دۆناڵد ترەمپ
رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن و هیچ شتێک گرنگ نییە
تا گفتوگۆکان کۆتاییان دێت.
هەواڵ:KNNC
لەیەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە دانوستانەکەی رۆژی شەممە کە لە نێوان ئەمەریکا
و ئێران بەڕێوەچون، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "پێموایە بە باشی دەڕوات، هیچ شتێک گرنگ
نییە تا گفتوگۆکان کۆتاییان دێت، بۆیە حەز ناکەم باسی بکەم".
وتیشی: پێموایە كارەكان لەگەڵ ئێران
زۆر باش بەڕێوەدەچن.
کۆشکی سپی رۆژی شەممە رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف،
نوێنەری ئەمریکا لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆیەکی زۆر ئەرێنی
و بونیادنەر ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ویتکۆف دڵنیایی داوەتە عێراقچی
کە رێنمایی لە ترەمپ وەرگرتوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە
رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە، ئەگەر بكرێت.
لەبەرامبەردا عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران
وتی: دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان لایەنی ئەمریکی و ئێرانی بنیاتنەر بون و لە کەشێکی
هێمن و ڕێزداردا ئەنجام دراون.
وتیشی: هەردوو شاندەکە لە کاتی جێهێشتنی شوێنی
دانوستانەکان بۆ ماوەی چەند خولەکێک قسەیان ئاڵوگۆڕ کرد. ئەمریکییەکان داوای کرد کۆبونەوەکان
ڕاستەوخۆ و ڕوبەڕو بن.
161 جار خوێندراوەتەوە