بەریتانیا بە پێنج هەزار موشەک کێیڤ پڕچەک دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:18 - 02/03/2025
جیهان
+
-


دوای کۆبونەوە نائاساییەکەیان، کیر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند، بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار چەک دەدەینە ئۆکرانیا لە چوارچێوەی پشتگیرییە بەردەوامەکان بەرامبەر هێرشەکانی ڕوسیا.

هەواڵ:KNNC

ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەریتانیا، کۆبونەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا و روسیا بەڕێوە چو تێیدا، ستارمەر دوپاتی کردەوە کە جگە لە وڵاتەکەی چەند وڵاتێکتریش خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە ئەوروپییە، کە تێیدا ئامادەن هاوکاری ئۆکرانیا بکەن، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو وڵاتانە بخاتەڕو.

 



ستارمەر دوپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی و فەرەنسا پێکەوە کاردەکەن لەسەر "پلانێک بۆ وەستاندنی شەڕی" نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا،جەختی لەوەش کردوەتەوە دەبێت روبەڕوی دەستدرێژییەکانی رووسیا ببینەوە و بیوەستێنن، بۆ ئەو مەبەستەش جگە لە خۆیان چەند وڵاتێکی دیکەش ئامادەن بۆ ئەو کارە، بەبێ ناوهێنانیان وتویەتی؛ "ئەوە بۆ ئەوان جێدەهێڵم کە لێدوانی خۆیان بدەن سەبارەت بەوەی کە بە تەواوی چۆن دەیانەوێت  بەشداریی بکەن، بەڵام توانیمان لەو بارەیەوە بەرەو پێشەوە بچین".


ستارمەر ئاماژەی بەوەشکرد، قەناعەتی بەوە هەیە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دەیەوێت ئاشتییەکی بەردەوام لە ئۆکرانیا بەدەستبهێنێت، سەرەڕای ئەوەی ڕۆژی هەینی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی لە کۆشکی سپی توشی دەمەقاڵێ و لێکتێنەگەیشتن بون.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، جەختی لەوە کردوەتەوە کە بۆ بەردەوامی ئاشتی پێویست بە گەرەنتی ئەمنیی ئەمەریکا دەکات و گرنگە ئەمەریکاش لە هاوکێشەکەدا بێت.

دوای کۆبونەوە بێ ئەنجامەکەی لەگەڵ ترەمپدا، ئەمڕۆ یەکشەممە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کۆبونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە بەریتانیا ئامادە بو، کە کۆبونەوەیەکی نائاسای بو،  بۆ تاوتوێکردنی شەڕی ئۆکرانیا و ڕێگاکانی ڕاگرتنی، ئەنجامدرا و تیێدا وڵاتانی ئەوروپی پشتگیریان بۆ ئۆکرانیا دژ بە شەری روسیا دوپات کردوە.

437 جار خوێندراوەتەوە