لەکاردانەوەی بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی
تاوانەکان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل جۆ بایدن رایگەیاند، بریاری
دادگاکە شۆکهێنەرە و مایەی قبوڵکردن نییە، دوای بریارەکەش وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا
سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل دواخست، سەرۆکوەزیرانی کەنەداش دەڵێت: ئەگەر بێنە وڵاتەکەمان دەستگیریان دەکەین.
هەواڵ:KNNC
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دوای بڕیاری
دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لەوانەش بنیامین ناتانیاهۆ و یوواڤ گاڵانت لە لایەن
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ڕایگەیاند، دادگاکە بە یەکسانی مامەڵە لە نێوان
حەماس و ئیسرائیل ناکات.
بایدن، بریاری دادگاکەی بە شۆکهێنەر وەسف کرد کە
مایەی قبوڵکردن نییە، جەختیشی لە بەردوامی پشتیوانییەکانی واشنتۆن بۆ تەلئەبیب
کردەوە.
هەر لە درێژەی کاردانەوەکان بە بریاری دەستگیرکردنی
ناتانیاهۆ لە لایەن دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا سەردانەکەی
بۆ ئیسرائیل بۆ کاتێکی دیکە دواخست.
هەر لە کاردانەوەی بڕیارەکە جەستن ترودۆ سەرۆکوەزیرانی
کەنەدا رایگەیاند، ئەگەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل یان یۆاڤ
گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل گەشت بکەن بۆ کەنەدا، حکومەتەکەی فەرمانی دەستگیرکردنی
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکات.
وتیشی: پابەندی سەرجەم ڕێسا و بڕیارەکانی دادگا
نێودەوڵەتییەکان دەبن.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان
فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهۆ و گالنت و هەروەها محەمەد دیاب ئیبراهیم ئەلمەسری
ناسراو بە محەمەد زەیف فەرماندەی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس دەرکرد.
311 جار خوێندراوەتەوە