دوا هەشت کاتژمێر گفتوگۆ و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش لە بارەی دەستپێشخەری بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان
هەردولادا، هەر زو کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و روسیاش دەڵێت؛ ئامادەین لەگەڵ
ئەمەریکا کۆببینەوە
هەواڵ:KNNC
دوای کۆبونەوەکەیان، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا
رایگەیاند پێشوازی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکرانیا دەکەین و پێشنیازی
ئاگربەست پێشهاتێكی ئەرێنییە کە دەتوانێت هەنگاوێك بێت بەرەو ئاشتییەکی هەمەلایەنە
و دادپەروەرانە و بەردەوام بۆ ئۆکرانیا.
لەلای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش
هیوای خواست کە ڕوسیا پێشنیازی ئاگربەستی 30 ڕۆژە پەسەند بکات، ئەو دەڵێت؛ ئەگەر ڕوسیا ڕازی نەبێت
بە ئاگربەست ئەوا بە بەردەوامی خەڵك دەکوژرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بۆ ئەو
مەبەستە جارێکیتر ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی بانگێشتی
کۆشکی سپی دەکەنەوە.
دۆناڵد تەسك، سەرۆك وەزیرانی پۆڵەنداش پێشوازی
لە ئاگربەستی 30 ڕۆژەی ڕوسیا و ئۆکرانیا کرد و رایگەیاند ئەمەریکییەکان و ئۆکرانییەکان هەنگاوێكی
گرنگیان بەرەو ئاشتی ناوە و ئەوروپا ئامادەیە هاوکاری هەردو وڵات بکات بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی دادپەروەرانەی
هەمیشەیی.
ئۆکرانیاش رایگەیاندوە، پێشنیازی ئاگربەستەکە
ئاسمان و دەریا و وشکانی دەگرێتەوە، زێلێنسکی دەڵێت؛ دەبێت ئەمەریکا
مۆسکۆ رازیکات بە ئاگربەست و ئەگەر روسیا ئەوەی بوێت دەستبەجێ شەڕ رادەگیرێت و
ئاگربەست دەستپێدەکات.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دوای کۆبونەوەکەیان لەگەڵە ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا دەبێت ڕوسیا بڕیار بدات کە ئایا ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا قبوڵ دەکات یان نا، کە بە وتەی خۆی ئامادەیە بۆ دانوستان، ئێستا ئەم ئۆفەرە دەبەینە بەردەم ڕوسەکان و هیوادارین بە ئاشتی ڕازی بن، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانەکەیاندایە.
لەبەرامبەر ئەم کاردانەوانەدا وەزارەتی
دەرەوەی روسیا رایگەیاندوە؛ مۆسکۆ ئامادەیە لەوبارەیەوە لە چەند رۆژی داهاتودا لەگەڵ ئەمەریکا
کۆببێتەوە.
422 جار خوێندراوەتەوە