شەش ساڵ لەمەوپێش قوتیداوە... لە میسر مۆبایلێک لە گەدەى زیندانییەک دەرهێنرا

KNN : Kurdish News Network
11:14 - 05/03/2025
هەمەڕەنگ
+
-

لە میسر چیرۆکێکى سەیروسەمەرەى هەڵاتنێکى شکستخواردو لە زیندان بڵاوکراوەتەوە، کاریگەریی ئەم هەوڵە دواى شەش ساڵ لەسەر تەندروستى زیندانییەکە ماوەتەوە و دواى ئەو هەمو کاتە مۆبایلەکە لە گەدەى دەرهێنرا کە ویستبوى وەک بەشێک لە پلانەکەى بەکاریبهێنێت.

 

هەمەڕەنگ:KNNC

 

میدیاکانى میسر چیرۆکێکى تەواو جیاوازى هەوڵى هەڵاتنى زیندانییەکیان بڵاوکردوەتەوە کە شەش ساڵ پێش ئێستا رویداوە، هەڵاتنەکە هەر ئەوکات شکستى هێناوە، بەڵام کاریگەرییەکەى تا ئێستاش ماوەتەوە و دواى چەندین هەوڵ بۆ دەرهێنانى ئەو مۆبایلەى لە پلانى هەڵاتنەکەى قوتى دابو، دەرهێنرا.

 

ئەسما جەمیل، یەکێک بوە لەو پزیشکانەى بەشدارى لە دەرهێنانى مۆبایلەکە کردوە، ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە نەخۆشێک سەردانى کردوە کە ئازارێکى توند لە گەدەیدا هەبوە و بەردەوام کێشى لەشى لەدەستداوە و دواى بەدواداچون دەرکەوتوە شەش ساڵ پێش ئێستا مۆبایلێکى قوتداوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە تیشکیان بۆ نەخۆشەکە ئەنجامداوە تا شوێنى مۆبایلەکە بدۆزنەوە، تیمێکى پزیشکیش بڕیاریانداوە کە بە تەکنەلۆژیاى هەناوبینى مۆبایلەکە دەربهێنن تا هیچ کاریگەرییەکى خراپ لەسەر تەندروستى نەخۆشەکە دروست نەبێت.

 

ئەوەش باسکراوە پێشتر هەوڵدراوە مۆبایلەکە لە گەدەى ئەم زیندانییە دەربهێنێت، بەڵام مەترسیی لەسەر تەندروستى هەبوە و پزیشکەکان ترسیان هەبوە ببێتە هۆى دروستبونى کون لە گەدەیدا.

 

ئەو پزیشکەى نەشتەرگەریی دەرهێنانى مۆبایلەکەى کردوە ئەوەى باسکردوە کە بەهۆى ئەوەى ئەو ماوە زۆر لە گەدەیدا ماوەتەوە توشى هەوکردنێکى زۆر بوەتەوە بەتایبەت کە مۆبایلەکە لەناو کیسێکى نایلۆندا بوە و بەوهۆیەشەوە 30 کیلۆ لە کێشى کەمکردوە لەو ماوەیەدا و ئەو نەخۆشەشى بە کەسێکى بەبەخت ناوبردوە چونکە دواى ئەو هەمو ساڵە پاترى مۆبایلەکە لە گەدەیدا نەتەقیوە بەتایبەت لەکاتى هەوڵەکان بۆ دەرهێنانى.

 

ئەو زیندانییە، سزاى زیندانیی هەتاهەتایی هەیە، دواى ئەو هەمو ئازار و نەشتەرگەریی و مەترسییەى لەسەر ژیانى هەبو بەهۆى هەوڵە شکستخواردوەکەى بۆ هەڵاتن لە زیندان، هێشتا لە زیندان ماوەتەوە و سزاکەى بەسەر دەبات.

321 جار خوێندراوەتەوە