21ـی شوبات.... رۆژی جیهانی زمانی دایک

KNN : Kurdish News Network
09:10 - 21/02/2025
هەمەڕەنگ
+
-

رێکخراوى یونسکۆ (21)ـى شوباتى هەمو ساڵێکى وەک رۆژى جیهانیی زمانى دایک بەمەبەستى هەبونى مافى خوێندنى زمانى دایک و پارێزگارى لە زمانە جیاوازەکان لە هەمو جیهاندا ناساند.

 

هەواڵ:KNNC

 

هۆکارى دیاریکردنى ئەم یادە لە 21ـى شوبات بۆ  ساڵى (1952) دەگەڕێتەوە، لەو رۆژەدا کۆمەڵێک لە گەنجان و خوێندکارانى وڵاتى بەنگلادیش کە ئەوکات بەشێک بو لە وڵاتى پاکستان، بۆ نارەزایەتى بە بڕیارى وڵاتى پاکستان سەبارەت بە بەرەسمى ناسینى زمانى ئۆردو و پەراوێز خستنى زمانى بەنگالى خۆپیشانادانێکى ناڕەزاتیەتییان ئەنجامدا و لەو خۆپیشاندانەشدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەم روداوە بوە هەوێنى داننان و دانانى رۆژێکى تایبەت بە زمانى دایک و لەسەر پیشنیارى بەنگلادیش لە ساڵى (1999) ئەو رۆژە لە لایەن یونسکۆ ناسێنراوە و دواتر لە ساڵى 2008 دانى پێدا نرا.


مافى خوێندن بە زمانى دایک لە مافە سەرەتاییەکانى گشت کەسێکە کە لە لایەن سەرجەم رێکەوتننامەکانى مافى مرۆڤ وەکو مافێکى سروشتى بە فەرمى ناسراوە و لە بەندى (30) ئەو رێککەوتننامەیەدا دەوڵەتەکان ناچار دەکات کە لە ئەگەرى بونى کەمایەتى نەتەوەیی و مەزهەبى مناڵانى ئەو نەتەوانە دەبێ لە مافى خوێندن و بەرێوەبردنى رێورەسمى ئایینى خۆیان ئازاد بن.


لە جیهاندا زیاتر لە حەوت هەزار زمان هەیە، زمانى کوردیش زیاتر لە (40)  ملیۆن کەس قسەى پێدەکات، بەڵام بەهۆى داگیركردنی كوردستان و دابەشكردنی بۆ چەند پارچەیەك، هەروەها قەدەغەكردنی خوێندن و نوسین بە زمانەكە لە بەشێكی ئەو وڵاتانەی كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە بۆتە یەكێك لە كێشەكان بۆ زمانی كوردی، بۆیە پێویستە گرنگییەكی زیاتری پێبدرێت و بەتایبەت لەڕوی دانانی زمانێكی ستاندارد، چونكە دەبێتە هۆی زیاتر بەهێز كردن و بڵاوبونەوەی زمانەكە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی

47 جار خوێندراوەتەوە