پەرلەمانی شکاو

کێشەکانی ئەوەنیە ناتوانێ خاوەنی خۆی بێت، بەڵکو لە ئێستادا بەهۆی بونی خەڵکی ناشارەزا و نەبونی پسپۆڕی لەبوارەکاندا، تێنەگەیشتن لە دۆخی ژیانی خەڵک، وایکردوە پەرلەمان جگە لەبارێکی گەورەی قورس بەسەرخەڵکەوە هیچی تر نییە. پەرلەمان دەبوایە ئەوەندە هێزی تێدابێت حکومەت ڕێزی لێبگرێت، بەڵام پەرلەمان بۆتە فەرمانبەری حکومەت بەدڵی حکومەت کارەکانی ڕایى دەکات.

هۆکاری شکستی پەرلەمان بەشێکی گەورەی شکستەکانی بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە کەسانی دەست ڕۆیشتوی حیزب کە دەیانەوێ نوێنەرەکانیان بنێرن بۆ پەرلەمان، خەڵکانێکی ئاست نزم لەبواری ڕۆشنبیری و پسپۆڕی و ئاڵقە لەگوێی حیزب دەنێرێت بۆ ئەوەی ئەو یاسایەنەی دەردەچێت بەدڵی حیزب و پیاوانی حکومەت بێت، نەوەک ئەم یاسایەنە بۆ خزمەتی گەل و نەتەوەبێت، زۆرترین ئەو پرسانەی بەهۆنی نەبونی خەڵک پسپۆڕ لە پەرلەمان دوای دەرچونی هەر یاسایەک بکەوێتە بەر باهۆزی ڕەخنەی ڕۆشنبیران و خەڵکی تایبەتمەند بەم بوارە و ماوەیەکی زۆریش خەڵکی هەرێمی کوردستانی پێوە سەرقاڵ دەکەن. هەروەها پەرلەمان لەبری ئەوەی ببێتە ناوەندێک بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگەی کوردی بە دامەزراوەی کردنی دەزگا نیشتمانیەکان، کراوەتە ناوەندی تێرکردنی کادرانی حیزب.

ئەو کادرانەی بەها مرۆییەکانی خۆیان بۆ حیزب شکاندوە، ئەتکی هەموو پیرۆزیەکانی خۆی کردوە بۆ ڕازیکردنی گەورەکەی، ئەم جۆرە لە کادرە نەک ناتوانێ خزمەت بە پەرلەمان بکات و وەک پەرلەمانتار ڕۆڵ ببینێت، بەڵکو دەبێتە شورەییەکی گەورە بۆ پەرلەمان و نەتەوە و نیشتمان، دواجاریش خاڵێکی ڕەش لەمێژووی پەرلەمان و ئەو حیزبەی دەینێرێت.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، بۆچی دەبێت کەسانی دەست ڕۆیشتوی ئەم دوو بنەماڵەیە نابنە ئەندامی پەرلەمان؟ بەڵام پۆستی باڵای حکومەت وەردەگرن و دەستیان گرتوە بەسەر دەزگا گرنگ و ئەساسیەکانی حکومەتدا. لەکاتێکدا فەرماندەی لیوایەکی هێزێک بەگرنگتر و باشتری دەزانن لە بونی ئەندامی پەرلەمان. لەهەموو دونیادا کەسانی دیاری حیزبەکان و کەسانی دەست ڕۆیشتویان دەبن بە پەرلەمانتار، بۆ ئەوەی کاریگەری گەورە لەسەر حکومەت دروست بکەن بۆ خزمەتکردنی خەڵک و کەشف کردنی شتەشاراوەکانی دژ بە میللەت، ئەمە وایکردوە پەرلەمان ببێتە ناوەندێکی گرنگ. ئەم کەسانە هەر لەناو هەردوو هێزی خاوەن دەسەڵات نەبوە، بەڵکو هێزەکانی تریش نەیانتوانیوە خەڵکی پسپۆڕ بنێرن بۆ پەرلەمان بەڵام لێرە کەسانی دەست ڕۆیشتوی ئەم حیزبە دەچنە حکومەت بۆ ئەوەی هەرچی شتێکە لەبەرژەوەندی حیزب و بنەماڵەکان هەیە بیپارێزن، هەموو ئەوشتانەی دەیکەن لە گەل بیشارنەوە لە نمونەی گرێبەستی پەنجاساڵەی لەگەڵ تورکیا. ئەمە نمونەیەکی زەقە. 

هەر بۆیە پەرلەمانی ئێمە بۆتە ناوەندی شکاندنی شکۆی تاکی کورد، بە دەرلەوەی هەموو ڕۆژێک ئەم پەرلەمانە بەشتێک شکۆی خۆی دەشکێنێت، هەموو ڕۆژێ ئەم ناوەندە گەورە و پیرۆزە بەدەستی کادیرە جنێو فرۆشەکانی حیزب بەناوی پەرلەمانتارەوە خۆی ئەتک دەکات، لەم هەرێمەی ئێمە دەیانەوێ هەمووشتێ بکەنە خزمەت حیزب، حیزبیش بکرێتە قوربانی بنەماڵە و کەسی یەکەمی ئەم بنەماڵەیە.

هەرچی پیرۆزی هەیە پێویستە لەلایەن ئەم پەرلەمانتارانە بشکێندرێت بۆ ئەوەی حیزب و بنەماڵە جوانبن.

943 جار خوێندراوەتەوە