توێژینەوەیەکی پزیشکی کە لە ئەمەریکا
ئەنجامدراوە، ئاشکرایکردوە ئەو کەسانەی لەو ناوچانەدا دەژین کە ئاستی پیسبونی
هەوایان زۆرە، ئەگەری توشبونیان بە ئەکزیما زیاترە.
تەندروستی:KNNC
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی یێڵ سکوڵی
پزیشکی لە ئەمریکا ئەنجامدراوە و ئەنجامەکەی 13ـی ئەم مانگە لە گۆڤاری پڵەس وەن بڵاوکرایەوە،
ئاشکرایکردوە، ئەو کەسانەی لەو شوێنانەدا دەژین کە هەواکەیان پاک نییە، مەترسی
توشبونیان بە ئەکزیما زیاترە.
ئەکزیما چییە؟
حاڵەتێکی باوی درێژخایەنی پێستە ئەگەر چارەسەر
نەکرێت، دەبێتە هۆی دوبارەبونەوەی هەوکردن و ئازار، ئەکزیما ئەو پێستەیە کە وشکە و خوران و
توشی هەوکردن دەبێت.
هۆکارە ژینگەییەکان ڕۆڵیان هەیە لە گەشەکردنی ئەکزیما
و نەخۆشانی ئەکزیما بەدەست تێکچونی کارکردنی بەربەستی پێستەوە دەناڵێنن،هۆکارە باوەکانی
خراپتربونی ئەکزیما بریتین لە بەرکەوتن بە ماددە پاککەرەوەکانی وەک، سابوون، توێنەر،
ماددە هەستیارییەکان وەکو چەوری ئاژەڵە ماڵیەکان و هەندێک خۆراک.
هۆکارەکانی تر کە دەتوانن نیشانەکانی ئەکزیما
خراپتر بکەن بریتین لە فشاری دەرونی، گۆڕانی پلەی گەرمی و شێ و هەوکردن.
پیسبونی هەوا دەبێتە هۆی ئەکزیما؟
لە لێکۆڵینەوە نوێیەکەدا توێژەران داتای پرۆگرامێکی
توێژینەوەی دامەزراوەی نیشتمانیی تەندروستی ئەمریکایان بەکارهێناوە.
بە گشتی، 12،695 بەشداربو (4.4%) توشی ئەکزیما بون،
دوای ئەوەی لە کاتی شیکارییەکەدا دیمۆگرافی و دۆخی جگەرەکێشان لەبەرچاو گیرا، ئەو
کەسانەی کە ئەکزیمایان هەیە زیاتر لەو ناوچانە دەژین کە ئاستی پیسبونی هەواکەیان
بەرزە، لەگەڵ هەر زیادبوی پیسبوونی هەوای گەردیلە وردەکان، ئەگەری توشبونیان بە ئەکزیما
زیاتر بوو.
توێژەران بەو
ئەنجامە گەیشتو، پیسبونی هەوا کاریگەری دەکاتەسەر سیستمی بەرگری لەش، دەرەنجامی
ئەوەش ،مەترسی توشبون بە ئەکزیما زیاد دەبێت.
99 جار خوێندراوەتەوە