لە فەڕەنسا گەورەترین کەیسی دەستدرێژی سێکسی لە دادگا بەڕێوە چو، تاوانبار؛ لە درۆکردن بێزاربوم

KNN : Kurdish News Network
09:57 - 03/03/2025
هەمەڕەنگ
+
-


بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، جۆیل لۆ سکوارناک، پزیشکی پێشوی نەشتەرگەری فەرەنسی ڕایگەیاند؛ ئامادەیە دان بە هەندێک لە دەستدرێژییەکانیدا بنێت، کە تێوەگلاوە لە گەورەترین کەیسی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە فەرەنسا.

هەواڵ:KNNC

ماوەی هەفتەیە لە شاری ڤانێس لە ڕۆژئاوای فەرەنسا، دادگایی کردنی دکتۆر لۆ سکوارنیکی تەمەن 74 ساڵ بەڕێوە دەچێت، کە تۆمەتبارە لە یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە وڵاتەکەدا، ئەمڕۆ دووشەممە، تۆمەتبار دانی بەهەنێک لە تاوانەکانیدا ناوە و وتویەتی؛ لە درۆکردن بێزار بوم و ئامادەم دان بە هەندێک لە تاوانەکانمدا بنێم.

 ئەو دکتۆرە فەرەنسییە، کە تۆمەتبارە بە دەستدرێژیکردنە سەر 299 نەخۆش، کە زۆرینەیان لەکاتی بێهۆشکردن یان دوای پشکنینی بوە و دەستدرێژییەکانی لە دوانزە نەخۆشخانەدا ئەنجامداوە، لە نێوان ساڵانی 1989  بۆ 2014دا و بەپێی ئەو داتانەی دەست پۆلیسی فەرەنسا کەوتوە، 256 لە قوربانییەکان تەمەنیان لە خوار 15 ساڵەوە بوە، بچووکترینیان تەمەنی یەک ساڵ و گەورەترینیان تەمەنی 70 ساڵە.

ئەمڕۆ لە دادگادا، دوای ئەوەی لێکۆڵەرێک رایگەیاند؛ بەبەڵگە بونی تۆماری وردی دەستدرێژییەکەی لەلایە و و خستویەتیە ڕو، لو سکوارنێک لە دادگا وتویەتی: "ئەمڕۆ هەست دەکەم ئامادەم دان بە هەندێک لەو کردەوە دەستدرێژیانەدا بنێم کە پێشوتر نکوڵیم لێکردوە و هەوڵمدا بیشارمەوە و ئیتر لە درۆکردن بێزار بوم". 

لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا، لو سکوارنێک دانی بەوەداناوە کە لەژێر پەردەی پشکنینی کۆمدا دەستدرێژی سێکسی کردوەتە سەر کوڕان، بەڵام بەردەوام نکوڵی لەوە کردوە، کە دەستدرێژی کردبێتە سەر کچان و ئەو تۆمەتەی بە  "زیادەڕەوی"  ناوبردوە.


ئەو پزیشکە لە ماوەی کارکردنیدا بە هیچ شێوەیەک، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2005 بە هەڵگرتنی وێنەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان سزا درابو، جگە لەوەی هەندێک لە هاوکارەکانی هۆشدارییان دابو لە ڕەفتارە گوماناوییەکانی، بەڵام لەلایەن تەندروستی شارەکە و پۆلیسەوە پشتگوێ خرابو.

ناوبراو بەردەوام بوە لە کاری پزیشکی تا  ساڵی 2017 خانەنشین بوە، دوای ئەوەی منداڵێکی تەمەن شەش ساڵان، دکۆر جۆیل لۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی دەستدرێژی سێکسی کردوەتە سەری و دوای لێکۆڵینەوە لێی پۆلیس بەڵگە و یاداشتنامەی خراپ بەکارهێنانی نەخۆشەکانی لە کۆمپیوتەرەکانیدا دۆزیوەتەوە.

ئەمە جگە لەوەی پۆلیس نزیکەی 30 هەزار وێنە و ڤیدیۆی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان لە هارد دیسکەکانیدا دۆزیوەتەوە و دکتۆرە فەڕەنسییەکە لەو کاتەوە بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر چوار منداڵ کە دووانیان  منداڵی خوشکەزای خۆی بون  سزا درا و لە زینداندایە، تا ئێستاش کەیسەکەی بەردەوامی هەیە و تەواو نەبوە. 

 

هەرچەندە زۆرێک لەو کەسانەی پەیوەندییان بەو دۆسیەیە هەیە، هیچ یادەوەرییەکیان نییە لەوەی چییان بەسەر هاتووە، بەڵام هێشتا قوربانین و دۆسییەکە تەواوی وڵاتی هەژاندوە، چالاکوانان و پارێزەران لە وڵاتەکەدا ئەم دادگاییکردنە بە دەرفەت دەزانن بۆ قوربانییەکان بۆ ئەوەی بێن و قسە بکەن، ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە ئەم دادگاییکردنە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام نەدرێت، بۆ ئەوەی تاوانبار بە سزای خۆی بگات و لێکۆڵینەوە لە لایەنی حکومی و کەرتی تەندروستی وڵاتەکەش بکرێت و کەمتەرخەمەکان سزابدرێن، بۆ ئەوەی لە داهاتودا دوبارە نەبێتەوە.

 


747 جار خوێندراوەتەوە