وەزیرێكی سەردەمی بەعس راوێژكاری سودانییە

KNN : Kurdish News Network
06:36 - 18/02/2025
عێراق
+
-

لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوسراوێكی پەلەی ئاڕاستەی نوسینگەی سودانی كردوە كە یەكێك لە راوێژكارەكانی لەسەردەمی رژێمی پێشودا وەزیر بوە و داواش لە سەرۆك وەزیران دەكات رێكاری یاسایی بەرامبەری بگرنەبەر.


هەواڵ: (KNNC)


میدیا عێراقییەكان نوسراوێكیان بڵاوكردوەتەوە كەلەلایەن لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە  ئاراستەی محمد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كراوە، تیایدا هاتوە: لەسەر بنەمای مادەی (61/دو)ـی دەستوری عێراق و دوای بەدواداچون بۆیان دەركەوتوە كە (عەبدول ئیلاهـ حەمید محمد تكریتی) كە ئێستا راوێژكاری سەرۆك وەزیرانە پێشتر و لەسەردەمی رژێمی پێشودا ئەندامی سەركردایەتی بەعس بوە.


ئەوەشخراوەتەڕو، ناوبراو لە حكومەتی ئەو كاتەدا وەزیری كشتوكاڵ بوە، ئەمە بێجگە لە ئەوەی كە لە خودی سەدام حسێنەوە نزیك بوە، لە جەنگی (ام المعارك)ـدا بوە بەخاوەنی مەدالیای رێزلێنان، بۆیە ئێستا یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیگرێتەوە.


نوسراوەكەی لیژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كەلەلایەن فالح حەسەن، سەرۆكی لیژنەكە واژو كراوە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە؛ دوای روخانی رژێمی پێشو، لەبری سود وەرگرتن لە توانای خاوەن بڕوانامەكان، لەساڵی (2010 تا 2024) لەلایەن دەوڵەتەوە رەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە.


لیژنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە محەمەد شیاع سودانی كردوە كە رێكاری یاسایی بەرامبەر بە راوێژكارەكەیان بگرن بەر و ئەنجومەنەكەشی لێ ئاگادار بكەنەوە.

721 جار خوێندراوەتەوە