ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ دیاریکردنی رۆژەکانی پشو کۆدەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
08:56 - 12/03/2025
کوردستان
+
-

ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە، دیاریکردنی رۆژەکانی پشو و بۆنە فەرمییەکانە، پرسی موچەی فەرمانبەرانیش لە تەوەری کۆبونەوەکە نییە.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای KNN، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە تەوەری یەکەمدا لەبارەی، دواین پێشهاتەکانی کۆبونەوە هاوبەشەکانی وەزارەتی سامانە سروستییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گفتگۆدەکات.

 

لە تەوەری دوەمیشدا، گفتوگۆی دوو پێشنیاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەکات کە ئەوانیش (لێخۆشبون  لە پێشینەی هاوسەرگیری ئەو کەمئەندامانەی پێش ساڵی 2013 هاوسەرگیریی وەریان گرتوە، هەروەها رازیبونی سندوقی پشتیوانی پرۆژە بچوکەکانی لاوان بۆ لێخۆشبونی 100% یان 50% قیستی ماوە بۆ ئەو سودمەندانەی کۆچی دواییان کردوە.

 

تەوەری سێیەمی کۆبونەوەکەش دیاریکردنی رۆژەکانی پشو، بۆنە فەرمییەکانە لە رۆژژمێری حکومەتی هەرێم.

 

هەرچەندە لە ناوەڕاستی مانگی ئازارداین، بەڵام تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتوە و هیچ کام لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران پرسی دابەشکردنی موچەی تێدانییە.

 

هەربەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای KNN بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی دیکەی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد بکاتەوە.

 

سلێمانی- بڕیارنامیق

143 جار خوێندراوەتەوە