دوای (11) ساڵ

دوای (11) ساڵ لە بەیانێکی حەوت خاڵی بزووتنەوەی گۆڕان کە داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی هەرێمی کرد، تیایدا بەڕونی پەنجەی لەسەر خاڵەکانی خراپی حکومڕانی هەرێمی کوردستانی دانا، ئەوە لەکاتێکدا کە هەریەک لە  رژێمی (بن علی) لە تونس و ڕژێمەکەی  (حسنی موبارەک) لە میسر کەوتن، چەندین وڵاتی تری وەک یەمەن و لیبیا و سوریاش خەڵک دژی ئەم رژێمانە لە خۆپیشاندان و شۆڕشدا بوون، ئەم شۆڕشە بە بەهاری عەرەبی ناوی دەرکرد، خەڵکی ئەم وڵاتانە لەستەمی دەسەڵاتی سیاسی بێزار ببون، تەواوی ئەم وڵاتانە لە ستەمی ئەم دەسەڵاتانە رزگار کران، تیایدا سەرکردەکانیان بە رەزیلی کەوتنە بەر شەقی گەل.

بەیانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە دۆخێکی هەستیار و پڕکێشەی ناوچەکەدا دەرکرا، ئەو هۆکارانەی لەوڵاتانی عەرەبی ناوی بەهاری عەرەبیان لێنرا و چەندین رژێمی خست، هەمان ئەو هۆکارانە لە کوردستاندا بونیان هەبوو، ئەگەر ئەوکات لەژێر رۆشنای ئەم بەیانەدا دەست بۆ چارەسەرکردنیان بردبا، ئێستا کوردستان لە دۆخێکی سەقامگیری و ئارامیدا دەبوو، بەڵام لەبری دەستبردن بۆ چارەسەری گرفتەکان، گرفتەکانیان لەگەڵ خەڵکی هەرێم قوڵتر کردەوە، لەوساڵەدا نزیکەى (60) رۆژ خەڵک شەقامەکان مانیان گرت، بەڵام دەستبەجێ وەڵامی دەسەڵات بۆ خۆپیشاندان لێدان و شەهیدی کردنی چەند خۆپیشاندەرێک بوو.

لە دوای ساڵی (2011)، حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسی لەبری گرنگیدان بە خەڵک چارەسەر کردنی ئەو گرفتانەی کە بەهاری عەرەبی لێدروست بووە، بەڵکو کێشەکانیان زیاتر قوڵتر کردەوە، لەئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێم، بوجەی (17%)ى هەرێم لە بەغدا بڕا، ئەوان لەبری دابینکردنی ژیانی خەڵک کەوتنە بڕینی مووچە و پاشەکەوت کردنی، دانەمەزراندن و ڕاگرتنی پلەی وەزیفی فەرمانبەران، کردنی ڕیفراندۆم و لەدەستدانی لە (51%) خاکی کوردستان، تەسکردنەوەی مەودای ئازادی لەکوردستاندا، بەکارهێنانی لێشاوێکی زۆری میدیا بۆ چەواشەکاری و تێکدانی شیرازەی خەڵکی هەرێم کوردستان.

هەموو ئەوانە زیاتر خەڵکی کوردستانی ماندوو کردووە، وایکردووە خەڵک کڵپەی ڕق و قینەی زیاتر بێت. لەهەلومەرجێکی لەبار بگەڕێت بۆ ئەوەی بگات بەو مافانەی لێیزەوەتکراوە، ئێستا لەهەموکات هۆکارەکانی شۆڕش زۆرترن و بەهێزترن، ئەوێ ڕۆژێ بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەو حەوت خاڵەی خستە بەردەم حکومەتی و حیزبەکانی دەسەڵات، بۆ دژایەتی ئەم دوو هێزە و دەسەڵاتی سیاسی نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوە بوو ئەو ئەزمونەی زیاتر لە سەد ساڵە خەڵک خەباتی بۆ دەکات و قوربانی لە پێناویدا دەدات، بە خوێنی هەزاران شەهید و سوتانی سەدان گوند بنیاتنراوە لەبار نەچێت و بەڵکو بەهێزتربێت، خەڵک لەسایەیدا هەست بە ئارامی دەرونی بکات. هەر درووست بوونی گۆڕانیش بۆ ئەوە بوو، وەبەشداری بزووتنەوەی گۆڕانیش لەم پێناوەدا بوو. بەڵام بەداخەوە هەتا ئەم ساتە لە پێناوی خۆیاندا کاردەکەن و گوێ بەهیچ نادەن. دەرنجامی ئەوەش دواهەڵبژاردن بوو لەساڵی ڕابردوو، کەس دەنگی نەدا، ئەوەش یەکێکە لەنشانەدیارەکانی بێزاری قوڵی خەڵک لەم سیستەمە سیاسەی هەیە.

لە کاتی نوسینی ئەم وتاردا، ئەو هێزانە لەبری خزمەتکردنی خەڵک و گوێگرتن بۆ داوا ڕەواکانی کوردستان و فراوانکردنی مەودای ئازاردی، کارکردن بۆ داد پەروەری و یەکڕیزی نەتەوەی کەوتونەتە شەڕی بەرژەوەندی حیزبی لەبەغدا، شەڕی بەرژەوەندیەکانی حیزب هێندە بەهێزە کەس بیر لەبەرژەوەندی نەتەوەی ناکاتەوە، پۆستێکی باڵای وڵات کە پۆستی سەرۆک کۆمارە، چ دێنێت کە نەتوانێ خزمەتی نەتەوەی بکات!  یەکێتی دەیەوێت وەک میرات ئەم پۆستە بەدەستبهێنتەوە، کە بەمافی خۆی دەزانێت، لەولاشەوە پارتی لە پێناوی سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا و وەک هێزێکی تاک پانتایی کوردستان داگیر بکات، ئەم کارەی ئەمڕۆ لەبەغدا کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک هەیە. زیاتر دەرفەتی ناڕەزای لە بەردەم خەڵکدا کردۆتەوە، لەکاتێکدا بەغدا بۆتە ناوەندی شەڕی بەرژەوەندی حیزبی بەڵام ئەو بەغدایە بۆ گەل دووژمنە.

لەکاتێکدا ئەم هێزانە ئامادەنین کە نەوتى کوردستان ڕادەستی بەغدای بکەن، بەڵام دێن لەسەر پۆستەکانی بەغدا شەڕ دەکەن و خەڵکی کوردستان دەکەنە قوربانی بەرژەوەندییە باڵاکانی حیزب، لەکاتێکدا پۆستەکانی بەغدا مووڵکی گەلی  کوردن نەک هی حیزب و کەسی.

 گرفتێکی تر بونی ئۆپۆزیسۆنی ساختەیە، خۆشی لەخۆی تێناگات، نازانێ ئۆپۆزسیۆنە یان لەدەسەڵاتە، دەمێک بانگەشەی پۆست دەمێک بانگەشەی چاکسازی دەکات، دەمێکیش وەک ئۆپۆزسیۆن بانگەواز دەکات، بەڵام لەقوڵای سەفەقاتی بازرگانی ڕۆچووە.

کۆمەڵگای کوردی توشی تەنگەژەی سیاسی قوڵی گەورەی ئیدارە و سیاسى بۆتەوە، پێویستی بەگۆڕانێکی گەورەی هەیە لەهەموو بوارەکاندا. والێک ترازاوە بەئەستەم چاک دەبێتەوە، بۆ چاک بونەوە دوو رێگای لەبەردەمیانداهەیە و زیاتر نییە، یەکەمیان بەخۆیان سەرانی ئەم حیزبانە قوربانی گەورە بەخۆیان بدەن کۆتای بەم ناکۆیە بێنن دەستبخەنە ناودەست ژیانی خەڵک چاک بکەن و ئازادی زیارتر بەخەڵک بدەن، داهات شەفاف بکەن بۆ ئەوەی بمێننەوە، ئەگەر ئەوە نەکەن رێگای دووەم کەڕێگای شۆڕش ئەوکات ئەوان لەناودەبات زووبێت یان درەنگ نمونەی زۆریش لەبەردەستە.

694 جار خوێندراوەتەوە