ئێران: نامەکەى ترەمپ لەڕێی وڵاتێکى عەرەبییەوە وەردەگرین

KNN : Kurdish News Network
02:02 - 12/03/2025
جیهان
+
-

وەزیرى دەرەوەى ئێران لەبارەى نامەکەى ترەمپ بۆ وڵاتەکەى ئاشکرایدەکات کە چاوەڕێن لەڕێی وڵاتێکى عەرەبییەوە وەریبگرن کە لەبارەى چەکى ئەتۆم بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامی نوسراوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران لە لێدوانێکى تەلەڤزیۆنیدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاندوە؛ نامەکەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا بەمنزیکانە لەڕێی نێوەندگیرێکەوە بەدەستیان دەگات.

 

وتویەتى:" تا ئێستا نامەکەمان پێنەگەیشتوە، چاوەڕێ دەکەین نێوەندگیرى وڵاتێکى عەرەبى (بێ ئەوەى ناوەکەى ئاشکراى بکات) لە تاران لە داهاتویەکى نزیکدا نامەکەمان رادەست بکات".

 

عێراقچى رایگەیاندوە کە ئەو نامەیە بۆ عەلى خامنەیی، رێبەرى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکاوە نوسراوە و لەبارەى بەرنامەى ئەتۆمیی ئێرانەوەیە.

 

پێشتریش بەرپرسانى وڵاتەکە ئەوەیان ئاشکرا کردبو کە هیچ نامەیەکى دۆناڵد ترەمپ نەگەیشتوەتە ئێران.

 

لاى خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ کەناڵى فۆکس نیوز رۆژى هەینى لەبارەى ئەو نامەیەوە وتى: هیوادارم ئێران بێتە گفتوگۆکانەوە، چونکە ئەوە بۆخۆیان باشتر دەبێت"، وتیشى: ئێمە دەبێت لێپێچینەوە بکەین چونکە ناکرێت رێگە بە بونى چەکێکى دیکەى ئەتۆمیی بدەین.

258 جار خوێندراوەتەوە