گۆڕان خەریکی چیە؟

دوای دەستلەکارکێشانەوەی خانەى راپەراندن، خەڵکی کورستان بە تامەزرۆییەوە چاوەرێی پرۆژەی تازەبونەوە و هەنگاوەکانانیان بۆ گۆڕانکاری لە ستراتجی بەڕێوەبردنی خۆیدا دەکرد، بێدەنگیەکەی ئەم ماوەیە بە نیگەرانییەوە پرسیاری لای هاوڵاتیان دروست کرد، چونکە خەڵکە بە پەرۆش و راستگۆکە لایان وایە لاوازی گۆڕان تێکشکانێکی گەورەی بەرەی خەڵک و ئومێدی گۆڕانکاریە. بۆیە لە بێ دەنگی وخامۆشیەکە دەترسن و دەیانەوێ چرای ئومێد گەش بکەینەوە. زریانی هەستانەوە بەدوای خۆی بێنێ، ئەمەش لەڕێی داڕشتنەوەی گوتاری سیاسی دژ بە نەریتخوازی بە شێوازێکی سەردەمیانە، بە ئامانجی بنیاتنانی ستراتیژی گەڕانەوە بۆ بەرەی خەڵک و پشتیوانی راگەیاندنێکی شەفاف و راشکاو و راستگۆی نیشتیمانی کە گەرووی راستەقینەی خەڵکی کوردستان بێت و دوور لە بازنەی چالاکی حزبی و بەرژەوەندی تایبەت و کەسی کار بکات، بە هەمان رێچکە و رێبازی قۆناخی رابەرایەتی کاک نەوشیروان لە بزوتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری و رێزدانان و پاراستنی جیاوازی ئێمە و ئەوان و بون بە چەتری ناڕەزایی هاوڵاتیان لە فۆرمێکی سیاسی مۆدێرندا کە ئاڵاهەڵگری دژایەتی خۆسەپاندنی تەوریسی سیاسی بێت و دامەزراوەکان بەتایبەت کۆمپانیای وشە وەکو دامەزراوەیەکی فەرهەنگی سەربەخۆی خۆیی بپارێزێ و هاوکار و هاریکاری ستراتیژی چاکسازی بزوتنەوەکە بکات.

 

گۆڕان بۆ ئیدامەدانی ژیانی سیاسی پشت بە خەڵکی کوردستان دەبەستێ و بە سەربەخۆی و رونکاری لە ئاستی دارایی و سیاسی کاردەکات، دەرفەت بە نەوەی تازە دەدات وەکو نەریتی سەرەتای دامەزراندنی بزوتنەوەکە لە پێناو بەشداری لە ئاڵوگۆری سیاسی بەشێوازێکی جەماوەری و مەدەنی، رێگرتن لە تاڵان و بڕۆ سەرمەشقی خەباتی بێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و پارێزگاری شکۆی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ژیانێکی خۆش و ئازاد بۆخەڵکی کوردستان، بۆیە هەوڵەکان چڕکراوەتەوە و هەنگاوەکان بە گیانی لێکتێگەیشتن دەنرێن، کە دروشمە سەرەکیەکەی پاراستنی ناسنامەی گۆڕانە.

732 جار خوێندراوەتەوە