جوانڕۆ محەمەد: كارمان بۆ دەرچواندنی یاسای لێبوردنی گشتی لەهەرێم كردوە

KNN : Kurdish News Network
08:24 - 17/04/2025
کوردستان
+
-

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رایدەگەینێت: كارا نەكردنەوەی پەرلەمانی كودستان لەبەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارەكانە، چونكە هیچ كەس و لایەنێك چاودێر نابێت بەسەریانەوە و ئاشكراشدەكات: كار بۆ دەرچواندنی یاسا لێبوردنی گشتی لەهەرێم كردوە.

 

هەواڵ:(KNNC)

 

جوانڕۆ محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی كە لە خولی پێشودا پەرلەمان درێژكرایەوە، چەند ساڵێكیشە بێ رۆڵكراوە هەروەها هەڵوەشاندنەوەی لەلایەن  دادگای فیدراڵییەوە كاریگەری گەورەی لەسەر پەرلەمانی كوردستان هەبوە، ئەوەش لەبەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارەكانە، چونكە هیچ كەس و لایەنێك چاودێر نابێت بەسەریانەوە.

 

وتیشی: دەبێت كارەكتەری سیاسییەكان و كەسایەتییە خاوەن بڕیارەكان لە هەرێمی كوردستان مەودای بیركردنەوەیان لە ئاستی بەرژەوەندی گەل بێت نەك حزب و هەمو خەمەكانیان نەبێت بەبەركەوتەی حزبەكەیان كە ئەوەش راستەوخۆ پەیوەندی بە پێگەی كورد لە بەغداد و ناوچەكەدا هەیە.

 

رونیكردەوە؛ بۆ دابینكردنی ژیان شایستە بۆ خەڵكی هەرێم، دەبێت دامەزراوەكان رۆڵیان پێبدرێت و دەستی حزب لەدەمەزراوەكان دورخرێتەوە بۆ ئەوەی نەتوانن كارەكانیان پەكبخەن، ئەو كاتە دەتوانن رۆڵیان لە كۆتایی پێهێنانی قەیرانەكان دەبێت، یەكێك لە گرنگرتیرین یاساكان دەبێت پەرلەمان كاری لەسەر بكات بودجەیە و بۆ ئەو مەبەستەش فشار لە حكومەت دەكەن بۆ ناردنی یاسای بودجە بۆ پەرلەمان.

 

 

سەبارەت بە دەرچواندنی یاسایی لێبوردنی گشتی پەرلەمانتارەكەی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی: هەرێمی كوردستان پێویستی بەژمارەیەك یاسای گرنگ هەیە لەوانە یاسای لێبوردنی گشتی، چونكە پەیوەندی بە ئازادكردنی ئەو كەسانەوە هەیە لە زیندانەكاندان، بەڵام بەهۆی كارانەبونی پەرلەمانی كوردستان نەتوانراوە یاساكە دەربكرێت، ئاشكرایكرد؛ لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی دیكە كاریان بۆ دەرچواندنی یاسا لێبوردنی گشتی لەهەرێم كردوە.

 

 

رونیكردەوە، پێشتر و لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتە یەك لەدوا یەكەكان، حزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بە گوفتارەكانیان خەونی رەنگاورەنگیان بۆ خەڵكی دروستكردبو، بەڵام قسەكانیان نەبوە بەكردار بۆیە متمانەیان لەدەستداوە.

 

 

جوانڕۆ محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان هیوا دەخوازێت؛ لەكاتی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا، یەكێتی و پارتی بتوانن شوێنەوارەكانی دوئیدارەیی بسڕنەوە، بتوانن دەستی حزب لە حكومەت دوربخەنەوە، چونكە هیچ بەربەستێك لەبەردەمیاندا نییە بۆ ئەوەی حكومەتێكی خزمەتگوزار و خزمەتكاری خەڵكی هەرێم پێكبهێنن.

163 جار خوێندراوەتەوە