ئەزمونی دیموکراسی هەرێم بەرەوکوێ؟

دەمێکە باسی ئەزمونی هەرێم دەکرێت لەبارەی دیموکراسی، لەدەمی بەرپرسانی ئەم هەرێمە هەمیشە سەری زمان و بنی زمانیان ئازادی و دیموکراسی، سەرکەوتنی ئەزمونی هەرێم و بەرەو پێشەوە چونیەتی لەهەمو ڕویەکەوە.


بەڵام کاتێک دێینە سەر حەقیقەتی باسەکە، ئەوەیە ئێمەی کورد بەدیموکراسی نامۆین، لە فەرهەنگی دیموکراسی نەگەیشتوین.


ئەگەر لە بەدیموکراسی نامۆنەبین و لەفەرهەنگی دیموکراسی بگەین، هێزێکی نیشتمانی دور لەململانێی سیاسیمان دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی نامۆین بەدیموکراسی نەخشەی هەڵبژاردن پێش وەختە لەسەر بڕیاری هێز بڕیاری لەسەر دەدەن، گوێ بە داخوازی گەل نادەن، هەرکاتێک یەکێک لەم حیزبە خاوەن هێزە هەلومەرجەکەی لەبار بێت، ئەسپی خۆی تاودەدات بەناوی دیموکراسی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، لایەکەیتر دژی دەوەستێتەوە بانگەی ناهاوسەنگی دەکات، ئەوە دوساڵە بەم شێوەیە هەڵبژاردن دوادەخەن، هەر لایەنەو بەبیانویەک، بەڵام هیچیان بارودۆخی گەل لەبەرچاوناگرن، لەئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.


دوساڵ بەسەر ماوەی هەڵبژاردندا تێپەڕ دەبێت لەهەرێم، هیچ هێزێک خەمی قەوارەی هەرێمی نییە، هەمویان لەخەمی قەوارەی حیزبەکەیاندان بۆ ئەوەی بزانن کێ کورسی زیاتر بهێنن، سەرەڕای ئەوەی نەیانتوانیوە خزمەتگوزاری پێویست پێشکەشی گەل بکەن، لەهەمو دونیا چەند سێکتەری گرنگ ناوەندی مشتومڕ و گرەو لەسەر کۆرکردنەوەی دەنگی گەلە ئەوانیش پەرەوەردە و تەندروستی و کەمکردنەوەی باج. خەڵک لەپێناوی بەدەست هێنانی پەروەردەیەکی باش بۆ نەوەکانی و تەندروستیەکی باش بۆخۆیان، کەمکردنەوەی باج لەپێناو ژیانێکی شایستە دەنگ دەدات.



بەڵام لێرە کەرتی پەروەردە، کۆمەڵگەی دابەشی سەر دو چین کردوە چینی دەوڵەمەند و هەژار، دەوڵەمەندەکان ئێستا منداڵەکانیان ناخەنە قوتابخانەی هەژاران کە قوتابخانەی حکومییە، بۆیە کەس لەسەر خەونی نا بۆجیاکاری چینایەتی شەڕی کۆکردنەوەی دەنگ ناکات، هەروەها کەرتی تەندروستی ئێستا دەوڵەمەندەکان بو چارەسەریسەئێشەیەک ڕو لە دەرەوە دەکەن باوڕیان بێرەنییە، نەخۆشخانەی ئەهلیش کراونەتە سەرچاوەی چەوساندنەوەی خەڵک و کەرتی گشتیش بێ داودەرمانە. لەبارەی باجیشەوە حکومەت بەئامادە بون یان نەبونی پەرلەمان بێگەڕانەوە بۆ پەرلەمان باج بەقسەی حیزب زیاد دەکات. ئەم شوێنانە بناغەی بانگەشە نین بۆ هەڵبژاردن.



گرەوکردن لەسەر هەبژاردن، بریتیە لەداتاشینی کورسی کۆتا بۆخۆیان بەناوی کەمە نەتەوەکان، ئەسڵەن پێویست بو، کەمەنەتەوەکان قبوڵی ئەوە نەکەن لەپەرلەمانی کوردستان کورسیان بۆ دابتاشن، بەڵکو پێویست بو بەدەنگی حەقیقی خۆیان دەنگ بۆ نوێنەری خۆیان کۆبکەنەوە و بینێرنە پەرلەمان بۆ ئەوەی کەس منەتیان بەسەردا نەکات، بۆئەوەی باشتر نوێنەرانیان لەپەرلەمان داکۆکی لەمافەکانیان بکەن، نەوەک حیزب نوێنەریان لەڕێگەی کورسی داتاشراوەوە بۆ دابنێ. هاوشێوەی گەلی کورد لەپەرلەمانی تورکیا نوێنەری ڕاستەقینەی نەوەتەوەکانی تری هەبێت.



بەمە ئەزمونی دیموکراسی لەنێوان بۆڕبۆڕێنی بەرژەوەندی حیزبەکاندا لەمەترسی گەورەدایە، ئەم جۆرە لە هەڵبژاردنە قەوارەی هەرێمی بەرەو داڕمان بردوە، بردویەتی تالێواری کەوتن، ڕاستبونەوەی بەم عەقڵیەتی حوکمڕانی و جۆری هەڵبژاردنەوە خستۆتە مەترسی، تادوێنێ لەهەرێم بڕیاری هەڵبژاردنی عێراق دەدرا، کەچی ئەمڕۆ بەغدا بڕیار لەچارەنوسی هەڵبژاردنی هەرێم دەدەت، ئەوەی ئەزمونی دیموکراسی هەرێم.



 ناکرێت ١٠ ساڵبێت خۆت بە دیموکراس بزانی بەڵام ئەنجومەنی پارێزگاکانت بێ هەڵبژاردا بێت. ٦ ساڵبێت هەڵبژاردنت نەکردبی بۆ پەرلەمانی کوردستان، چۆن دەبێت هێندە بێخەم دانیشتبن پەرلەمانی هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاکانت بەبڕیاری دادگا هەڵوەشابێتەوە بەڵام گاڵتە بەپرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، ئامادەنەبن لەبەر خاتری خەڵکی هەرێم هەڵبژاردن بکەن بۆ ئەوەی لانیکەم پەرلەمانی هەرێم بونی هەبێت وەکو گەلی کورد.



هەرێمی کوردستان بە پەرلەمانەوە جوانە، هەرێمێک پەرلەمانەکەی لەکار خرابێت و ئامادەنەبن ڕێکەون و هەڵبژاردنی بۆ بکەن و بۆئەوەی ئەزمونی هەرێم ناشیرین نەبێت، هەرێم بەهەمو کەم و کوڕیەکانیەوە لەبەرچاوی دۆست و دوژمن خاوەنی پەرلەمانبێت. هەڵبژاردنی هەرێم لەبەر ئەوەی خزمەت بەگەل و خەڵکەکەی دەکات ئامادەنین هیچ سازشێک بۆیەکری بکەن، بەڵام هەر لەپاڵ ئەو بڕیارەی دادگا کەبڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و سڕکردنی ڕیفراندۆمیدا یەکسەر جێبەجێکرا، بەڵام لەپاڵ ئەم بڕیارانە حکومەتی هەرێم کە تەوتینی موچە لەبەغدا ڕەتدەکاتەوە بۆ ئەوەی (هەژماری من) بسەپێنێ چونکە قازانج بەخۆیان دەکات، لە هەژماری مندا خزمەتی خۆیان پێدەکرێت. لەسەر حیسابی موچە خۆران.

بەباوڕی ئێوە ئێمە خاوەنی ئەزمونی دیموکراسین؟ دەتوانین ببینە خاوەنی ئەزمونێکی جوان بەم جۆرە لەعەقڵیەتی سیاسی کەهەموشتێکی بۆ خۆی دەوێت، هیچی بۆخەڵکەکەی ناوێت؟ لەمەوە دەگەینە ئەوڕاستیە ئەم دەسەڵاتە دەستبەرداری خەڵکەکەی بوە، باوڕی بەخەڵکەکەی نەماوە بەڵکو دەیەوێت بەناوی دیموراسی و ئەزمونی هەرێم خۆی بژیێنێت و خەڵکیش لەوەزیاتر بێدەنگ بێت، ئەزمونی دیموکراسی چی لێبەسەردێت؟ خەمی ئەوان نییە، بەڵکو خەمی ئەوان مانەوەیانە بەم شێوەیەی ئێستا.

223 جار خوێندراوەتەوە