێی وێنەی تۆمار رەگەزەکەی دارستان (غابات) روبەرەکەی لە (16) دۆنم و (17) ئۆلك و (43) مەتر دوجایە و خاوەنداریەتی بۆ شارەوانی سلێمانی دەگەرێتەوە. موڵکی ناوبراو رەگەزەکەی دەگۆرێت لە دارستان (غابات) بۆ زەوی و تۆماردەبێتەوە بەناوی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی.

 

ئەوەیخستوەتەڕو، لە نوسراوەکەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانیدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، بەکارهێنانی موڵکەکە بەپێی ماستەرپلان (نیشتەجێیە) و تەرخان دەکرێت بۆ کۆمپانیای (چۆمان) بۆ پرۆژەی نیشتەجێی (سلێمانی سیتی) کە رەزامەندی بەرێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی هەیە.

 

لای خۆشیەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند: دەنگۆی بەکارهێنانی گردی مامەیارە بۆ پڕۆژە دورە لەڕاستییەوە، لەکاتێکدا زۆرینەی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی بۆ ساڵیادی (240) ساڵەی مێژوی شارەکە خەریکی دەربڕینی خۆشیی، یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئەم بۆنە پڕشکۆیەن، جێگای نیگەرانییە هەندێک هەواڵی بێ بنەما و ناڕاست سەبارەت بە سمبولێکی شارە دێرین و خۆشەویستەکەمان سلێمانیی و (گردی مامەیارە) بڵاوکراوەتەوە.

 

دەشڵێت: بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیە لەم ڕۆژەدا هێمایەکە بۆ دەرخستنی ناخی ئەو ناحەزانەی چاویان هەڵنایە بە مێژوی دێرینی ئەم شارە و خەڵکەکەیی و سمبولەکانی.

 

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، لێرەوە بۆ هەمو لایەکی رادەگەیەنین، سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی کە لە هەندێک پەیجی نافەڕمیی و سێبەر بڵاوکراوەتەوە ناڕاستن، رەتیدەکەنەوە کە گردی (مامەیارە) و غاباتەکەی بۆ مەبەستی پڕۆژەی بازرگانیی و تایبەت بەکاربهێندرێت و دڵنیاییش دەدەن بە دانیشتوانی شاری سلێمانی كە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیە لەم ڕۆژە و لەم بۆنەیەدا تەنها ئامانجی ناحەزانە بۆ تێکدانی مێژوی ئەو شارەی کە بوە بە پێشەنگی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لەزۆرینەی بوار و سێکتەرەکاندا، هەروەك جەختیش دەكاتەوە؛ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە خزمەت كردنی زیاتر ی رۆژ بەڕۆژ وەڵامی ئەو چەواشەكارییانە دەداتەوە.

437 جار خوێندراوەتەوە