گۆڕان دیوی گەشاوەی کۆمەڵگەی کوردی

بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو هێزەی لە بنەچەوە بۆ شکۆدارکردنی ئازادی تاک دروستبوو، بۆ ئەوەی تاکی کورد لە خەوی بێ ئاگایی ڕۆژگار بەخەبەر بێت، چاوەکانی لە بەردەم ستەمی ڕۆژگاردا بکاتەوە، هەست بە نادادی تەمەنێک لە خەباتی کوردایەتی بکات، بیر لە ماندوبونی ڕۆژگاری خۆی بکاتە بزانێت لەسایەی ماندووبونی خۆی داهاتی ئێستای گەلەکەی چەندە؟.

بزوتنەوەی گۆڕان، شەبەقی خۆرێکی نوێ بوو لە ئاسمانی گەلێک هەڵهات، کەتیایدا خەریک بوو، بەشێک لە سەرانی ببن بە فیرعەون و لەبری خوا بەسەر خەڵکدا حوکم بدەن ، گۆڕان تەختی دەسەڵاتی هەژاند، هۆشیاری نەک هەر بەخەڵکدا، بەڵکو بەدەسەڵاتدارانی وت ئێستا ڕۆژگاری بەبتبون و فیرعەونی کۆتایهاتوە، پێویستە خۆتان لەبیر نەچێت کەمرۆڤن.

کارە ئەساسیەکانی گۆڕان بەپشت و پەنای خەڵکی ستەمدیدا، بە هۆشێکی کراوە و بە دونیا بینیەکی ڕوون بە یەکگرتوی گشت بیروبۆچونەکان لە ژێر ڕۆشنای بیرمەند و سیاسەتوانی گەورەی گەلەکەمان ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەنگاوی کرداری بوێرانەی بۆنرا، ئەوێ ڕۆژێ بەگیانێکی یەکگرتو بەرەو وەستانەوە دژی ستەمکاری هەنگاوی گەورەنرا، کە ئومێدی سەرکەوتن زۆر کەم بوو، بەڵام ئەمڕۆ کە بەشێکی زۆر بەربەستەکانی بەردەم سەرکەوتن نەماون، بۆچی دەبێت بەرەی گۆڕان پەرتەوازەبێت؟ .

پەرتەوازەی بەرەی گۆڕان و گۆڕانکاری زیانی گەورەی بۆ پڕۆژی پێشخستنی کۆمەڵگە و ئاستی هۆشیاری تاک و متمانەی خەڵک دەبێت، تاوەکو هەنگاوەن سستبن بۆ یەکڕیزی و گرێدانەوەی پەتەپچڕاوەکانی بەرەی گۆڕانکاری، تەمەنی ستەم و درێژەدان بەگەندەڵی و خەفەکردنی ئازادی بەهێزتردەبێت.

ئەم هەنگاوەی بەڕێز دکتۆر بوڕهان یاسین و دواین بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕۆسەی ئاشتەوای لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، نەک هەرهەنگاوێکی گرنگە، بەڵکو زۆر زەرورە بۆ ئەوەی درزەکان لەوە زیاتر گەورەتر نەبن، چیتر خەڵک بەنائومێدی نەڕوانتێە ئەزموونی هەرێم، بۆ سەرکەوتنی ئەم قۆناغەش پێویستە هەموو لایەک مرونەت بنوێنن، بزانن چشتێک گۆڕان خوازان ئاشت دەکاتەوە و زۆرینەی گۆڕانخوازان داوای چی دەکەن ئەم هەنگاوانەبنێن، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەیەکە لەخەڵکە بۆ خزمەتی خەڵک دروست بوە، نەوەک وەک هێز و لایەنیتر بۆ بەرژەوەندی و خزمەتکردنی وڵاتان لەناوخەڵکی کوردا دروستکرابێت، بە داوای ئەوانیش بمێنێتەوە،  کەواتە دەبێت گۆڕان گوێ لەداخوازیەکانی خەڵک بگرێت بۆ ئەوەی خەڵک پاڵپشتی بکات بۆ مانەوەی.

ئێستا ئەرکەکە بەتەنها هەر لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان نییە بەتەنها، بەڵکو بەرەی ناڕازیش لەبەردەم قۆناغە مێژویەکەدا بەرپرسیارە کە کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتر هەنگاوبنێت، بۆ ئەوەی ئەوە ڕونەدات پێویستە ئەوانیش لەم قۆناغەدا داواکاریە قورسەکان ئاسانکاری تێدابکەن و دەست بخەنە دەستی یەکتری بۆسەرکەوتنی پڕۆسەیەکی گرنگی مێژووی، دانیشتن لەماڵ و بێدەنگی لە بەرپرسیاریەتی کەسمان کەمناکاتەوە، بەڵکو ئەرک قورستر هەنگاوەکانیش سەختر دەکاتەوە، ئەوەی لەمەیدانی کارە ئەرکی مێژووی ڕەنگە سوکتربێت لەوەی دانیشتوە، دەکرێ لەمەیدانی کارداهەڵەبکرێت و دوای ڕاستبکرێتەوە، بەڵام ئەوەی دادەنیشێ و ئەرکی مێژووی خستۆتە شانی خۆی و ناشیکات بەرپرسیاریەتی زیاترە.

هەنگاونان بۆخزمەتکردنی خەڵک گەورەترە لە هەوڵدان بۆ بەرپرسیاریەتی، بۆیە ئەم پڕۆژانەی لەبەردەمی ڕەوتەکانی بزووتنەوەی گۆڕانن، پڕۆژەی ئەخلاقین بۆ سەرکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی و ڕزگاربونی لەستەمی دەسەڵات. هەر ئەم ڕوە گەشاوەیەی گۆڕانە وایکردوە هەمو خەڵک چاوی ئومێد و هیوای زۆرینەی توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگەی کوردیبێت.


178 جار خوێندراوەتەوە