چارەنوسی ئەمیر تەتەلو بەکوێ دەگات؟ پارێزەرەکانی پەنا بۆ دەسەڵاتە ئیسلامییەکان دەبەن

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 02/03/2025
هەمەڕەنگ
+
-

هەریەکە لە ئیلهام ڕەحیمفار و مەجید نەغشی، کە پارێزەری ئەمیر حسێنن، گۆرانیبێژی ئێرانی کە بە ئەمیر تەتەلو ناسراوە، دوای ئەوەی نیگەرانی خۆیان لە حوکمی "جنێودان بە پێغەمبەر" دەربڕی، نامەیەکیان بۆ دەسەڵاتە مەزنەکانی ئایینی وڵاتەکە نوسیوە و داوای هاوکارییان کردوە بۆ ئازاد کردنی ئەو هونەرمەندە.



هەمەڕەنگ؛ KNNC

 


ئەمیر تەتەلو کەزیاتر لە ساڵێکە لە زینداندایە ڕوبەڕوی چەندین تۆمەتی جۆراوجۆرى وەک هاندانی گەندەڵی و لەشفرۆشی، سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام، چالاکیی دژی حکومەتی ئێران، بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی قێزەون، دامەزراندنی سایتی گرەوکردن و تاوان دژی حەیا بوەتەوە.



پارێزەرانی هونەرمەندەکە لە هەوڵی ڕزگارکردنیدان و  ڕێگەیەکی دیکەیان گرتوەتە بەر،  جەختیان لە بێتاوانی کردوەتەوە و نوسیویانە؛ سەرەڕای دەرکردنی بڕیاری بێتاوانی لە قۆناغی یەکەمی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر، ئێمە  لە ئێستادا ڕوبەڕوی توندکردنەوەی سزای دەرەوەی یاسایی بوینەتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش  بۆچونی دەسەڵاتداران دەتوانێت گرنگ بێت لە چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە.

 


لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتوە: "تاوانی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر سەرچاوەیەکی تەواو فیقهی هەیە، هەروەها یاساکە بە بێتاوان و سزادانی تاوانبارانی تاوانەکە بە پشتبەستن بە شەریعەتی ئیسلامی دیاری دەکات.

 


ئەوان جەختیان لەوە کردوەتەوە؛ بەمەش بارودۆخی تۆمەتبار، بە گریمانەکردنی ئەنجامدانی کردەوەیەکی ماددی کە بە تەواوی گوماناوییە و جێگەی گومانە"، لەبەر ئەوەی لە مادەی 263ی یاسای سزادانی ئیسلامی، هەرگیز لەگەڵ ناوەڕۆکی مادەی 262ی ئەم یاسایەدا ناگونجێت”.



پێشوتر بەشێک لە میدیاکان بڵاویان کردبوەوە دادگای تاوانەکانی تاران بە تۆمەتی "سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر"، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ ئەمیر تەتەلو، دەرکردوە، بە پێی ئەو هەواڵانە، حوکمی لەسێدارەدانی ئەو کە لەلایەن دادگای تاوانەکانی تارانەوە دەرچوە، کۆتایی نییە و دەتوانرێت لە دادگای باڵا تانە بدرێت.

 


 هەر دوای کاتژمێرێک لەو هەواڵە، ئاژانسی هەواڵی فارس و ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران، هەواڵی سزای لەسێدارەدانی ئەو گۆرانی بێژەکەیان ڕەتکردەوە و لە زاری ناوەندی ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی قەزاییەوە ڕایانگەیاند کە "هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە تەتەلۆ دەرنەچوە".

 


بەپێی ماددەی 262ی یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران،  هەرکەسێک "سووکایەتی یان بوختان" بە پێغەمبەری ئیسلام بکات، بە "کوفر بە پێغەمبەر" دادەنرێت و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێندرێت.

1267 جار خوێندراوەتەوە