بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی؛ فلیپین مێشولە دەکڕێتەوە 250 دانەی بە یەک دۆلار

KNN : Kurdish News Network
07:01 - 19/02/2025
هەمەڕەنگ
+
-


مێشولە تەنگی بە فلیپین هەڵچنیوە، دەسەڵاتدارانیش بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی تای خوێنبەربون، ڕێگەیەکی نوێ تاقیدەکەنەوە، پارە دەدەن بەو کەسەی مێشولەیان بۆ بگرێت

هەمەڕەنگ:KNNC

بی بی سی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە تای خوێنبەربون شارێکی فلیپین، خەڵاتی گرتنی مێشولەی ڕاگەیاند، ئەمەیان وەک هەوڵێک و چارەسەرێک داناوە  بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون .

سەرۆکی ناوچەی ئێدیشن هیڵز کە یەکێکە لە گەڕەکەکانی مانیلای پایتەختی فلیپین، ڕایگەیاندوە؛ بۆ هەر پێنج مێشولەیەک کە ڕادەست دەکرێت، پاداشتێک پێشکەش دەکات بە بڕی یەک پێسۆ، ئەم بڕە  بە نزیکەی دەکاتە دوو سەنتی ئەمەریکی.


پیسۆ کە پارەی فەڕمی فلیپینە؛ 50 پیسۆ بە نزیکەی دەکاتە یەک دۆلار، بەوەش هەر کەسێک 250 مێشولە رادەستی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە بکات، یەک دۆلار وەردەگرێت.

 

ئەم خەڵاتە مێشولەی زیندو و مردوش دەگرێتەوە، خاوەنی بیرۆکەکە ڕایگەیاندوە؛ تا ئێستا  بە گشتی 21 کەس  پاداشتیان وەرگرتوە، کە 700 مێشولە و کرمۆکەیان ڕادەست کردوین.

دیاریکردنی ئەم خەڵاتە و ڕاگەیاندنی بوەتە باسوخواستی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە فلیپین، وەک کارێکی گاڵتەجاری سەیر دەکرێت، ئەم هەنگاوە هەر زو دەنگدانەوی بەدوای خۆیدا هێناوە.

 

دەنگدانەوەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆرن، لە یەکێک لە کۆمێنتەکانی سۆشیال میدیادا وەک تەنز نوسراوە "ئیتر دەستدەکەین بە بەخێوکردنی مێشولە"، یەکێکی دیکە نوسیویەتی : ئایا مێشولەیەک وەردەگرن کە یەک باڵی هەبێت؟

ئەگەر چی لە بواری تەندروستیدا، گرتنی مێشولە وەک ڕێگەیەکی باو و کاریگەر بۆ بەرەنگاربونەوەی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربون دانپێدانەنراوە و ڕێگەیەکی زانستی نییە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی فلیپین بە بی بی سی ڕاگەیاندوە، "نیازە باشەکانی کارگێڕانی حکومەتی ناوخۆیی بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی خوێنبەربون بەرز دەنرخێنێت".


ئەمساڵ تای خوێنبەربون تەنگی بە فلیپین هەڵچنییوە و تەندروستی وڵاتەکە ڕایگەیاندوە؛ تا 1ـی شوباتی ئەمساڵ 28 هەزار و 234 حاڵەتی توشبونیان تۆمارکردوە، کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردو بە ڕێژەی 40% بەرزبوەتەوە .


 تای خوێن بەربون نەخۆشییەکە و بەهۆی مێشولەوە دەگوازرێتەوە، لەکەسی توشبودا دەبێتە هۆی سەرئێشە، ئازاری ماسولکەکان و لە حاڵەتە توندەکاندا دەبێتە هۆی مردن.

204 جار خوێندراوەتەوە