شۆڕشێک لە بەرگی کۆچدا

ئەم کۆچ و کۆڕەوەی گەنجانی کورد روەو دونیای دەرەوە و لەسەر سنور بیلاڕوسیا و پۆڵندا، جۆرێکی تری شۆڕشی چەوسەواکانە، شۆڕشێکی گەورە لە دژی  نا دادی و نە بونی ئازادی لە کوردستاندا، سنوری بیلا ڕوسیا مەیدانێکی تری ناساندنی دەسەڵاتی ستەمکاری سی ساڵی کوردی بە جیهانی دەرەوە، ئەگەر دوێنێ شەق هەڵدان لەمامۆستا و سجن کردنیان، لێدان لەخۆپیشاندەران دونیای دەرەوە لە ئاستیدا بێدەنگ کرابێت، بە سیناریۆ و تۆمەتی جۆراو جۆر بێدەنگ کرابن، ئەمڕۆ سنوری وڵاتانی ئەورپای ڕۆژهەڵات سەلمێنەرەی ئەو ڕاستیەن کە دەمێکە ئازادی خوازان هاواری بۆدەکەن.

بڕیاری واڵاکردنی سنوری لەلایەن بیلاڕوسیا بەسەر ئەوروپادا دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ ئەو مرۆڤانەی لەخراپی دۆخی ئەم هەرێمە بیر لەڕاکردن و کۆچ کردن بکەنەوە، لێرە گوزەر بکەن بۆ دونیایەکی تر، کە لەوێ زەمینەی ئازادیەکان لەبارترە و ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و نەوەکانیان دەستەبەربکەن، تاوەکو درێژە بەژیان بدەن و توانای خۆیان بخەنەگەڕ،  چونکە لەهەرێم توانای تاک و شارەزایی حیسابی بۆناکرێت، گوێ لەخواستی خەڵک ناگیرێت، ئەوەی لێرە گوزەر دەکات تەنها ئەوەیە چەند بتوانن خۆیان لەسەر کوشتنی تواناکانی تاک دەوڵەمەندتر بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان نەوەکانیان لە لەزەتی ژیاندا بەردەومبن.

کاتێک سیاسی وڵاتانی ئەوروپی بەمێژووی گەلێکی وەک کوردا دەچنەوە، ئەم لێشاوی خەڵکە لەسەر سنورەکان دەبینن، و ئامادەن بمرن بەڵام نەگەڕێنەوە ژێر سایەی حوکمی کوردی، کەلەساڵی ١٩٩١ لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پارێزبەندیان بەسەر عێراقدا سەپاند، ئەوێ ڕۆژێی گەلی کوردیان لەسەر سنورەکانی تورکیا و ئێران بیر دەکەوێتەوە. کاتێک ئامادە بوون بمرن لە برسان و لەسەرمان، بەڵام جارێکیتر نەکەونەوە دەست ڕژێمی بەعس و بەئەنفال و کیمیا باران جارێکیتر مەحکوم نەکرێن، ئێستا وڵاتان ئەوروپا بیر لەوە دەکەنەوە دەبێت چۆن دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و فرۆشتنی نەوتی زۆری زەوەندی کوردستان هێشتا ئەوانە بێ نان و ئازادین؟ چۆن دەبێت دەیان خەڵکی پسپۆڕ بەشەهادەی بەرزەوە لەبێکاری و نەبونی هەلی کار و قۆرغکردنی نیشتمان لەلایەن دوحیزبەوە وڵات جێبهێڵێت؟

ئێستا هاوشێوەی ڕژێمی سەددام و کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ لەبەردەم شۆڕشێکی گەورەی کۆچ و ڕەودایە، ئەوشۆڕشەی دوای سەدان خۆپیشاندان دەسەڵات لەبری ملکەچ بوون بۆ داواکانیان بەگولە وەڵامی خواستەکانیان دانەوە، ئەمڕۆ لە دونیای دەرەوە دەیانەوێ بە لێشاو کۆچە بە جیهانی بسەلمێنن کە خواستەکانی خۆیان لە ژێر دەستی دەسەڵاتی کوردی گوێ لێگیراونییە، دەسەڵاتی کوردیش بەعەقڵی محمد سەعید سەحاف درێژە بەکاروانی خۆی دەدات، ئەمە نیشانەی دوا ساتەکانی کەوتنیەتی لەبری وەڵامدانەوەی خێرای خەڵک.

ئەم لێشاوەی خەڵک لەسەر سنورەکانی دوور لەنیشتمان، نیشانەی گەورەی شکستی حوکمڕانی کوردە، ناشتوانێ هیچ سنورێک و هیچ هێزێکیش  بنێرێ بۆ کۆتای هێنان پێیان، مانەوەی زیاتری هەر ڕۆژێک لەوێ قوڵتر و جوانتر پێناسەی دەسەڵاتی کوردی بەجیهاندا دەکەن، ئەمە کەم نییە ئەگەر تۆزێک بیربکەنەوە، بەڵام دەسەڵاتی کوردی وڕوکاس بوە، وەک مرۆڤێک کەلەکۆتای ژیان نزیک بوبێتەوە خەریکی وڕێنەیە و هۆشی بە ڕووداوەکانی دەوروبەریەوە نامێنێت کەچی ڕودەدات؟

ئەم شۆڕشەی  گەنجان و خەڵکی ستەمدیدە لە باشوری کوردستان لە پێناوی بەدەست هێنانی مافەکانی خواستەکانی لەلایەن دەستەڵاتی کوردی نادیدە گیرە، لەسنورەکانی بیلا ڕوسیا و پۆڵندادا خواستەکانیا بەرز ڕادەگیرێت، بەڵام چەند ئەوان بەخواستەکانیان گەیشتن دەسەڵاتی برسی و ڕەزیلی کوردی لەئاست دونیای دەرەوە لەخواستەکانی دەدەبەزێت. چونکە دونیای دەرەوە ورد تەماشا دەکات و دەبینێ کە سنورەکانی ئەم شۆڕشە بۆخەڵکی کورد سنوری  وڵاتانی ئەوان و خاکی کوردستانیش مەیدانی کاری وڵاتانی داگیرکەری کوردستانە. بۆیە ئەم  کۆچەی لەم سنورانەی وڵاتانی ئەوروپا شاشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆنیشاندانی ڕووی ڕەزیلی دەسەڵاتی کوردی بەجیهان، ئاوێنەیەکە کە دەسەڵاتی کوردی ڕوی ڕاستەقینەی خۆی تێدادەبینێ.  جیهان لەم شاشەیەوە ڕاستیەکان جوانتر دەبینێت و خواستی ئەم دەسەڵاتەش باشتر  بەرامبەر بەگەلەکەی دەخوێنێتەوە.

869 جار خوێندراوەتەوە