ئەمەریکا بۆ ئێرانییەکان: سزای نوێ بەڕێوەیە، پارەکانتان بکەن بە دۆلار

KNN : Kurdish News Network
10:31 - 06/03/2025
جیهان
+
-


  وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی پلانی نوێی سزادانی ئێران دادەڕێژێت، کە سزاکان  خۆی لە کەرتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرهەمهێنانی نەوتدا دەبینێتەوە و ئامۆژگاری ئێرانییەکانیش دەکات پارەکانیان بکەن بە دۆلار.


هەواڵ:KNNC

 
ئەمڕۆ پێنج شەممە سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند؛ واشنتۆن هەڵمەتی ئەوپەڕی فشاری خستوەتە گەڕ بۆ گەمارودانی تاران ، بە ئامانجی داڕمانی هەناردەی نەوت و دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانیی ئەو وڵاتە.



 بە پێی قسەکانی بێسانت، ئەمەریکا نیازی هەیە ئێران لە سیستەمی دارایی جیهانی بەتەواوەتی داببڕێت، هەروەها ئەو لایەن و وڵاتانەش دەکاتە ئامانج کە ڕۆڵیان هەیە لە ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی نەوتی ئێران.



بەرپرسەکەی ئەمەریکا، جەختیکردوەتەوە ئەم سزا نوێیانە دەبێتە هۆی گوشار بۆ سەر کەرتی ئابوری و سەربازی ئێران، دواجار توانای تاران بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی لەناو دەبات.



بێسانت ڕوی کردوەتە خەڵکی ئێران و دەڵێت؛ ئەگەر من لە جیاتی ئێرانییەکان بومایە تەواوی پارەکانم دەکرد بە دۆلار یاخود دراوی وڵاتێکی دیکە، ئەمەش وەک ئاماژەیە بۆ داڕمانی زیاتری پارەی ئێران بەرامبەر بە دۆلار.


 ئەو ئاماژەی بەوەشداوە کە دابەزینی بەرچاوی تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار، کە لە ئێستادا بەهای 100 دۆلار زیاترە لە نۆ ملیۆن تمەن، بەشێکە لە سیاسەتە نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشە سەربازی و ئابورییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا.

1246 جار خوێندراوەتەوە