بەرامبەر ئازادكردنی 10 بارمتە... ئەمەریكا پێشنیازی نوێ بۆ حەماس دەكات

KNN : Kurdish News Network
06:33 - 06/03/2025
جیهان
+
-

بەرامبەر درێژکردنەوەی ئاگربەست لە غەززە بۆ ماوەی (60) رۆژ و کردنەوەی دەروازەکان بۆ رەوانە كردنی یارمەتییە مرۆییەکان، واشنتۆن پێشنیاری ئازادکردنی (10) بارمتەی زیندوی بۆ حەماس کردوە.


هەواڵ: (KNNC)


میدیا عەرەبییەكانی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی فەلەستینی رایگەیاندوە: واشنتۆن داوای لە بزوتنەوەی حەماس کردوە كە لە کۆی ئەو (25) بارمتەی زیندوە (10) بارمتە ئازاد بکات، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئاگربەست بۆ ماوەی (60)  رۆژ درێژدەكاتەوە لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستان لەسەر قۆناغی دوەم و چارەنوسی هێزەکانی ئیسرائیل لەسنوری  فیلادلفی.


ئاماژەیان بۆ ئەوەكردوە، بزوتنەوەی حەماس لێکۆڵینەوە لە داواكارییەكەی واشنتۆن دەکات و پاشان وەڵامی ئەمەریكا دەداتەوە.


هاوكات، کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە بەرپرسانی ئەمەریکا دانوستان و گفتوگۆی بەردەوامیان لەگەڵ بەرپرسانی بزوتنەوەی حەماس هەیە و بە پێچەوانەی سیاسەتی لەمێژینەی ئەمجارە راستەوخۆ  مامەڵەی لەگەڵ بزوتنەوەکەدا کردوە.


پێشتریش كۆشكی سپی ئاماژەی بۆ ئەوەكردبو، ئادەم بۆیلەر نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری بارمتەکان دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە كە راستەوخۆ لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس دانوستان و گفتوگۆ ئەنجام بدات.

1228 جار خوێندراوەتەوە